فۆتۆن
From Wikipedia, the free encyclopedia
فۆتۆن (بە ئینگلیزی: Photon) بچوک ترین یەکەی تیشکی کارۆموگناتیسیە کە خێراییەکەی لە بۆشاییدا یەکسانە بە خێرایی ڕووناکی. ھەر یەک لە شەپۆلی ڕادیۆیی، ڕووناکی، تیشکی ئێکس، و تیشکی گاما لە فۆتۆن پێک ھاتوونە. بارستایی وەستاوی فۆتۆن یەکسانە بە سفر. خێراییەکەی لە ناوەندێکەوە بۆ ناوەندێکی تر دەگۆڕێت.[1]
وەک گشت تەنۆلکە سەرەتاییە ناسراوەکانی تر، فۆتۆن لە ئێستادا بەجوانی لە لایەن یاساکانی کوانتەم میکانیکەوە ڕوون کراوەتەوە. فۆتۆن تایبەتمەندی دووانی ھەیە، واتا لە یەک کاتدا ھەم لەشێوەی تەنۆلکە خۆی دەنوێنێ و ھەم لە شێوەی شەپۆل. ھەڵبەت بە پێی درێژی شەپۆلی فۆتۆنەکە یەکێک لەم دوو تایبەتمەندیانە زاڵ تر دەبێ بەسەر ئەوەی تریاندا. بۆ نمونە فۆتۆنی ڕادیۆیی زیادتر تایبەتمەندی شەپۆلی بەسەر دا زاڵە و فۆتۆنی گاما تایبەتمەندی تەنۆلکەی زاڵ ترە.
فۆتۆن یەکەم جار لەلایەن ئەڵبێریت ئەنیشتاینەوە ناوی لێنراوە. ھەڵبەت ئەم زانایەش سودی لە دۆزینەوەکانی زانا ماکس پلانک وەرگرتوە کە چەند ساڵێک پێش ئەو نەگۆڕی پلانکی دۆزیەوە. ووزەی فوتۆنەکان بە ھۆی درێژی شەپۆلەکەیانەوە دیاری دەکرێت. ھەروەھا بە پێی ئەو ووزەیەی ھەیانە ئاستی تێپەڕبوونیان بە ناو ماددە دەگۆڕێت. بۆ نمونە تیشکی گامما زۆر بە ئاسانی دەتوانێت بە ناو دیوارێک دا تێپەڕ ببێت، بەڵام تیشکی ڕۆناکی بە ھۆی پەردەیەکەوە ڕێگری دەکرێ لە تێپەڕ بوونی.
تایبەتمەندیەکانی فۆتۆن ناکرێ بە ھیچ یاسایەکی کلاسیکی ڕاڤە بکرێت.[2]
بە پێچەوانەی مۆدێلی شەپۆلی ڕووناکی کە شێوەکەی یەکپارچە، لە مۆدێلی کوانتەمی دا بە شێوەی فۆتۆن ووزەکەی لە شێوەی پارچە پارچە تەفسیر دەکرێ. ھەر پارچەیەک بڕێکی دیاری کراوی ووزەی ھەیە و قابیلی پارچە بوونی نیە. ئەم مۆدێلە توانی بەسەرکەوتوویی تەفسیری تەنی ڕەش بکەت کە پێشتر یاساکانی فیزیای کلاسیک گەیشتبوونە بن بەست لە تەفسیر کردنی.