کۆنکۆرد
From Wikipedia, the free encyclopedia
کۆنکۆرد (بە ئینگلیزی: Concorde)، فڕۆکەیەکی نەفەرھەڵگری بەریتانی-فەڕەنسی بوو کە بە بزوێنەری سەروو خێراییی دەنگ کاری دەکرد و بەردەوام بوو لە کارکردن تا ساڵی ٢٠٠٣، ئەم فڕۆکەیە بە خێراترین فڕۆکە دادەنرێت کە خێرایییەکەی دەگەیشتە ٢١٨٠ کیلۆمەتر لە ھەر کاتژمێرێکدا (ئەم خێرایییەش دوو ھێندەی خێراییی دەنگە لە ھەوادا). ئەم فڕۆکەیە توانای ھەڵگرتنی ٩٢ تا ١٢٨ کەسی ھەیە، یەکەم فڕینیشی لە ساڵی ١٩٦٩ بوو، دواتر لە ساڵی ١٩٧٦ خرایە بواری خزمەتگوزاریەوە و بۆ ماوەی ٢٧ ساڵ بەردەوامبوو لە خزمەتگوزاری، ئەم فڕۆکەیە یەکێک بوو لەو دوو تەنھا فڕۆکانەی کە بە خێرایی سەروو خێراییی دەنگ کاریان دەکرد لە بواری بازرگانیدا (ئەویتریان فڕۆکەیەکی ڕووسی بوو بەناوی تۆپۆلیڤ TU-144 کە لە ساڵانی ١٩٧٧ تا ١٩٧٨ لە بواری فڕۆکەی نەفەر ھەڵگردا کاری دەکرد).
فڕۆکەی کۆنکۆرد ٢٠ دانەی لێ بەرھەمھێنراوە (کە ٦ دانەیان لەبواری بازرگانی بەکار نەھێنراون)، تێچووی ھەر دانەیەکیشیان لە ساڵی ١٩٧٧ نزیکەی ٢٣ میلیۆن پاوەنی بەریتانی بووە، ناوی کۆنکۆرد بە واتای "یەکگرتن" یاخود "گونجاندن" دێت، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەوەی کە ئەم فڕۆکەیە پڕۆژەیەکی ھاوبەشە لە نێوان فەڕەنسا و بەریتانیا.
لە ساڵی ٢٠٠٣ فڕۆکەی کۆنکۆرد لە بواری خزمەتگوزاری دوورخرایەوە، ئەویش ٣ ساڵ دوای ڕووداوەکەی هێڵی ئاسمانیی فەڕەنسی کە بە فڕۆکەی کۆنکۆرد بوو، کە لە ڕووداوەکە ھەموو سەرنشینەکانی ناو فڕۆکەکە گیانیان لەدەستدا. دواتریش دوای ڕووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەر و کۆتاییی ھاتنی بۆندی ئێرباس بۆ خزمەتگوزاریی کۆنکۆرد، ئەم فڕۆکەیە لە بواری بازرگانی کشایەوە.[1]