گەنمەشامی
From Wikipedia, the free encyclopedia
گەنمەشامی یان گوڵەپێغەمبەرە یەکێکە لەو دانەوێڵانەی کە بەشێوەیەکی بەربڵاو لە سەرتاسەری جیھان بۆ خواردن بەکاردێت بە تایبەتی لە ھیندستان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا. دانەوێڵەکان (Cereals) بەگشتی وەکو سەرچاوەیەکی ئاسان و ھەرزانی وزە سوودیان لێ وەردەگیرێت، ھەر ١٠٠ گرەمێکی زۆربەی دانەوێڵەکان نزیکەی ٣٣٠-٣٥٠ کالۆری بە لەش دەبەخشن، بۆ نموونە ١٠٠ گرەم گەنمەشامی نزیکەی ٣٤٢ کالۆری تێدایە. گەنمەشامی چەندین ڤیتامین لەخۆدەگرێت وەکوو: ڤیتامین A، ڤیتامین E، ڤیتامینەکانی B١، B٢، B٣، B٦، B٩ (فوولات). ھەروەھا گەلێک کانزای گرنگی تێدایە، لەمانە فۆسفۆر، مەگنیزیۆم، زینک، مس، ئاسن، پۆتاسیۆم و سیلینیۆم کە سیفەتی دژەئۆکسانی ھەیە. سوودە تەندروستییەکانی خواردنی گەنمەشامی بریتین لە: پاراستنی پێست لە نەخۆشی، یارمەتیدانی کۆئەندامی ھەرس بۆ ھەرسکردن و ھەڵمژینی خۆراک، پاراستنی تەندروستیی دەمارەخانەکان و فرمانەکانی کۆئەندامی دەمار، رێگرتن لە بەرزبوونەوەی ئاستی کۆلیستیرۆلی خوێن کە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی رەقبوونی خوێنبەرەکان و نەخۆشی دڵ زیاد دەکات.