پەپوولە
From Wikipedia, the free encyclopedia
پەپوولە، پەپریک، پەرپریک، پرپرۆک یان فەریفۆریا (بە ئینگلیزی: Butterfly) جۆرێکە لە مێروو. چەندین جۆری هەیە، هەریەک لەم جۆرانە خاوەن تایبەتمەندیی جیاوازن. پەپوولە هەراشەکان باڵی گەورەیان هەیە کە زۆرجار ڕەنگاوڕەنگن. فۆسیڵەکانی پەپوولە تەمەنیان دەگاتە ٥٦ ملیۆن ساڵ.
پەپوولە وەک مێرووەکانی دیکە، سووڕی ژیانی لە چوار قۆناغ پێکدێت. پەپولە هەراشە باڵدارەکان هێلکە لەسەر ئەو ڕووەکانە دادەنێن کە لێیاندەخۆن، کە دواتر دەبنە خۆراکی کرمۆکەکانیشیان. کرمۆکەکان گەشە دەکەن، هەندێک جار زۆر بە خێرایی، و کاتێک تەواو پەرەیان سەند، قۆزاخە درووست دەکەن. دواتر قۆزاخەکە دوو لەت دەبێ و مێرووە هەراشەکەی لەناو دێتە دەر. وە دوای ئەوەی باڵەکانی تەواو کرانەوە و وشکبوونەوە، دەست بە فڕین دەکات. هەندێک لە پەپوولەکان، بەتایبەتی ئەوانەی لە گەرمەسێر دەژین، چەند جارێک وەچە دەخەنەوە لە ساڵێک، بەڵام ئەوانەی دیکە تەنیا یەکجار وەچەدەخەنەوە. وە هەندێک جۆر لە پەپوولە لەوانەیە چەند سەڵێکیان پی بچێت بۆ ئەوەی سووڕی ژیانیان تەواو بکەن.
پەپوولە چەندین ڕێگا بۆ خۆلادان لە دڕندەکانی بەکاردەهێنێت، لەوانە: نیشاندانی ڕەنگی مەترسیدار، بەکارهێنانی دەوروبەر بۆ خۆشاردنەوە و لاساییکردنەوەی گیاندارە ژەهراوەییەکان. هەندێک جۆریان کۆچ دەکەن و ماوەی زۆر دوور دەبڕن. پەپوولەکان یەکێکن لە نێچیرەکانی بێبڕبڕەکان. هەندێک جۆری پەپوولە لەکاتی قۆناغی کرمۆکەییدا زیان بە دەغڵ ودان و دارەکان دەگەیەنن، هەندێکی دیکە ھەڵاڵەی ڕووەک دەگوازنەوە، کرمۆکەی هەندێک پەپوولەش مێرووی زیان بەخش دەخۆن.