چارڵز دیکنز
ڕەخنەگری کۆمەڵایەتی و نووسەری ئینگلیزی (١٨١٢-١٨٧٠) / From Wikipedia, the free encyclopedia
چارڵز دیکنز ( ٧ی شوباتی ١٨١٢–٩ی ئایاری ١٨٧٠) ناوی تەواوی چارڵز جۆن هوفام دیکنزە (بە ئینگلیزی: Charles John Huffam Dickens). ناسراوترین چیرۆکنووسی ئینگلیزە کە لە سەردەمی ڤیکتۆریادا ژیابێت، نازناوی بۆزی هەیە لە نووسینەکانیدا. نووسینەکانی تایبەتمەندییەکی تریان بەخشیوە بە وێژەی ئینگلیز.[1]
چارڵز دیکنز | |
---|---|
لەدایکبوون | چارڵز جۆوان ھاففام دیکێنز (١٨١٢-0٢-0٧) ٧ی شوباتی ١٨١٢ لاند پۆرت، ھەمپ شایێر، بەریتانیا |
مردن | ٩ی حوزەیرانی ١٨٧٠(١٨٧٠-٠٦-٠٩) (٥٨ ساڵ ژیاوە) ھایەم کێنت، بەریتانیا |
گۆڕ (گڵکۆ) | ، یان گۆشەی شاعیران Poets' Corner, Westminster Abbey |
پیشە | Writer |
نەتەوە | بەریتانی |
ھاووڵاتی | بەریتانی |
کارە بەرچاوەکان | The Pickwick Papers Oliver Twist A Christmas Carol David Copperfield Bleak House Hard Times Little Dorrit A Tale of Two Cities Great Expectations |
مناڵەکان | Charles Dickens, Jr. Mary Dickens Kate Perugini Walter Landor Dickens Francis Dickens Alfred D'Orsay Tennyson Dickens Sydney Smith Haldimand Dickens Henry Fielding Dickens Dora Annie Dickens Edward Dickens |
واژوو |
کارەکتەرەکانی بەشێکن لە ناسراوترین کارەکتەرە خەیاڵییەکانی جیهان، لەلایەن زۆرێک وەک مەزنترین ڕۆماننووسی سەردەمی ڤیکتۆریا بینراوە. ئەو کاتەی هێشتا لە ژیاندا بوو، بەرهەمەکانی ناوبانگێکی پێشبینینەکراویان بەدەست هێنا. لە سەدەی بیستدا لەلایەن زۆرێک لە توێژەر و ڕەخنەگرانەوە وەک بلیمەتێک لە بواری ئەدەبدا ناسێنرا. ڕۆمان و کورتە چیرۆکەکانی تا ئێستاش بە ڕێژەیەکی فراوان خوێنەریان هەیە.
دیکنز لە شاری پۆرتسمیت لەدایک بووە و وازی لە قوتابخانە هێنا بۆ ئەوەی کار لە کارگەیەکدا بکات، دوای ئەوەی باوکی بەهۆی قەرز کەوتە بەندیخانە.
سەرەڕای بێبەشبوونی لە خوێندنی فەرمی، بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ سەرنووسەری گۆڤارێکی هەفتانە بوو، ١٥ ڕۆمان، پێنج نۆڤلێت (کورتە ڕۆمان)، سەدان چیرۆکی کورت و وتاری واقیعئامێزی نووسی، هەروەها وتاردان و پێشکەشکردنی خوێندنەوەی بەردەوام، ئەو نووسەرێکی ماندوویینەناس بوو، بە سەختی داکۆکیی لە مافەکانی منداڵ، پەروەردە و چاکسازیی کۆمەڵایەتی دەکرد.
لە ساڵی ١٨٣٦سەرکەوتنە ئەدەبییەکانی دیکنز لەگەڵ بڵاوکردنەوەی زنجیرەی کاغەزەکانی پیکویک دەستیپێکرد.
لە چەند ساڵێکی کەمدا ئەو بوو بە ناودارێکی جیھانی لە بواری ئەدەبدا، ناسراو بوو بە گاڵتە، تەنز و ھەروەھا چاودێریکردنی وردی کەسایەتییەکان و کۆمەڵگا. ڕۆمانەکانی، کە زۆربەیان بە شێوەی مانگانە یان ھەفتانە بڵاودەکرانەوە، پێشەنگبوون لە زنجیرە چیرۆکی بڵاوکراوەی خەیاڵی، کە بووە شێوازی زاڵی بڵاوکردنەوەی ڕۆمان لە سەردەمی ڤیکتۆریادا.[1][2]
کۆتایییە چاوەڕواننەکراوەکانی زنجیرە بڵاوکراوەکانی خوێنەرانی لە چاوەڕوانیدا دەھێشتەوە. ئەم ئامرازی نووسینە ڕێگەی بە دیکنز دا تا کاردانەوەی خوێنەرەکانی ھەڵبسەنگێنێت، زۆرجاریش پلان و پەرەسەندنی کەسایەتی لەسەر بنەمای تێبینییەکان دەگۆڕی. بۆ نموونە، کاتێک پزیشکی ھاوسەرەکەی خەمی دەربارەی کارەکتەری خاتوون مۆوچێری دەیڤد کۆپەرفیڵد دەربڕی، کەوا دەردەکەوت کاریگەری لە لاوازی (بێتوانایی) ھاوسەرەکەی دەکرد، دیکنز پەرەی بە کارەکتەرەکەدا بە زیادکردنی لایەنی ئەرێنی. چیرۆکەکانی بە شێوەیەکی ورد داڕێژرابوون، و زۆرجار ڕووداوە ناوخۆیییەکانی دەکرد بە بەشێک لە چیرۆکەکانی.
جەماوەرە نەخوێندەوارە ھەژارەکان نیو پێنسیان تەرخاندەکرد بۆ ئەوەی زنجیرەی نوێی مانگانەیان بۆ بخوێندرێتەوە، کە ئەمەش ھانی کردنەوەی دەرگای بە ڕووی چینی نوێی خوێنەردا دەدا.[3]
نۆڤلێتی «سرودی کریسماسی» ساڵی ١٨٤٣ بە شێوەیەکی تایبەت بە بەناوبانگی دەمێنێتەوە و بە بەردەوامی بووە بە ئیلھامێک بۆ چەندین کاری ھونەری جیاواز. ئۆلیڤەر تویست و پێشبینیی مەزن بە بەردەوامی دەستکاری دەکرێن و بڵاو دەکرێنەوە، وەک زۆرێک لە ڕۆمانەکانی، باس لە ژیان لە لەندەن لە سەرەتای سەردەمی ڤیکتۆریا دەکەن. ڕۆمانی چیڕۆکی دوو شاری ساڵی ١٨٥٩(کە شوێنەکەی لە لەندەن و پاریسە) ناسراوترین کاری ئەفسانەی مێژوویییە. ناودارترین کەسایەتی سەردەمی خۆیەتی، ئەو دەستی بە زنجیرەیەک خوێندنەوەی گشتی کرد لەسەر داواکاری خوێنەرەکانی کە دواتر بوو بە بەشێک لە کارەکەی. دیکەنز لەلایەن زۆرێک لە نووسەرە ھاوەڵەکانی ستایش کراوە —ھەر لە لیۆ تۆلستۆیەوە بۆ جۆرج ئۆروێل، گی. کەی چێستەرتن و تۆم ۆلف — بۆ ڕاستەقینەخوازییەکەی، کۆمیدیا، شێوازی پەخشان نووسینی، ڕونکردنەوە بێھاوتاکانی، و ڕەخنەی کۆمەڵایەتی. لەگەڵ ئەوەشدا، ئۆسکار وایلد، ھێنری جەیمس، و ڤێرجینیا ۆلف ڕەخنەیان لە نەبوونی قووڵیی دەروونی، نووسینی شێواو و ناڕێک و ڕەگی سۆزئامێزی کرد. زاراوەی «دیکنزیی» بەکاردێت بۆ کە شتێک باس لە یادەوەری دیکنز و نووسینەکانی بکات، وەکو باری کۆمەڵایەتی ناھەموار یان کەسایەتی گاڵتەجاڕی نەویستراو.[4]