From Wikipedia, the free encyclopedia
ئاڵا خێزانییەکان بریتین لە کۆمەڵێک ئاڵای نیشتمانی کە لە شێواز و دیزاینەکەیاندا لێکچوونیان ھەیە، زۆرجار لەسەر بنەمای مێژوو، کلتوور یاخود کاریگەریی ھاوبەش دامەزراون. ئەو ئاڵا خێزانییانەی کە لێکچوونی ڕێککەوتیان ھەبێت، وەک ئاڵای خێزانێک ھەژمار ناکرێن. حەوت لەم ئاڵایانە (دانیمارک، فەرەنسا، ھۆڵەندا، ڕووسیا، تورکیا، بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا) ئیلھام بەخش بوون بۆ دیزاین و شێوازی زیاتر لە ١٣٠ ئاڵای ئێستا.[1]
ئاڵای خاچی مەسیحی، ئاڵا خاچ ھەڵگرەکان یان خاچە گەورەکانی نێوەندیی ئاڵاکان، بە کۆنترین بنەماڵەی ئاڵاکان دادەنرێن یەکەم ئاڵا کە وا دادەنرێت خاچێکی لەو شێوەیەی ھەبووبێت، ئاڵای پورتوگالە کە لە نزیک ساڵانی ١١٠٠ەکان دروست کراوە.[2] دیزاینی ئاڵای خاچی مەسیح، بووە باوترین دیزاین بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە سەرانسەری ئەورووپا بۆ چەند سەدەیەک.[3] ئاڵاکانی ئەم بنەماڵەیە جۆری جیاوازی خاچ بەکاردەھێنن، لەوانە خاچی لاتینی (†)، خاچی یۆنانی (✚)، و خاچی ماڵتایی (✠)، (خاچی ماڵتا لەسەر ئاڵای نیشتمانی ماڵتا دەرناکەوێت، تەنھا لەسەر ئاڵای مەدەنی بوونی ھەیە).
ئاڵاکان لە خێزانی خاچی نۆردیک تایبەتمەندی جۆرێکی خاچە، کە پانتایییەکەی بەسەر ئاڵاکەدا درێژ دەبێتەوە، لەگەڵ جۆرێکی دیزاینی خاچ کە نوێنەرایەتی ئایینی مەسیحی دەکات؛[4][5][6] دانیمارک یەکەم وڵات بوو کە ئەم دیزاینەی لە سەدەی ١٤دا بەکارھێنا. ھەروەھا وەک کۆنترین ئاڵای نیشتمانی لە مێژوودا دادەندرێت کە تاوەکو ئێستا بەکاردەھێندرێت،[7] ئاڵای دانیمارک بووە ئیلھامبەخشی ئاڵای وڵاتەکانی تری نۆردیک. گرینلەند تاکە وڵاتی نۆردیکە کە خاچی باکوور بەکارناھێنێت لە ئاڵاکەیدا.[8]
ئاڵای مانگی ھیلال، لە سەدەی چواردەھەمەوە لە ناوچەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوین و باکووری ئەفریقا بەکارھێنراوە.[9] ئەم شێوازە زۆرجار ھیلالێکی سپییە کە بەرەو سەرەوە کراوەتەوە لەسەر پانتایییەکی ڕەنگکراو. لە ماوەی سەدەی نۆزدەھەمدا کە ئاڵا نیشتمانییەکان باو بوون، ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی تاکە دەوڵەتی موسڵمان بوو،[10] کە ئاڵاکەی دیزاینی ھیلالی تێدابێت، و ئەم شێوازە بۆ ھەموو گەلانی دیکەی موسڵمان بڵاو بووەوە و دووبارە بەکارھێنرایەوە،[3] ھەروەھا زۆربەی ئاڵاکانی مانگی ھیلال، ئەستێرەیەک یان چەند ئەستێرەیەک لە پاڵیدا لەخۆ دەگرن.[11]
لەگەڵ فراوانبوونی ئیمپراتۆریەتیی بەریتانی، لە سەردەمی کۆلۆنیالیزم، بەکارھێنانی ئاڵاکە لە زیادبووندا بوو، بەشێوەی دانانی ئاڵای فەرمیی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا لە سووچێکی سەرەوەی ئاڵای وڵاتی داگیرکراو، کە بەزۆری بۆ ئاڵا داگیر کراوەکان ڕەنگی شین بەکار دەھات.[3][12]
ئاڵای خێزانی ئەستێرە و ھێڵەکان، لە ئاڵایەکی ھێڵکاری یەک لە دوای یەک پێکھاتووە کە پانتایییەکی چوارگۆشە یان لاکێشە لە سوچی سەرەوەی لای ڕاستیدا بوونی ھەیە. وەشانە سەرەتایییەکانی ئاڵای ئەمریکا لەسەر بنەمای ئاڵای کۆلۆنییەکانیی بەریتانیا بوو، کە ئاڵای شانشینی بەریتانیای لە سوچی سەرەوەیدا لەخۆ گرتبوو.[13] یەکەم نەتەوە کە ئاڵایەکی ھاوشێوەی گرتەبەر شانشینی ھاوایی بوو،[14] و زۆرێک لە نەتەوەکانی دیکە کە دەیانویست بیرۆکەی ئازادی و دیموکراسی دەرببڕن، ھەمان شێوە ئاڵایان بەکار ھێنایەوە.[3]
ڕەنگی ھۆڵەندی و پان-سلاڤی خێزانێکی ترە لە خێزانی ئاڵاکان، بەزۆری ھێڵی سوور و سپی و شینیان ھەیە، کە ئیلھامیان لە ئاڵای ھۆڵەندی و دواتر ڕووسیا وەرگرتووە. ئاڵای ھۆڵەندا، ئەم ھێڵە ڕەنگەکانی پرتەقاڵی و سپی و شین بوون کە بووە یەکەم ئاڵای ھۆڵەندا لە مێژوودا.[15] لە سەدەی ١٧دا ڕەنگە پرتەقاڵییەکە بۆ ڕەنگی سوور گۆڕدرا.[16] ئیمپراتۆر پیتەری گەورە، بە شێوەیەکی کەسی، ئاڵای ڕووسیای دیزاین کردووە بە سوود وەرگرتن لە شێواز و ڕەنگەکانی ئاڵای ھۆڵەندا.[17] لە بەرامبەردا ئاڵای ڕووسیا ئیلھامبەخش بوو بۆ زۆرێک لە ئاڵای وڵاتانی ناوچە سلاڤییەکان؛ کە زۆربەیان ڕەنگی سپی و شین و سووریان بەکار دەھێنایەوە ھاوشێوەی ڕووسیا، بەڵام تەنیا بولگاریا ھێڵە شینەکەی لە ئاڵای ڕووسیادا گۆڕی بۆ ھێڵێکی سەوز.[18]
خێزانی ئاڵای پان عەرەبی کۆمەڵێک ئاڵایە کە سێ یان چوار لە ڕەنگەکانی سوور، ڕەش، سپی و سەوزیان تێدایە. ئاڵاکان سێ ھێڵی ئاسۆیییان ھەیە، زۆرجار لە ناوەڕاستدا نیشانەیەک یان دروشمێک بوونی ھەیە. بەپێی لێکۆڵینەوەی مێژوونووسان و ژینناسانی پەیامبەر محەممەد، پەیامبەر ھەم ئاڵای سپی و ھەمیش ئاڵای ڕەشی بەکارھێناوە.[19] ھەر ڕەنگێکی ئاڵای پان-عەرەبی پەیوەستە بە خەلافەتێکی ئیسلامەوە. ئاڵای سپی و ڕەش لەلایەن خەلافەتی ئومەوی و عەباسی بە ڕێککەوت بەکاردەھێنرا.[20] ھەرچەندە سەوز زۆرجار لەلایەن سەرچاوەکانەوە وەک ڕەنگی شانشینی فاتمییەکان دەناسرێتەوە،[21][22][23] بەڵام ھێشتا گومانی لەسەرە و ڕەنگی بەکارھێندراوی فاتمییەکان سپی بووە.[24][25][26] ئێستاش سەوز بە ڕەنگی ئیسلام دادەنرێت.[21] سووریش ڕەنگی ھاشمییەکان بووە.[20]
ئێران لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەھەمدا ئاڵایەکی بە ھێڵی سەوز و سپی و سوور بۆخۆی دیزاین کرد،[27] لەو کاتەوە ئاڵاکە گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە، بەڵام سێ ھێڵەکەی ھەروەک خۆی ماونەتەوە. کاتێک کۆماری نوێی تاجیکستان سەربەخۆیی بەدەست ھێنا، ئاڵاکەی لە وەشانی سۆڤییەتی پێشووی خۆی گۆڕی، و ھاوشێوەی ئاڵاکەی ئێران بە شێوازێکی تر، ئاڵای نوێی دامەزراند.[28] ئاڵای کوردستان بۆ ناوچەیەکی کولتووریی و مێژوویی بەکاردێت، ھەروەھا بە ھەمان خێزانی ئێرانییەکان دادەنرێت، و ئاڵاکە نزیکە لە ئاڵا پان ئێرانیزمەکان بەڵام بەپێچەوانەی ئاڵای ئێران، سوور لەسەرەوەیە و سەوز چووەتە ژێرەوە، ئەوەش وەک ڕێزێک بۆ خوێنی شەھیدان و قوربانیانی خاکەکە، کە ڕەنگی سوور ھێمایە بۆ خوێنی شەھیدان و تێکۆشەرانی ئازادی. بەفەرمی لە ھەرێمی کوردستان بەکاردێت.[29][30]
نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٤٧دا ئاڵا و دروشمی خۆی پەسەند کرد.[31] ئاڵاکە بۆ نوێنەرایەتی بێلایەنی و ھاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان دروست کرا، بۆیە زۆرجار ئاڵاکە یان بەکارھێنانەوەی دیزاینی ئاڵاکە، بۆ ئەو ناوچانە دادەندرێت کە لە حاڵەتی ململانێ یان ناسەقامگیریدان. یەکەم ئاڵای نەتەوەیی لەم جۆرە ئاڵای ئێریتریا بوو لە ساڵی ١٩٥٢ تا ١٩٦٢ کە ھێمای ئاشتی بوو لە نێوان مەسیحییەکان و موسڵمانەکان.[3] ئاڵای نیشتمانی ئێریتریا ئێستا کە لە ساڵی ١٩٩٣ پەسەند کراوە، کەمتر لە شینەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان تێدایە، بەڵام ھێشتا لقە زەیتونەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی تێدا دەردەکەوێت.[32] ئاڵای قوبرس کە لە ساڵی ١٩٦٠ پەسەند کراوە، ھیچ شینێکی نەتەوە یەکگرتووەکانی تێدا نییە، بەڵام تاجە گوڵینەی لۆریل و نەخشەی دوورگەی قوبرس لەخۆدەگرێت.[33] دیزاینی زۆربەی ئاڵا نیشتمانییەکانی تر کە لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئیلھامیان وەرگرتووە، ئاڵای خاکە متمانەپێکراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بوون، کە دواتر بوون بە ناوەند و وڵاتیی سەربەخۆ. لەوانەش ئاڵای دوورگەکانی زەریای ھێمن.[34]
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.