برادۆست (چیا)
From Wikipedia, the free encyclopedia
چیای برادۆست کەوتووەتە باکووری شاری ھەولێر لە نزیک ڕەواندز و سۆران (دیانا). سەرەتاکەی لێواری ڕۆژاوای خەرەندی ڕەواندز ناسراو بە (گەلی عەلی بەگ) پێک دێنێت و بە ناواخین ناو دەبرێت لە بەرامبەر چیای کۆڕەک و ترۆپکە بەرزەکەی پێی دەگوترێت گۆڕەز کە (٢٠٥٨)مەتر بەرزە، ناوی گۆڕەز بە گشتی چیاکەش دەگوترێت.[1]
ئەم چیایە بەشی ڕۆژاوای ناوچەکە پێکدێنێت، درێژبوونەوەی چیای برادۆست (٢٠٥٨) مەتر دەبێ، لە باشووری ڕووباری ڕەواندز درێژییەکەی دەگاتە ١٥٩٦ مەتر، بەشەکانی ڕۆژاوای چیاکە لیژایەکەی بەھێزە بە بەراورد لەگەل بەشەکانی تری، بەشێک لە دۆلەکە ھەندێک لە ڕوباری ڕەواندز پێکدەھێنێت. قەتپاڵی ڕۆژئاوای لیژییەکەی بەھێزە کە دەڕوانێت بەسەر رڕوباری ڕەواندز لیژایی دەگاتە ٦٠٪، بەشەکانی ڕۆژھەلات لێژایی کەمترە بەبەراورد لەگەڵ بەشەکانی تر، و دەڕوانێت بەسەر ڕووباری بالەکیان کە تێکڕای لیژییەکەی دەگاتە. سەرەکەی تری دەگاتەوە چیای پیرەفات لە سنووری قەزای مێرگەسۆر. کۆنترین دەشکەوتی جیھان لە چیای برادۆست ھەڵدەکەوێ و بە دەشکەوتی شانەدەر[2] دەناسرێت. لەم ئەشکەوتەدا ئێسک و پروسکی نێژراوی یەکەم مرۆڤی نیاندەرتاڵ دۆزراوەتەوە کە تەمەنی بە گوێرەی لێکۆلینەوەکانی ڕالف سولکی لە زانکۆی کۆلۆمبیای ئەمریکایی (١٩٥١–١٩٦١) دەگەڕێتەوە بۆ ٦٠ تا ٨٠ ھەزار ساڵ.
ناوی چیای برادۆست لە ناوی ھۆزی ناسراوی برادۆستەوە ھاتووە؛ بەڵام مێژووی ناونانی دیارنییە. بە گوێرەی ھەندێک سەرچاوەی زارەکی مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژگاری پاشا کۆرەی ڕەواندز (١٨٢٠–١٨٤٥) و شەڕی سەختی لە دژی میرانی برادۆست لە سیدەکان. گرنگترین گوندەکانی بناری چیای برادۆست: گوندی بالەکیان و ھاودیانن. ڕێگەی خەلان -سارداو لە ڕێگە گرنگەکانە کە قەدی ناوەندی چیای برادۆست دەبڕێت و دیوی ھاودیان بە دیوی زێ (خەلان) دەگەیەنێت.