توندوتیژی دژی ژنان
From Wikipedia, the free encyclopedia
توندوتیژی دژی ژن یان توندوتیژی ڕەگەزیی بریتییە لەو کردە توندوتیژییانەی بە شێوەیەکی سەرەکی دژی ژنان و کچان ئەنجام دەدرێت و ئەم جۆرە توندوتیژییانە بە جۆرێک لە جۆرەکانی تاوانی کینەیی دادەنرێت[1] کاتێک بە تایبەتی ئاراستەی ژنان و کچان دەکرێت لەبەر ئەوەی کە رەگەزی مێن. توندوتیژییەکانی دژی ژن مێژوویەکی دوورودرێژی ھەیە، ڕووداو و ڕادەی توندێتی کردەکان لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی تر و لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تریش دەگۆردرێت. ئەم کردە توندوتیژییە بە ڕێکار و شێوازێکی چەوساندنەوە و داپلۆسینی ژن دادەنرێت چ لە کۆمەڵگە یان پەیوەندی تاکەکەسی دا بێت و دەکرێت ھۆکارەکەی بگەرێتەوە بۆ ھەستی (خاوەندارێتی، باڵادەستی، سروشتێکی دەروونی توندوتیژانە و کینەیەکی زکماکی) بەرامبەر بە ژن لەلایەن کەسی توندوتیژەوە.
بەشی دەستپێکی ئەم وتارە لەوانەیە زۆر درێژ بێت. |
ڕاگەیاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی نەھێشتنی توندوتیژی دژی ژنان دەڵێت "توندوتیژی دژی ژنان بریتییە لە بەرجەستەبوونی پەیوەندییە مێژوویە نایەکسانەکانی نێوان ژن و پیاو وە توندوتیژی دژی ژنان یەکێکە لە رێکار و شێوازە سەرەکییەکان کە ژنان بەزۆر و ناچاری دەخرێنە ئاستێکی نزمتر و کەمتر بە بەراورد بە پیاوان."[2] سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆفی ئەنان لە ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠٠٦ کە لە ئابوونەی پەرەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان بڵاوکرابۆوە ڕایگەیاند: توندوتیژی دژی ژنان و ژنان کێشیەکی گشتگیرە و لە جیھان دا بەلایەنی کەمەوە ھەموو سێ ژنێک دانەیەکیان ڕووبەڕووی لێدان، سێکسی زۆرەملێ یان دەستدرێژی بۆتەوە لە خاڵێک لە خاڵەکانی ژیانی دا کە زۆرجار کەسی دەستدرێژیکەر کەسێکی ناسراوی ژیانی ژنەکە بووە.[3]
توندوتیژی دژی ژنان دەچێتە خانەی چەند پۆل و بوارێکەوە وە توندوتیژی لەلایەن تاکەکەس و دەوڵەتیشەوە ئەنجام دەدرێت. ھەندێک لە جۆرەکان کە لەلایەن تاکەکەسەوە ئەنجام دەدرێت (لاقەکردن، توندوتیژی خێزانی، دەستدرێژی سێکسی، منداڵخستنەوەی زۆرمڵێ، کوشتنی کچە ساواکان، دیاریکردنی ڕەگەز پێش لەدایکبوون و توندوتیژی پێش لە دایکبوون) و ھەروەھا کردە باو و نەریتییەکان وەک (کوشتن لەسەر نامووس، توندوتیژی لە کاتی دەستگیرانی دا، خەتەنەکردنی ژنان، ھاوسەرگیری لەڕێی فڕاندن و ھاوسەرگیری زۆرەملێ). ئەو توندوتیژییانەی لەلایەن ھەندێک لە دەوڵەتانەوە ئەنجام دەدرێت (لاقەکردن لە کاتی جەنگ دا، توندوتیژی سێکسی و کۆیلەکردنی سێکسی لە کاتی ناکۆکییەکان دا، نەزۆک کردنی زۆرەملێ، منداڵ لەباربردنی زۆرەملێ، توندوتیژی لەلایەن پۆلیس یان کەسانی دەسەڵاتدار، بەردبەباران کردن و بەقامچی لێدان) و چەند شێوەیەکی تری توندوتیژی وەک بازرگانی کردن بە ژنان و لەش فرۆشی زۆرەملێ کە ڕێکخراوە لەلایەن تۆرە تاوانکارییەکانەوە.[4]
ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی (World Health Organization - WHO) لە لێکۆڵینەوەکانی دەربارەی توندوتیژی دژی ژنان ھەستاوە بە ھەڵسەنگاندن و پۆلێن کردنی شێوازە جیاوازەکانی توندوتیژییەکە کە ڕوودەدات بە درێژای قۆناغەکانی ژیانی ژنان لە پێش لە دایکبوونییەوە تا تەمەنی پیری.[5]