ساکورا
جۆرە گوڵێکی ژاپۆنییە / From Wikipedia, the free encyclopedia
ساکورا یان گوڵی گێلاس (بە ئینگلیزی: Sakura، بە ژاپۆنی :さくら) لە سروشتدا ساکوراکان ھەم لە شێوەی خۆگەڕدا و ھەم لە شێوەی کشتوکاڵی دا بوونیان ھەیە. زۆربەی جۆرەکانی درەختی ساکورا کە دەچێنرێن ساکورای ڕازاوەن. ساکورای ڕازاوە لە ڕووی جوانی گوڵەوە کوالێتی بەرزە، بەڵام گوڵەکانی بەزۆری گەشە ناکەن و دەبنە گێلاس یان ئەگەر گەشە بکەن، بەو کوالیتییە نین کە پێویستە بۆ ئەوەی بخرێنە بازاڕەوە.[1][2] جگە لە چاندنی ئەم درەختە بۆ چێژوەرگرتن لە جوانییەکەی، لە کۆنەوە تا ئێستا جگە لە میوە، گوڵ و گەڵاکانی ساکوراش وەک خواردن بەکاردەھێنرێن. تەمەنی درەختی ساکورا زۆر درێژە، تەمەنی تاکە دارێکی بە ناوی جیندای-زاکورا لە پارێزگای یاماناشی بە نزیکەی ٢٠٠٠ ساڵ دەخەمڵێندرێت.[3] ژاپۆنییەکان لە مێژە گرنگییەکی تایبەتیان بە گوڵی گێلاس و سەیرکردنی داوە و بە ئاڵای ھەموو گوڵەکانی دەزانن. بە شێوەیەکی نەریتی گوڵی گێلاس بە گوڵی نەتەوەیی ژاپۆن دادەنرێت و لە شیعر و ئەدەبیاتی ئەم وڵاتەدا جێگەی تایبەتی ھەیە. ژاپۆن دەوڵەمەندترین وڵاتی جیھانە لە ڕووی ژمارە و جۆراوجۆری درەختی گێلاسەوە. ئەمڕۆ لەم وڵاتەدا کۆی جۆر و ڕەگەزەکانی ساکورا گەیشتووەتە نزیکەی ٦٠٠ جۆر.[4][5][6]