سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
From Wikipedia, the free encyclopedia
بەو کەسە دەوترێت کە دەبێتە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماوەی چوار ساڵ. خاوەنداری ئەو پۆستە بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان ھەڵدەبژێردرێت. ئەرکی نوێنەرایەتیی پەرلەمان و جێبەجێ کردنی یاسا و پەیڕەوی ناوخۆ و بڕیارەکانی پەرلەمانە. لە ئێستادا ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانە.[1][2] جەوھەر نامیق لە ساڵی ١٩٩٢دا بە یەکەمین سەرۆکی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان ھەڵبژێردرا،[3] کە ھاوکات یەکەم خولی پەرلەمانیش بوو، بەڵام دواتر بەھۆی شەڕی ناوخۆ پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٤ پەکی کەوت ھەتا ٢٠٠٢. دواتر سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دابەش بوو، ماوەی سەرۆکایەتیی ئەم خولەی پەرلەمان ٣ مانگ بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ڕۆژ نوری شاوێس و ٢ مانگیش بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی کەمال فوئاد دیاری کرا، بەڵام بە گشتی ئەم خولە درێژەپێدەری خولی یەکەمی ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩٢ بوو. ڤالا فەرید یەکەم ژن بوو کە بووەتە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، کە لە ماوەی ١٨ی شوباتی ٢٠١٩ تاکوو ١١ی تەممووزی ٢٠١٩ لەو پۆستەدابوو بە شێوەیەکی کاتی.[4] ئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پەرلەمان لە مادەی ١٨ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی پێ کراوە.[5][6]
سەرۆکی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان | |
---|---|
بارەگا | ھەولێر، ھەرێمی کوردستان |
ناونەر | سەرۆکی ھەرێمی کوردستان |
دەستنیشانکەر | پەرلەمانی کوردستان |
ماوەی پایە | ٤ ساڵ، نوێدەکرێتەوە |
خاوەن پایەی دەستپێک | جەوھەر نامیق |
دامەزراندنی پایە | ١٩٩٢ (دیفاکتۆ) ٤ی حوزەیرانی ٢٠٠٥ (یاسایی) |