شاعیر و نوسەری کورد From Wikipedia, the free encyclopedia
عەبدوڵڵا پەشێو (لەدایکبووی ١٩٤٦) شاعیرێکی کوردە.
ئەم وتارە لەوانەیە پێویستی بە خاوێنکردن ھەبێت تا بگات بە شێوازی ستانداردی نووسین. |
عەبدوڵڵا پەشێو | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٩٤٦ (تەمەن ٧٧–٧٨) |
نەتەوە | کورد |
ناوەکانی تر | عەبدوڵڵا عومەر |
پەروەردە | دکتۆرا لە ئەدەبیات |
پیشە | شاعیری کورد |
چالاکبوون | ١٩٦٣ - تاوەکوو ئێستا |
وێبگە | http://www.pashew.com |
بەھۆی دژایەتیی ڕەخنەگرانەیەوە لە دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەک شاعیرێکی سیاسیش دەرکەوتووە و بە شێعر و دەربڕین کەموکوڕییەکانی کۆمەڵگە و سیاسەتی کوردیی داوەتە بەر ڕەخنە و بە شێوازی شیعر گوزارشتی لە بیر و بۆچوونەکانی کردووە.
پەشێو ساڵی ١٩٤٦ لە بنەماڵەیەکی ئایینی و لە گوندی "بێرکۆت"ی نزیک شاری ھەولێر لەدایک بووە (ئەو گوندە ئێستا بووەتە بەشێک لە شاری ھەولێر). باوکی مەلای گوندەکە بووە، بەڵام بەھۆی نەخۆشی شێرپەنجە ھەر زوو ماڵاوایی لە دنیا دەکا، پەشێو دەڵێ: "مامەکانم ھانیان دام بچمە بەر خوێندن، یەکەم جار چوومە قوتابخانەی "خالیدیە بە عەرەبی دەمخوێند". ساڵی ١٩٦١ بۆ یەکەمجار دەست دەکا بە شیعر نووسین و یەکەم شیعری لە ھەفتەنامەی "ھەولێر"دا بڵاو دەکاتەوە. دوابەدوای ئەوە خوێندنی ناوەندی و دواناوەندی ھەر لە ھەولێر تەواو دەکا. ساڵی ١٩٦٣ پەیوەندی دەکا بە یەکێتی قوتابیانی کوردستان و لە نێوەڕاستی شەستەکان بەولاوە دەبێتە بەرپرسی قوتابیان و کادیرێکی پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھەر لەو ساڵانەدا دەست دەکا بە بڵاوکردنەوەی شیعرەکانی و لە ڕۆژنامەی "الاخبار – دەنگ و باس" شیعر بڵاو دەکاتەوە ئەم ڕۆژنامەیە ئەودەم ھەفتانە لاپەڕەیەکی بۆ کوردی تەرخان کردبوو. ساڵی ١٩٦٧ بۆ یەکەم جار لە بەغداد ئاشنایەتی لەگەڵ شێرکۆ بێکەسی شاعیر پەیدا دەکا و ھەر ئەو کاتەش "بتی شکاو"ی بە چاپ گەیاندبوو، ھەر لەو ساڵەدا بە یەکجاری واز لە حیزبایەتی دێنێت و بڕیار دەدا خزمەتی بیری "سەربەخۆیی خوازی" بکا. ساڵی ١٩٧٠ لە دامەزراندنی یەکێتی نووسەرانی کورد لە بەغداد بەشداری کردووە. ساڵی ١٩٧١ بۆ ماوەی یەک ساڵ لە گوندی "کەنداڵ"ی دەشتی ھەولێر دەبێ بە مامۆستا. کۆتایی ئابی ١٩٧٣دا، بەھەوڵی چەند کەسایەتییەکی دیاری کوردستان، بەتایبەتیش سەرۆکی ئەوسای یەکێتیی نووسەرانی کورد، سەیدا ساڵح یووسفی، زەمانەی خوێندن لە یەکێتی سۆڤیەتی جاران وەردەگرێ و ئیدی بەرەو وڵاتی پوشکین و گۆگل و تۆلستۆی دەڕوا. ساڵی ١٩٧٩ ماجستێری وەرگێڕانی ڕووسی و ئینگلیزیی لە زانکۆی Maurice Thorez لە مۆسکۆ وەرگرت. ھەر ئەو کاتەی لە دەرەوەی وڵاتدا دەبێ کۆمەڵە شیعری "شەو نییە خەونتان پێوە نەبینم" لە ڕێی کاک محەممەدی مەلا کەریم ساڵی ١٩٨٠ لە بەغدا چاپ و بڵاو دەکاتەوە. ساڵی ١٩٨٤ دوکتۆرای ئەدەبییاتی وەرگرت کە تێزەکەی لەسەر شاعیر و نووسەری گەورەی کورد پیرەمێرد بووە. ساڵەکانی ١٩٨٥ تا ١٩٩٠ لە زانکۆی ئەلفاتیح (بە عەرەبی: جامعة طرابلس) لە لیبیا مامۆستا بوو. پەشێو لە ١٩٩٥ەوە دانیشتووی شاری ھێلسینکی وڵاتی فینلاندە. پەشێو جگە لە زمانی کوردی و عەرەبی، زمانی ڕووسی، ئینگلیزی و ئالمانی زۆر باش دەزانێ و وەرگێڕدراوەکانی لەسەر پووشکین و ویتمەن بەڵگەی لێھاتوویی و بەتوانایی پەشێو نیشان دەدا لە وەرگێڕاندا.[1][2]
پەشێو یەکەم ھۆنراوەی لە ١٩٦٣ و یەکەم کۆمەڵە شیعری لە ١٩٦٧ بڵاو کردوەتەوە.
پەشێو ھەروەھا بەرھەمەکانی چەندین نووسەر و شاعیری گەورەی جیھان وەک واڵت ویتمەن و پووشکین وەرگەڕاندوەتە سەر زمانی کوردی.
بەشێک لە شێعرەکانی وەرگێڕانی پووشکینی لەم کتێبەدا بڵاو کردۆتەوە:
پڕۆفسۆر دوکتورمارف خەزنەدار (وێژەوان): زستانی باکوور بێ بەفر نابێ، کوردستانی ئێمە بێ گوڵ نابێ، پەشێوی شاعیریش بێ شێعر نابێ. پەشێو توانیویەتی تۆزێ وردەکاریی ڕۆمانتیکی، ھەندێ شیکردنەوەی سایکۆلۆژی، بڕێک وردبوونەوە و سەرنجدان لە تەنگوچەڵەمەی ژیان و دڵداری و بزووتنەوەی نەتەوایەتی بکا بە ھەوێنی شێعرەکانی.[3]
شێرکۆ بێکەس (شاعیر): عەبدوڵلا پەشێو یەکێکە لە شاعیرە دیارەکانی کورد، ھاوتەمەن و ھاوجیلی یەکترین. پەشێو خۆی بە خۆی تەئسیرێکی گەورەی کردە سەر بەشێک لە شاعیران و بەھرەدارانی شاری ھەولێر. دیوانەکانی دواییشی تا ئەوەی ئاخر کە من دیومە، ھیچ وەختێک خاڵی نەبووە لە نما و جووڵەی جوانی شیعری کوردی.
پڕۆفسۆر شوکریە ڕەسووڵ: جگە لەوەی خەڵکی شاری ھەولێرە، بەڵام لە ڕاستیدا پەشێو شاعیرێکی کوردستانییە. ڕاستە پەشێو پەیوەندی بە ھیچ حیزبێکی کوردستانییەوە نییە، بەڵام خوێنی کوردە و عەقڵی کوردە و ھەڵوێستەکانی کوردە. باشترین بەڵگەشم بۆ ئەوە ھەر چەندە ژنێکی ڕووسی ھەیە، وەکوو بیستوومە لای کەسوکاری، فێری کوردییەکی جوانی کردووە و منداڵەکانی فێری کوردی کردووە ئەوەش دەلالەتی کوردایەتی پەشێوە.
کەریم دەشتی (شاعیر): پەشێو ڕۆڵی گاندی بینی لە بەنرخ کردنی خۆی و دەنگی ئەراگۆنی نواند لە بانگەشەی ئازادی و ڕۆڵی «ئێلیۆت»ی بینی لە تازە کردنەوەدا!
سەلاحەددین ئاشتی (نووسەر): عەبدوڵڵا پەشێو شاعیری بۆنەیەکی تایبەت نییە، بەڵکوو شاعیری گەل و نیشتمانەکەیەتی، توانیویەتی لەنێو دڵی کۆمەڵانی خەڵکدا جێی خۆی بکاتەوە.
ئیسماعیل بەرزنجی (شاعیر و ڕۆژنامەنووس): پەشێو یەکێک لەو کەسانەیە بۆ ئێمەی ھەولێری، مۆسیقا و جۆش و خرۆشی لە لا دروست کردووین، خۆشەویستی کچ و جوانی ژن و شاخ و گوڵ و فێری کوردایەتی و دروست بوونی ھەڵوێستی کردووین، من دەڵێم پەشێو یەکسانە بە ھەولێر.
ئەنوەر مەسیفی (شاعیر): ئێمەی نەوەی دوای پەشێو بە شانازییەوە تەماشای شیعرەکانی دەکەین، ھەندێ جاریش من خۆم شیعرەکانی دەخوێنمەوە و ناتوانم ئەو جۆرە شیعرانە بنووسم، پەشێو یەکێکە لەو شاعیرە تاک و تەرایانەی کە وەکوو شاعیرێکی جەماوەردۆست خۆی لە کتابی شیعری جەماوەر نووسی، ئەگەر مۆزەیەکی مەڕمەڕی بۆ شاعیرانی کورد دروست بکرێ، دەبێ پەیکەری پەشێویش ھەبێ وەک چۆن بۆ نالی و بابا تاھیر و… ھتد دەبێ ھەبن.
فوئاد محەممەد ئەمین (چیڕۆکنووس): عەبدوڵڵا پەشێو ئەو نەفەسە درێژەیە کە توانی کردار و شیعر ئاوێتەی یەکتر بکا و بەو دەنگە نێرە و بەو وشە جوانانە و بەو تەعبیرە قووڵانەوە شیعر بگەیەنێتە نێو ھەموو ماڵێکی کوردەوە، شیعری کرد بە چەکێکی بەرگری لە بەرامبەر داگیرکەرانی کورد و وای لە دەسەڵاتدارانی کوردی کرد کە شیعری ئەم شیعرێکی خۆفرۆش و تاس و لووس نییە خۆی جوان کا لە بەردەمیاندا و خۆی ئارایشت بکا تاکوو شوێنێک یا جێگایەکی بدەنێ و لێی بحەسێتەوە، پەشێو کە لە نامۆیی و ھەندەرانیش بووە، خاک و ئەشکەوتەکانی کوردستان و پیرێژنەکانی کۆڵانەکانی ھەولێر و کەرکووکی لە بیر نەچووە، بەڵێ پەشێو، پەشێو نییە بۆ پارە. پەشێو نییە بۆ برسێتی، بەڵکوو پەشێوە بۆ خاک و ئاو و سەربەخۆیی کورد.[4]
ئەو شیعرانەی عەبدوڵڵا پەشێو کرانە بەرھەمی گۆرانی ئەمانەن لەگەڵ ئەو ھونەرمەندەی وتوویەتی
http://www.pashew.com/web_documents/kobane_pdf.pdf
ئەم مانیفێسە وەرگێڕدرا سەر زمانانی تریش. مانیفێستی کۆبانێ بە زمانی فارسی لەم لینکەدا ببیینن:
https://web.archive.org/web/20170915204120/http://www.nnsroj.com/fa/detiles.aspx?id=7860&ID_map=28
عەفرینگراد
ھەروەھا لە گەرمەی بەرخودانی مێژوویی عەفرینیشدا شێعرێکی لە ژێر ناوی عەفرینگراد بڵاو کردەوە.
دەقی شێعری عەفرینگراد:
https://web.archive.org/web/20180403191747/http://www.pashew.com/web_documents/1518755252300771.pdf
دەقی شێعری عەفرینگراد بە دەنگی پەشێو:
زمان و دەربڕین: پەشێو ھەر لە سەرەتای نووسیندا وەک مرۆڤێکی ڕۆشنبیر و پێگەیشتوو و ھەست کردنی بە دابڕانی نەتەوەکەی لە بواری فیکریی و ھونەریی و کاریگەریی ڕوانگییەکان ھەوڵیداوە بە زمانێکی کوردیی پەتی و ڕەوان شیعر بنووسێت.[8] ئەگەر سەیری شێوازی ڕێنووسی کوردییەکەشی بکەین، دەبینین ڕێنووسێکی تەواوی بێ ھەڵە و کەم و کوڕییە و زمانەکەشی تەواو پاراو پەتی و ساف و بێگەردە کە فێری وانەیەکی بەرزی خۆشەویستیمان دەکا بۆ ھۆزان و ڕێنووسی کوردی و خزمەتێکی یەکجار نایابیشی پێشکەش بە ئێمە کردووە.[9] سادەیی پەیڤ و گوزارشتەکانی پەشێو، بەرھەمی خاکەڕایی و سادەیی خۆیەتی، کە وەک خۆیشی دەڵێ: ئەو ھەمیشە سادەیە وەک ڕەنگ و ناوی نیشتمانەکەی.[10]
ناوی شێعر: ڕۆڵی گەورەی «ناو» لە پرۆسەی گەیاندنی مەبەستدا، یەکێ لە تایبەتمەندییە دیارەکانی شیعری «عەبدوڵلاپەشێو»ە. لەبەر ئەوەی شیعرەکانی پەشێو کورتن ئەرکێکی جیاواز لە ناسنامەی شیعری بە ناو ئەسپێردراوە. پەشێو ھەوڵیداوە بەشێکی ھەرە زۆر لە ئەرکی گەیاندنی ویستی ناوئاخنی شیعر بخاتە ئەستۆی ناوەکەی. ئەمە ئەگەر نا بە سەرجەم شیعرەکانییەوە، بە زۆربەیانەوە دیارە.[11]
نوستالژیا: جار و بارە نوستالژیا تێکەڵ ئاوات دەکرێت و وەک حەسرەتی دوورکەوتنەوە لە وڵاتێک یان دۆخێکی خەیاڵی کە لە واقیعدا بوونی نییە و تەنیا لە خولیای شاعیردا ھەیە – وەک ئەوەی بکرایە ھەبێت – لە لای شاعیر خۆدەردەخات. وێلادیمیر ناباکۆف پێی وابوو «ھونەر حەسرەتێکە بۆ لەکیسچوونی جوانییەکان». بەشێکی زۆر لەم حەسرەتە ئەو لایەنە دەگرێتەوە کە شاعیر خەمی ئەوە دەخوات کە ئەو تەمەنەی وا ڕابرد ئەگەر وەک دەمھەویست وا ڕادەبرا چ دەبوو؟ ئەم چەشنە نۆستالژیایەیە کە بۆتە ھەوێنی زۆربەی شیعرە حەسرەتاویەکانی پەشێو.[12]
ژن: ژن لەناو شیعرەکانی پەشێودا نە ھونەرە و نە شیعرە و نە خەونە، بەڵکو لە ھەموو ئەمانە بە گەورەتری دەزانێت، دەیکاتە ڕیالیتێ و ھەر لەم ڕێگایەشەوە ژن دەچێتە سەر ڕاستییە مرۆڤایەتییەکەی خۆی.[13] لە ئەدەبیاتی کوردیدا پەشێو لە ڕیزی پێشەوەی ئەو شاعیرانەیە کە دەیەوێت لە ڕێگەی ژنەوە بەختەوەری دروست بکات، یان بەردەوامی بدات بە ژیان. کاتێک شێعرەکانی پەشێو دەخوێنیتەوە لە بەردەم زیاتر لە ژنێکدا دەوەستیت و ئاشنا بە چیرۆکێک دەبیت، کە زۆر جار شێعرەکان حیکایەتئامێز دەیگێڕنەوە.[14]
ڕاستگۆیی: بڵێی چ شتێک بووبێتە ھۆی ئەوەی پەشێو ئاوا جێی خۆی بکاتەوە و دڵ و دەروونان داگیر بکا؟ پێم وایە کلیلی دەرگەی ئەو ڕازە ئەوەیە کە شێعری پەشێو کانی و کانیاوی عاتیفە و ھەستێ بێخەوش و سەداقەتی لە ڕادەبەدەری لێ ھەڵدەقوڵێ، کەچی شێعری زۆربەی شاعیرانی ئەوڕۆی ئێمە وشکەڵانێکی کاکی بە کاکییە، شاعیر کون بە کون لە بیسەرێک دەگەڕێ.[15] پەشێو ڕاستگۆیانە لەگەڵ بەردەنگەکانی دەدوێ و ڕەنگە ھەر بۆیەش بێ کە حەشیمەتی دنیا تایبەتییەکەی ھەر دێ و زیاتر و زیاتر دەبێ. جەماعەتێک کە ڕەخنەی شاعیرەکەیان بەدڵە و پێیان وایە لە گەرووی ئەوانەوە دێتەدەر. بەڵگەی ئەم سەداقەتەش لە زوربەی ھەرە زۆری شیعرەکانیدا دەبیندرێ.[16]
شارستانییەتی: لە کاتێکدا پەشێو لەناوەوەی «شارستانییەتی»ی ڕۆژئاوادایە، کەچی شیعرەکانی بە ھیچ شێوەیەک بۆنی ئەم شارستانییەی لێناێیت و لێی دوورکەوتۆتەوە و تەنانەت ڕەخنەشی لێگرتووە، بۆیە کەم شاعیر ھەن لە جیھاندا لەسەر دوو ئاستی ناوەوە و دەرەوەدا شیعری بەرز بنووسن، ئەم کێشەیە کێشەیەکی جیھانییە، تا ئەمڕۆش ھەروایە.[17]
ناسیونالیزم: پەشێو شاعیرێکی ناسیونالیست و نیشتمانپەروەرە و ھەر وەک زۆر چەلان لە وتووێژەکانیدا دەریبڕیوە، ڕێبواری ڕێگای شاعیرانی نەتەوەخوازی کورد "ئەحمەدی خانی (١٧٠٦–١٦٥٠) " و حاجیقادی کۆیی (١٨٩٢–١٨١٥) یە.[18]
کوردایەتی: پەشێوی شاعیر سەوداسەرێکی ڕاستەقینەیە و شێعرەکانی تاجی شانازی ئەدەبی شۆڕشگێڕی ڕەسەنن و بەگیانی کوردایەتی گڕ و کڵپە دەسەنن و مەحاڵە دابمرکێنەوە. بەرژەوەندیی باڵای نەتەوە بابەت، شەقڵ، ھزر، ھەوێن و کەرەسەی ھەمیشە ئامادەکراو و لەبیرنەکراوی شێعرەکانین.[19]
شێعری سیاسی: ڕەنگە لە شاعیرانی ھاوچەرخی کوردەواریدا کەس بەقەد «مامۆستا ھەژار» و «عەبدوڵڵاپەشێو» ئاوا بەزەقی قامکی لەسەر پەلەپیتکەی چەکی شیعر نەترازابێت. بە چاوخشاندنێک بەسەر کۆی بەرھەمە شیعرییەکانی ئەو شاعیرانەدا باش دەردەکەوێت کە بێدەسەڵات بوون لە بواری شاعیرێتیدا وای نەکردووە ئەم لاڕێبازە ھەڵبژێرن، چونکە لێرەولەوێی دیوانەکانیاندا شاکارە شیعری وا خۆ دەنوێنێ کە بۆ دەسەڵات و نەمرییان بەڵگەیەکی سەلمێنەرە، بەڵام ئەوە ژانی ھەستکردن بە لاڕێداچوونی مێژووی گەلەکەیانە کە لێیان بۆتە بەرەژانی شیعر و وازی پێ لە چوونە ناخی خۆوە و خەریکبوون بە ڕۆحی خۆ ھێناون و فڕێی داونەتە ناو گێژاوی ئەو ژاوەژاوەی کۆمەڵگەی پێدەچەوسێنرێتەوە.[20]
دوازە وانە بۆ منداڵان: پەشێو شیعری دوازە وانە بۆ منداڵان بە خاڵی وەرچەرخانی خۆی دەزانێ و دەڵێ: "چارەنووسم چ وەک شاعیر، چ وەک مرۆڤ، چ بە لای باشەدا، چ بە لای دەرد و بەڵای دنیادا، تا ڕادەیەکی زۆر دەرئەنجام و داڕشتەی ئەم شێعرەیە. دەمەوێ بڵێم: ئەگەر ئەم شێعرەم نەنووسیبا، کە نووسیشم جاڕم نەدابا و ڕووبەڕووی سیستەمی بیرکردنەوەی ئەوان ڕۆژان نەبایامەوەچارەنووسێکی دیم دەبوو.»[21]
سەربازی ون: تەنیا شاعیرێکی کوردی سەردەم، کە ناوی لە زانستنامە (٥) بەرگییەکەی «دایرەتولمەعاریفی نوێ"ی "عەبدولحوسێن سەعیدیان" ـ لێکۆڵەری ئێرانی ـ دا ھاتووە، عەبدوڵڵا پەشێوە. لەگەڵ وەرگێڕانی شیعری بەناوبانگی "سەربازی ون"ی پەشێو، دەڵێ: «پەشێو، خۆی گوتەنی، شاعیری ھەرێمی سەربازە ونبووەکانە. ئەو شوێنەی کە ھەموو ڕۆژێک ھەزاران حەماسەی سەرھەڵداوی خوێنی لێ دەبێتە مێژوو و ھەر سروودێ دەبێتە ئاڵایەک.»[22]
درامای شیعری: پەشێو بۆ دروستکردنی درامای شیعرەکانی ھونەرمەندانە سوود لە ڕەگەزەکانی دراما وەردەگرێ و بە ئاسانیش دەریدەبڕێ، ئەگەرچی جاری وا ھەیە ڕەگەزەکانی دراما یا نیشانەکانی بەڕووکەشی دەستنیشان نەکراوە، بەڵام لەناو ڕستە و مانای گشتی و دیالۆگ و کێشمەکێشی ناوەوەی دەقەکەدا وەک دەقی درامائامێز خۆیان دەدەنە خوێنەر و لە گوتاری مانادا بونیادی دەقێک دروست دەکەن کە ئەو ڕەگەزە درامیانە ئیش بۆ دەلالەت و ئیحاو ھێما و ھۆشیارکردنەوە و مانای دەقەکان دەکەن و لە دواجاردا شتێک لای خوێنەر جێدەھێڵن و لەھەمان کاتیش ئەم شیعرە درامائامێزانە لیریکییەتی شیعرەکانی کەم دەکەنەوە و پەیامی شاعیر دەبەخشن.[23]
فەلسەفەی مردن: بەپێچەوانەی سوکرات و حەللاج، کە بۆ زیندووبوونەوە خۆیان ئامادەکردبوو، باکیان بە مردن نەبوو و پێیان وابوو زیندوو دەبنەوە، ڕامانی پەشێو بەرامبەر بە فەلسەفەی مردن وەک ھی ئەپیکۆرییەکانە، کە ترسی مردن لایان ھیچ واتایەکی نییە. ئەم بە ئاگایی و ھۆشیارییەی پەشێو لەمردن جۆرە بەرگرییەک و گەشبینییەکی بۆ ئەفراندووە. ھەر ئەم ئاگاداربوونەشە لەڕاستیی مردن ناھێڵێ تووشی خەمۆکی و «ڕەشبینیی شۆبنھاوەرانە» بێ.[24]
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.