پرۆپاگەندە
From Wikipedia, the free encyclopedia
پرۆپاگەندە یان بانگەشەی سیاسی شێوازێک لە پێوەندییە کە تێیدا زانیاری بە شێوازێکی ھاوھەنگاو و لە جەھەتێکی تایبەت بۆ شکڵدانی بیرۆکەی کۆمەڵگا بۆ لایەنێکی تایبەتی سیاسی و گۆڕان و کەڵک گرتن لە بیرۆکەی خەڵک بڵاو دەبێتەوە.[1]
ئەم بانگەشەیە تایبەتە بۆ چوونە نێو پۆستێکی سیاسی، لەوانە سەرۆکی وڵات، یان بوونە ئەندام پەرلەمان. ئەم بانگەشەیە زۆرجار کەسەکە لە کەناڵێکی ڕاگەیاندن وەک بانگەشە بەڵێن بە خەڵک یان جەماوەرەکەی دەدات کە ئەگەر ھاتوو ببێتە خاوەن ئەو پۆستە چ کارێک دەکات، یان زۆر جار دەبینرێت کەسەکە بۆ بانگەشە دەچێتە نێو خەڵک و ڕای ئەوان وەردەگرێت کە ئەو چی بکات کاتێک بگاتە ئەم پۆستە. زۆر جار پرۆپاگەندە بووەتە ئامرازێک بۆ گەیشتن بە پلەیەک لەلایەن سیاسەت مەداران و لە جیھانی ئەمڕۆ سیاسەتمەدارەکان تۆڕی کۆمەڵایەتی وەک ئامرازێک بەکاردەھێنن بۆ خۆنزیککردنەوە لە کۆمەڵگە و زانینی بار و گوزەرانی خەڵکی وڵات.
لە سەدەی بیستەم بەشێوەیەکی گشتی دەستەواژەی پرۆپاگەندە پەیوەست بوو بە ھەر کردەیەکی ھەڵخڵەتێن و فێلبازانە.
ژمارەیەک ئامراز و ڕاگەیاندنی زۆر و بەرفراوان بەکاردێن بۆ گواستنەوە و گەیاندنی نامەکانی پرۆپاگەندە کە ئەم ئامرازانەش لەگەڵ گۆڕان و بەرەوپێشچوونی تەکنۆلۆژیای نوێ گۆرانکاڕییان بەسەر ھاتووە، وەک وێنەی کێشراو، کارتۆن، پۆستەر، بڵاوکراوە، فیلم، بەرنامەی ڕادیۆیی، بەرنامەی تەلەڤیزیۆنی و ماڵپەرە ئەلکترۆنییەکان. لەم ساڵانەی دوایی سەردەمی دیجیتاڵی بووەتە ڕێخۆشکەر لە سەرھەڵدانی ڕێگەی نوێ لە بڵاوکردنەوەی پرۆپاگەندە وەک بەکارھێنانی ھاوکێشەی ماتماتیکی بۆ دروستکردنی پرۆپاگەندەی ئەلکترۆنی، ھەواڵی ساختە و ھەواڵی لایەندار، بەمەبەستی بڵاوکردنەوەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.