پیتەوا
پیتەوا / From Wikipedia, the free encyclopedia
پیتەوا لە ئابوورزانیدا بابەتێکی شیاوی نواندنە لە بازاڕدا کە بۆ وەڵامدانەوە بە خواست یا ویستێکی تایبەت بەرھەم ھێنراوە[1] و بە دوو شێوە بەرچاو دەکەوێ: شتومەک و ڕاژە.[2]
پێناسەی ڕێکوڕاستتری زاراوەی پیتەوا بۆ وەسفی چینێ لە شتومەکان بەکار دێ کە بۆیان داوا (demand) ھەیە، بەڵام دابینیان (supply) لە سەرانسەری بازاڕدا بەبێ جیاوازیی کەیفییە.[3] پیتەوا ئەوەیە کە نموونەکانی بەتەواوی یا تا ڕادەیەک ھاوشێوە و ئاڵوگۆڕکردەنی (fungible) بن، واتە بازاڕ وا لەگەڵیان ھەڵسوکەوت ئەکا کە گوایا ھاوسەنگن و ئەوەی کە کێ بەرھەمی ھێناون و لە کوێ بەرھەم ھاتوون جێی سەرنج نییە. مارکس ئەڵێ: "لە تامی گەنمەکەوە ناکرێ بوترێ کێ بەرھەمی ھێناوە، جووتیارێکی ڕووس، لادێیییەکی فەڕەنسی، یا سەرمایەدارێکی ئینگلیزی."[4] نەوت و مس نموونەکانی تری وەھا پیتەواگەلێکن. لە بەرامبەر ئەمانەدا، بابەتگەلێ وەک سیستەمەکانی ستێریۆ لە زۆر بارەوە جیاوازییان ھەیە، بۆ نموونە برەندەکەیان، ئینتەرفەیسەکەیان و، کوالیتییەکەیان. لەوانەیە داوا بۆ جۆرێک لە ستێریۆ زۆر زیاتر بێ لە داوا بۆ جۆرێکی تر. نموونەکانی ستێریۆ لە بازاڕدا جیاوازییان زۆرە و ھاوشێوەش نین، بۆیە بە پیتەوا ناژمێردرێن.
بەگشتی، پیتەواکان سەرچاوەگەلی بنەڕەتی و بەرھەمگەلی کشتوکاڵن، بۆ نموونە: بەردی ئاسن، نەوت و بەرھەمە نەوتییەکان، کۆمڕ، نمەک، شەکەر، چا، دەنکی قاوە، دەنکی سۆیا، ئەلەمنیوم، مس، برنج، گەنم، زێڕ، زیو، پالادیوم و، پلاتینوم.