From Wikipedia, the free encyclopedia
ڕادیۆ کوردیی تاران لە تشرینی دووەمی ١٩٤٦ پەخشی بەرنامەکانی خۆی بە زمانی کوردی دەسپێکرد، ھۆی سەرەکیی دامەزراندنی ئەم ڕادیۆیە، ڕووداوەکانی پاش ئەیلوولی ١٩٤١ بوو لە ئازەربایجان و کوردستان.
پاییزی ١٩٤٨ ڕادیۆ کوردیی تاران بە دوو زاراوەی کورمانجی و سۆرانی بەرنامەی پەخش دەکرد، ھەرچەند کە لەو کاتەدا کاتی بەرنامە کەم بوو بەڵام بەرەبەرە لەگەڵ زۆر بوونی کاتی بەرنامە لایەنە فەرھەنگی و کۆمەڵایەتی و ھونەرییەکانی سەرنجێکی زیاتریان پێدا.
لە کۆتایی یەکانی ئەم قۆناغە دا، (١٩٦٠–١٩٦١) بەرنامەکان لە تاران ئامادە دەکران و بۆ بڵاوبوونەوە بەڕێ دەکران بۆ کرماشان. لەگەڵ گواستنەوەی کارگێڕانی ڕادیۆ لە تارانەوە بۆ کرماشان، قۆناغی سێھەمی، (١٩٦٢ تا ١٩٧٩) دەبێ بە دەورەیەکی زۆر گرینگی ڕادیۆ کوردی بزانین چوونکو لەم قۆناغە دا جگە لە پێشکەوتنی بواری تەکنیکی، لەڕووی چەندایەتی و چۆنایەتیشەوە ڕادیۆ کوردی گەشەیەکی چاکی کرد، بە جۆرێک کە ماوەی بەرنامەکان لە ٥ کاتژمێرەوە لە سەرەتای ئەو قۆناغە، گەیشتە ١٨ کاتژمێر لە کۆتایی ئەو قۆناغەدا. شەڕی چەکدارانەی کوردانی باشووری کوردستان لەگەڵ حکوومەتی بەغدا، زۆر بوونی ماوەی بەرنامەکانی ڕادیۆ کوردی بەغدا لە ٦ سەعاتەوە بۆ ١٦ سەعات لە لایەکەوە و پێویستیی شوێندانان لەسەر بیروڕای گشتی کوردەکان لە باشووری کوردستان، لە لایەکی دیکەوە بوونە ھۆی پەرەی ڕادیۆ کوردیی تاران لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتییەوە.
جۆر بە جۆربوونیی بابەتەکان، سەرنج دان بە بابەتە فەرھەنگی و کۆمەڵایەتی وھۆنەرییەکان بۆ وێنە ھۆی ھۆگر بوونی ژمارێکی زۆری خەڵک بە ڕادیۆ کوردی تاران بوو.
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران (ساڵی ١٩٧٩) لەگەڵ بە دی ھاتنی گۆڕانکارییەکان لە ڕادیۆ و گۆرانی ئامانجە میدیایییەکان، ڕادیۆ کوردیی تاران خولێکی نوێی چالاکییەکانی خۆی لە تاران دەسپێکرد. ھاوکات ماوەی بەرنامەکان لە کرماشان کەم بووە و و تا ساڵی ١٩٨٣ پەخشی بەرنامەکان لە کرماشان ڕاگیردرا.
یەکێک لە گرینگترین ئامانجە میدیایییەکان زاڵ بوونی ڕوانگەی ئیسلامی بە سەر ڕادیۆ کوردیی تاران دا بوو، بەڵام ئەم بۆچوونە نەک ھەر لەسەر پێکھاتەی ڕادیۆ و ڕەوتی بەرنامەکان بەڵکوو لەسەر چۆنییەتی ڕەوتی ھەواڵ، فێرکاری و ڕێنوێنییەکان و ھتد شوێنێکی یەکجار زۆری داناوە بە جۆرێک کە ئێستا بابەت و چەمکی دینی و مەزھەبی لە ھەموو بەرنامەکاندا جێگایەکی تایبەتی ھەیە.
کارمەندە بەناوبانگەکانی ڕادیۆ کوردی تاران بریتین لە حەسەن زیرەک، مەزھەر خالقی، مەلا محەممەد ڕەبیعی، میدیا زەندی، شوکروڵڵا بابان، سەید عەزیز عەلەوی کورانێ، ھۆشەنگ شێخی، سەید جەلال نیزامی کورانێ، جەعفەر شێخولئیسلامی، خوسرەوخان شێخکانلو، سەید نیزام نیزامی کورانێ، ئەمیر ئەسلان شێخەکانلو و نەشیمیل نیزامی کورانێ.
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.