ئایینە ئیبراھیمییەکان
From Wikipedia, the free encyclopedia
ئایینە ئیبراھیمییەکان (بەئینگلیزی: Abrahamic Religions)، زاراوەیەکە بەکاردێت بۆ گەلێک ئایین کە تێیدا ئیبراھیم وەک کەسێکی گرنگ باس کراوە. لەباوترین و ناسراوترین ئایینە ئیبراھیمییەکان جوولەکایەتی، مەسیحییەت و ئیسلامە. یەکێک لە ئایینە ئیبراھیمییەکانی تر بەھاییەتە. باوەڕی بەھاییەت لە سەدەی نۆزدەھەمی زایینیدا گەشەی سەند، لەو شوێنەدا کە ئێستا بە ئێران ناو دەبرێت. گەرچی ئەم ئایینانە تەواو جیاوازن لەیەکەوە لە زۆر لایەندا، بەڵام لەزۆر لایەنی زۆر گرنگدا ھاوڕان لەسەر ئەو بنەما سروشتییەی کە ئەوان تەنیا یەک خودا دەپەرستن. وشەی "ئیبراھیمیی" ئەگەڕیتەوە بۆ پێغەمبەری دێرین ئیبراھیم، کە زۆر رێزی لێ گیراوە لە جوولەکایەتی، مەسیحییەت و ئیسلامدا وەک یەکەمین پێغەمبەری خودا. شتێکی تری کە ئایینە ئیبراھیمییەکان تێیدا ھاوڕان، ئەویش یەکتاپەرستییە، کە ئەویش بریتییە لە بڕوابوون بە یەک خودای پەرستراو. ھەمووشیان بروایان بەوە ھەیە کە پێویستە کڕنۆش ببرێت و نوێژ بکرێت بۆ ئەو خودایە.