ئوستوورە
From Wikipedia, the free encyclopedia
ئوستوورە ئەو چیرۆکەیە کە دانەرەکەی یان ڕەگەزەکەی شاراوەیە و ھەوڵ دەدا ڕەوتەکانی سروشت، بەدیھاتنی جیھان و مرۆڤ، نەریتەکان و ئاھەنگە ئایینییەکان دەرببڕێ. ئوستوورە لە بنەڕەتدا وەکوو سیستەمێک بۆ ڕاڤەی جیھان یان بەرپەرچدانەوەی مرۆڤی سەرەتایی لە ھەمبەر ھێزە سروشتییە نەناسراوەکاندا داڕێژراوە. سەرەکیترین کەسایەتییەکانی ناو ئوستوورەکان خواکان یان پاڵەوانە لەئاسابەدەرەکانن.
زاراوەی ئوستوورە ھەندێ جار لەگەڵ زاراوەی ئەفسانەدا وەک یەک بەکار دەبردرێن، بەڵام ئەفسانە زۆرتر لەسەر کەسایەتی و ڕاستەقینەگەلی مێژوویی دامەزراوە و وەکوو ئوستوورە خاوەنی یەکێتیی گەڵاڵە نییە.
ئەمڕۆکە پێناسە و واتای ئوستوورە لەژێر کاریگەریی دوو بیرمەندی ھاوچەرچ، واتە کلۆد لێڤی-شترۆس و ڕۆلان بارتدایە.
لەم ساڵانەی دواییدا دوو چەمکی ئوستوورە و ئایدیۆلۆژیا زۆر پێکەوە گرێدراون. بە واتایەکی دی ئوستوورەکان دەتوانن کارکردێکی ئایدیۆلۆژیک ئاراستە بکەن، لە کاتێکدا ئایدیۆلۆژیاکانیش بەھۆی ئوستوورەوە دەکەونە کار.