From Wikipedia, the free encyclopedia
[1][2][3][4][5][6][7][8][9][10]لالەی زەریا یان جەلی ماسی (بە ئینگلیزی jellyfish-fish jellies) زیاتر لە ٥٠٠ ملیۆن ساڵە بونیان هەیە بەمەش لە دایناسۆرەکان کۆنترن،ئەمڕۆ ئەم بوونەوەرانە لە سەرانسەری جیهاندا دەدۆزرێنەوە، لە تەنکاوەکانی کەنار دەریاوە تا قوڵایی زەریاکان تەنانەت هەندێکیان لە ئاوی سازگاریشدا دەژین هەروەها کۆنترین گیانداری فرەئەندامن،ناوی جەلی ماسی لە ساڵی ١٧٩٦ـەوە بەکار دەهێنرێت بەڵام سەرەڕای ناوەکەیان، جەلی ماسی لە ڕاستیدا ماسی نین ئەوان بێبڕبڕەکانن واتە بڕبڕەی پشتیان نییە. سەر بە گروپێک پۆلێنکراون کە پێیان دەوترێت Cnidaria لە وشەیەکی یۆنانی “cnidos” وەرگیراوە بە مانای “دەزووی پێوەدان”دێت، کە زیاتر لە ٩هەزار جۆری زیندەوەر لەخۆدەگرێت بەوە ناسراون کە ئاژەڵی پێوەدانی جەستە نەرمن، لالەی زەریا (لە سەدا ٩٥-٩٨) لەشی لە ئاو پێکدێت هەروەها دڵ،ئێسک،خوێن،سییەکان و ناوەندی مێشکییان نییە.جۆری وەک بۆکس جەلی نزیکەی ٢٤ چاوی هەیە لەکاتێکدا هەندێ جۆری تریان چاوییان نییە، بەپێی جۆرەکەیان ڕەنگیشیان جیاوازە کە بێ ڕەنگن يان شەفافن وە دەتوانن ڕەنگی خۆیان بگۆڕن باوترین ڕەنگیان:زەرد،مۆر،پەمەی،شینە.
قەبارەی لالەی زەریا بەگشتی زەنگەکە لەوانەیە کەمتر لە ئینجێک یان زیاتر لە پێیەک درێژ بێت. تیرەی هەندێک لە جۆرەکان دەگاتە حەوت پێ قۆچەکانی هەندێک لە جەلی ماسی درێژی زیاتر لە ١٠٠ پێ دەبێت. بێ گوێدانە قەبارە و شێوەیان، زۆربەی جەلی ماسی زۆر ناسکن و زۆربەیان لە ئاو پێکهاتوون.
هەندێک لە جەلی ماسی وەک سەری دەرزی بچووکن بۆیە تەنها دەتوانن لە پلانکتۆن بخۆن کە بوونەوەری بچووک و سەرئاو کەوتوون، جەلی ماسی گەورەتر سەرچاوەی خۆراکی گەورەتری وەک ماسی و ڕۆبیان و قرژاڵ ڕاو دەکات.
هەنێک لە جۆرەکانی لالەی زەریا لەشیان ڕووناکیەک بەرهەم دەهێنێت کە لە تاریکیدا دەدرەوشێنەوە، ئەو ڕووناکییەی زیندەوەران دەتوانن بەرهەمی بهێنن بەهۆی کارلێکێکی کیمیاییەوە دروست دەبێت. بۆ ئەوەی ئەم کاردانەوەیە ڕووبدات دەبێت هەڵگری گەردیلەیەک بێت کە پێی دەوترێت لوسیفرین-Luciferin لەگەڵ یەکێک لەو دوو ئەنزیمە کە پێی دەڵێن لوسیفیراز و فۆتۆپرۆتینی، کاتێک لوسیفرین بە شێوەیەکی کیمیایی لەگەڵ ئۆکسجین کارلێک دەکات وزە لە شێوەی ڕووناکی دەردەدات، ئاژەڵ و ڕووەکی جیاواز جۆری جیاوازی لوسیفێرینی تێدایە. باوترین ڕووناکی بەرهەم هێنان لە زەریادا سەوز و شینە چونکە ئەم درێژی شەپۆلانە زیاتر بەناو ئاودا دەڕۆن.[11]
بەشی سەرەوەی لەشی لەشێوەی زەنگی شێوە چەتردایە کە بەشی دەرەوەی بە exumbrella ناونراوە هەروەها بەشی ژێرەوەی بەsubumbrella ناونراوە، لالەی زەریای پێگەیشتوو دەتوانێ جەستەیەکی خڕ یان چوارگۆشەی هەبێت کە قۆچەکانی پێوە دەلکێن.
ناو و فرمانەکانیان:
١-چینی دەرەوە epidermis: ئۆکسجین هەڵدەمژێت و ڕێگە دەدات لە هەموو لەشدا بڵاو ببێتەوە،ئەمە ڕێگە بە جەلی ماسی دەدات بەبێ سییەکان، دڵ و خوێن بژی.
٢-چینی ناوەڕاست mesoglea:ماددەیەکی جەلاتینی ئەستوورە کە زۆربەی لە ئاو پێکهاتووە لەگەڵ کۆلاجین و پرۆتین. هەروەها بەرپرسە لە عەمبارکردنی ئۆکسجین بۆ ماوەیەکی درێژ و پاڵپشتی جەستە دەکات.
٣-چینی ناوەوە gastrodermis: چینێکە لە بەشی خوارەوەی زەنگی لالەی زەریادا ئەرکی سەرەکی هەرسکردنە یارمەتی ئاڵوگۆڕی گازەکان دەدات.
•کەلێنی گەدە-gastric cavity: شوێنی سەرەکی هەرسکردنی خۆراک و هەڵمژینی خۆراکەکانە، خواردن لە دەمدا تێدەپەڕێت و دەچێتە ناو کەلێنەکە،لەناو کەلێنی گەدە پەردەی خانە بە دەوری گەردیلەکانی خۆراکدا دەپێچێتەوە و پاشان دەیانباتە ناو کەلێنی ناوەوە.
•گۆناد-Gonad: پێکهاتە جیاوازەکانی شێوەی ناڵە ئەسپ لە سەرەوەی زەنگی مێدوسا ئەندامی زاوزێن. ئەم پێگەیشتووانە لە ڕێگەی پیتاندنی دەرەکیەوە زاوزێ دەکەن، لەوێ مێینەکان هێلکە بەردەدەن و نێرەکان سپێرم لە ستوونی ئاودا بەردەدەن کاتێک هێلکەکە دەپیتێن، کرمۆکە هەڵدێت و بۆ ماوەیەک لە ژینگەی دەریایی دەژی.
•کەناڵەکانی نیوەتیرەیی-radial canal: ئەم سیستەمە لە کەناڵەکان خزمەت دەکات بۆ دابەشکردنی خۆراک بۆ بەشەکانی دەرەوەی لەشی.
•دەم-Mouth: لە ناو جەستەی زەنگییاندا کونێک هەیە کە دەمییەتی لە ڕێگەیەوە خواردن دەخۆن و پیسایش دەردەدەن.
لەبەشی خوارەوەی لەشی قۆچیان هەیە-Tentacles: ٨هێشووی قۆچی تێدایە کە هەر هێشووێک لەوانەیە زیاتر لە ١٥٠ قۆچی هەبێت وەک بەرگری و چەکێکی بەهێز بۆ گرتنی نێچیر کاردەکەن.
•قۆڵی دەمی-Oral arm: لەنێو زۆرێک لە قۆچەکانیان، هەندێک لالەی زەریا بەشێکیان هەیە کە پێی دەوترێت قۆڵی دەمی ئەم پاشکۆ درێژانە نێچیری گیراو دەگوازنەوە بۆ دەمی، کە بەزۆری دەکەونە بەشی خوارەوەی زەنگەکە.
•لە بەشی ناوەوەی قۆچەکاندا خانەی پێوەدان هەیە کەپێی ئەوترێت نێمەتۆسیست-nematocysts، یەک قۆچ لەوانەیە هەزاران کیسی نێمەتۆسی تێدابێت، کیسەکان ماددەیەکی ژەهراوی تێدایە کە یارمەتی لالەی زەریا دەدات خۆیان بپارێزن هەروەها یارمەتییان دەدات بۆ گرتنی خواردن کاتێک بەرکەوتن لەگەڵ نێچیرەکان دەکەن کیسەکانی(خانەی پڕ لە ژەهر) دەزووەکانیان ئازاد دەکەن و ماددەیەکی ژەهراوی دەردەدەن کە نێچیرەکە ئیفلیج دەکات.
•هەموو لالەی زەریایەک قۆچیان هەیە،بەڵام هەموویان کیسی نێمەتۆسی بەهێزیان نییە.
بەدرێژایی سووڕی ژیانیان دوو شێوەی جیاوازی جەستە وەردەگرێت: مێدوسا و پۆلیپ.
لالەی زەریای پێگەیشتوو پێی دەگوترێت مێدوسە-Medusa بە کۆمەڵی گەورە کۆدەبنەوە بۆ هێلکەدان، ئەوان سپێرم و هێلکەی نەپیتێنراو بەردەدەن بۆ ناو دەریای دەوروبەریان، هێلکە پیتێنراوەکان لە زەریادا بەجێدەهێڵرێن و دەبنە کرمۆکە-Larva،کاتێک هەر کرمۆکەیەک دەگاتە قەبارەی گونجاو خۆی بە ڕوویەکەوە دەنووسێنێت بەزۆری لە ژێر دەریادا. [12]ئێستا کرمۆکە بە توندی لکاوە گەشە دەکات و دەبێتە پۆلیپ-Polyp ئەوە بوونەوەرێکی سەیرە قەدێکی درێژی هەیە کە بە لایەکەوە لکاوە و ئەڵقەیەک لە قۆچەکان لە سەرەکەی دیکە، قۆچەکان دەتوانن خۆراک بگرن بۆ دابینکردنی خواردنی پۆلیپ، هەندێک جۆری لالەی زەریا دەتوانن بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە قۆناغی پۆلیپدا بمێننەوە ئەوان تەنها چاوەڕێ دەکەن تاوەکو هەلومەرج بۆ قۆناغی داهاتوو گونجاو دەبێت.
قۆناغی داهاتوو پۆلیپ خۆی زاوزێ دەکاتەوە، لە هەمان کاتدا قۆچەکانی هەڵدەمژێت بۆ ناو لەشی کاتێک خۆی زاوزێ دەکات وەک کۆمەڵێک قاپی سەرەو ژێر دەردەکەوێت کە پێیان دەوترێت پارچەکان یان خونچە لەکۆتاییدا دەست دەکەن بە لێک جیابوونەوە و مەلەکردن دوور دەکەونەوە. زیندەوەرێکی زۆر بچووکن هەریەکەیان گەشە دەکات و شێوە و قۆچەکانی جۆری تایبەتی خۆی وەردەگرێت. لالەی زەریای پێگەیشتوو-مێدوسا دەسوڕێتەوە و گەشە دەکات تا ئەو کاتەی هەلومەرجی گونجاو دەبێت بۆ دەستپێکردنەوەی سووڕی ژیان.
زانایان ٢٠٠٠ جۆریان لە سەرانسەری جیهاندا دەستنیشان کردووە و لەو باوەڕەدان کە بەلایەنی کەمەوە ١٠٠٠ جۆری تر هێشتا نەدۆزراونەتەوە
١-جەلی ماسی شێر lion's mane jellyfish Cyanea capillata )
گەورەترین و درێژترین جۆری جەلی ماسییە، گەورەترین نموونەی ناسراو درێژی ١٢٠ پێ (٣٦،٥مەترە) لە سەرەوە تا خوارەوەی قۆچەکانی. کە نزیکەی ٢٣ پێ درێژترە لە درێژترین نەهەنگی شین کە تا ئێستا پێوانە کرابێت، بەمەش دەبێتە درێژترین ئاژەڵ کە تا ئێستا تۆمارکراوە،لە ژێر ئاودا دەدرەوشێنەوە، پێوەدانی لەوانەیە ئازاربەخش بن بەڵام بە دەگمەن کوشندەیە.
٢-جەلی ماسی مانگ-Moon jelly: بەربڵاوترین و باوترین جۆرە کە واناونراوە بەهۆی شێوەکەیەوە بە ئاسانی دەناسرێتەوە زەنگێکی شەفافی هەیە گرنگترین بەشی جێلی مانگ پێکهاتەی شێوە ناڵی ئەسپە لە ناوەڕاستی زەنگەکەیدایە ئەندامەکانی زاوزێن ڕەنگییان پەمەیی یان پرتەقاڵییە هەروەها قۆچی کورتی هەیە، مەترسییەکی کەمی لەسەر مۆرڤ هەیە پێوەدانیان ئەوەندە بەهێز نییە کە بتوانێت پێستی مرۆڤ ببڕێت، بۆیە دەستیان لێدەدرێت و سەلامەتن بەڵام ژەهریان هەیە وە توانای پێوەدانیشیان هەیە،کاتێک خۆراک سنووردار و کەم بێت جێلی مانگ دەتوانێ بچووک ببێتەوە بۆ دەیەکی قەبارەکەی بۆ پاشەکەوت کردنی وزە. پێشی دەوترێت “Aurelia aurita-ئۆرێلیا ئۆریتا”
٣-جێلی ماسی سندوق-Box jellyfish: کوشندەترین جەلی ماسییە کە بەهۆی شێوەی لەشیانەوە ناونراون لە زەنگێکی شێوە سندوق دەچێت لەگەڵ کۆمەڵە قۆچەکان لە هەر سووچێکی زەنگەکەوە دەردەکەون هەروەها دەتوانێت ببینێت زیاتر لە ٢٤ چاوی هەیە لە هەر لایەکی سندوقەکە، هەندێک لەو چاوانە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ئاڵۆزن و هاوێنەیان هەیە، لە کاتێکدا جەلی ماسی لە ئاوی کەناری گەرم لە سەرانسەری جیهاندا دەژین بەڵام جۆرە کوشندەکان بەشێوەیەکی سەرەکی لە ناوچەی هیندۆ پاسیفیک و باکووری ئوسترالیا دەژین ئەمەش جەلی ماسی سندوقی ئوسترالی دەگرێتەوە، ژەهری ئەوەندە هەڵدەگرێت کە زیاتر لە ٦٠ مرۆڤ بکوژێت، ئەو خەڵک و ئاژەڵانەی ئەم ژەهرەیان لێدەدرێت لەوانەیە تووشی ئیفلیجی و جەڵتەی دڵ و تەنانەت مردن ببن، نیشانەکانی پێوەدان بریتین لە ئازاری وەكو سووتان و قامچی لەسەر پێست. پێوەدانی زۆر دەبێتە هۆی نەخۆشی ئیروکانجی کە دەبێتە هۆی ئازاری پشت، گرژبوونی ماسولکەکان و دڵ شێواندن.
•جۆری “Chironex fleckeri” بە ژەهراوی ترین ئاژەڵی دەریای دادەنرێت و گەورەترین جەلی ماسی سندوقییە کە قەبارەی لەشی دەگاتە یەک پێ و قۆچەکانی ئەستوورن دەگاتە ١٠ پێ درێژی.
•جۆرێکی تری سندوقی جەلی ماسی وەکو Irukandji jellyfish” بچوکترین جۆری جەلی ماسییە لە جیهاندا قەبارەی تێکڕای تەنها یەک سانتیمەترە، زەنگەکەی قەبارەی بچوکە بەڵام قۆچەکانی دەتوانێت یەک مەتر درێژ ببنەوە و کوشندەیە بۆ مرۆڤ پێوەدانی ئەوەندە سەختە کە دەبێتە هۆی خوێنبەربوونی کوشندەی مێشک و بەهۆیەوە ساڵانە بە تێکڕای ٥٠-١٠٠ کەس دەنێردرێن بۆ نەخۆشخانە.
•لە کاتێکدا پێوەدانی ئازاربەخشە زۆربەیان حاڵەتی لەناکاو نین بەڵام پێوەدانی هەندێک جۆری وەک سندوقی جەلی ماسی زۆر مەترسیدارە و ژەهراوین دەشێت کوشندە بن، تەنانەت ئەگەر لالەی زەریا مردبێت هێشتا دەتوانێ پێوەت بدات چونکە پێکهاتەی خانەکانی کیسەکانی نێمەتۆکیست بۆ ماوەیەکی درێژ پاش مردنەکەی دەمێننەوە.
•بۆ خۆپارێزی مەلە مەکە لە ناو ئاوێک کە لەوانەیە جەلی ماسی تێدابێت و لۆشنی پارێزەر بەکاربێنە.
•لە هەزاران جۆر جەلی ماسی لە سەرانسەری جیهاندا، تەنها یازدە جۆر دۆزراونەتەوە کە شیاوی خواردنن بۆنمونە جەلی ماسی مانگ. وەک پێکهاتەیەک لە خواردنە جۆراوجۆرەکاندا بەکاردەهێنرێن، لە وڵاتانی ڤێتنام، ژاپۆن، چین و کۆریا دەخورێت، چەندین جۆری خواردن دەتوانرێت بە جەلی ماسی ئامادە بکرێت لەوانە زەڵاتە، سوشی بەگشتی لە هەندێک وڵاتی ئاسیا بە خواردنێکی خۆش دادەنرێت.
سەرچاوەی خۆراکی:
تایبەتمەندی خۆراکی زۆر باشی هەیە، کابۆهیدرات و کالۆری کەمە بەمەش دەبێتە هەڵبژاردەیەکی پەسەند بۆ دابەزاندنی کێش، سەرچاوەیەکی باشی توخمە سەرەکیەکان، دژە ئۆکسیدەکان، کانزاکان و خۆراکە گرنگەکانی دیکەیە.
سەرەڕای ئەوەش، سەرچاوەیەکی زۆر باشە بۆ پرۆتین، کە یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی تەندروستی ماسولکەکان لەکاتی ڕێجیمدا. هەروەها دەوڵەمەندە بە ترشە ئەمینی کە بەشێکی دانەبڕاوەیە لە گەشەکردن و چاککردنەوەی خانەکان. تایبەتمەندی دژە ئۆکسیدیان زۆرە کە ڕێگە لە زیانی خانەکان دەگرێت و فشاری ئۆکسجین کەم دەکاتەوە و مەترسی نەخۆشییە درێژخایەنەکان کەم دەکاتەوە ئەم دژە ئۆکسیدە بەهێزانە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە بەهێزکردنی تەندروستی گشتی لە ڕێگەی بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری و کەمکردنەوەی هەوکردن، بوونی ترشە چەوری “ئۆمیگا ٣” وایان لێدەکات خۆراکی تەندروستتر بن چونکە ترشە چەورییەکانی “ئۆمیگا ٣” ڕێگری لە چەوری دەکەن بە درێژایی دیواری خوێنبەرەکان و یارمەتیدەرن بۆ ڕێگرتن لە نەخۆشییەکانی دڵ.
•یەک کوپ (٥٨گرام) جەلی ماسی وشک پێکهاتووە لە:
کالۆری:٢١
پرۆتین : ٣ گرام
چەوری: ١ گرام
سیلینیۆم: ٪٤٥ ی بەهای ڕۆژانە
کۆلین: ٪١٠ی DV
ئاسن: ٪٧ی DV
[13]سەرچاوەی دەرمان:
•دەوڵەمەندە بە کۆلاجین، پرۆتینێکی گرنگە کە پاڵپشتی نەرمی پێست و تەندروستی جومگەکان و چاککردنەوەی شانەکان دەکات شایەنی باسە کۆلاجین پێکهاتەیەکی سەرەکییە بۆ پاراستنی پێستی گەنج و یارمەتیدەر بۆ چاکبوونەوەی برینەکان.
•[14]ژەهری لالەی زەریا بە سەرچاوەیەکی سەرنجڕاکێش دادەنرێت لە پەرەپێدانی دەرمانی نوێ بۆ چارەسەری نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان.
•لەکاتی ڕاماڵین بەناو ئاودا لالەی زەریا پەناگە و پاراستن بۆ هەندێک جۆری ماسی دابین دەکات و وایان لێدەکات خۆیان لە ئاژەڵە دڕندەکان بشارنەوە.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە بووکی دەریا تێدایە. |
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.