حکوومەتی فیدڕاڵ
From Wikipedia, the free encyclopedia
دەوڵەتی فیدراڵی (بە ئینگلیزی: Federal State) کۆمەڵێک نەتەوە، پارێزگا، یا دەوڵەتن کە حکوومەتی ناوەندییان ھەیە بەڵام لە کاروباری ناوخۆدا سەربەخۆن. بە شێوەیەکی گشتی، لە ناو دەوڵەتی فێدیراڵیدا، شێوازی سەربەخۆیی دەوڵەتەکانی پێکھاتە و دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان ئەوان و حکوومەتی ناوەندیدا لە ڕووی دەستوورییکی بنیاتنراوە و ڕەنگە بە بڕیارێکی یەکلایەنە نەگۆڕدرێت.
ئەم وتارە بۆ سەلماندن پێویستی بە ئاماژەی زیاتر بە سەرچاوەکان ھەیە. |
زۆرجار باس لەوە دەکرێت کە ویلایەتە فیدرالییەکان کە حکوومەتی ناوەندی زاڵە بەسەریاندا، بە ڕاستی دەوڵەتی فیدراڵی نین.
ئەو پێکھاتە حکومی یان دەستوورییەی ناو دەوڵەتی فێدێراڵی بە فیدرالیزم دادەنرێت. دەکرێت بە پێچەوانەی سیستەمێکیتر ھەژمار بکرێت کە دەوڵەتی یەکگرتووە. بۆ نموونە فەرەنسا بۆ چەندین سەدە یەکگرتووە. ئەڵمانیا بە ١٦ ویلایەتەوە، نموونەی فیدراسیۆنێکە. زۆرجار فیدراسیۆنەکان فرە نەتەوەن و ڕووبەرێکی فراوانی خاک دەگرێتەوە (وەک ڕووسیا، ئەمریکا، کەنەدا، ھیندستان، یان بەرازیل)، بەڵام ھەمیشە وا نییە (وەک سانت کیتس و نیڤیس یان ویلایەتە فیدراڵییەکانی مایکرۆنیزیا).
چەندین سەرۆکایەتی و شانشینی کۆن، وەک خولی چوارەمی پێش زایین لە کۆرینس، نۆریکۆم لە ئەورووپای ناوەندی، و کۆنفیدراڵی ئیرۆکۆیس لە ئەمریکای باکووری پێش کۆلۆمبیا، دەکرێت بە فیدراسیۆن یان کۆنفیدراسیۆن وەسف بکرێت. کۆنفیدراڵی سویسری کۆن نموونەیەکی سەرەتایی بوو بۆ دەوڵەتی فەرمی نایەکگرتو.
چەندین کۆلۆنی و دەسەڵاتی زاڵ لە جیھانی نوێدا لە پارێزگای خۆبەڕێوەبەر پێکھاتبوون، لەگەڵ سەربەخۆییدا گۆڕدرابوون بۆ دەوڵەتی فیدراڵی، وەک ئەمریکا و چەندین وڵاتی ئەمریکای لاتین. ھەندێک لە فیدراسیۆنەکانی جیھانی نوێ شکستیان ھێنا؛ کۆماری فیدراڵی ئەمریکای ناوەڕاست کەمتر لە ٢٠ ساڵ دوای دامەزراندنی دابەش بوو بۆ بە چەندین دەوڵەتی سەربەخۆ. ھەندێکی تریش وەک ئەرجەنتین پێش ئەوەی ببن بە دەوڵەتی فێدێراڵی لە نێوان سیستەمی فیدراڵی و کۆنفیدڕاڵی و یەکگرتوودا گۆڕاون. بەرازیل تەنھا دوای ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی بوو بە فیدراسیۆن و ڤەنزوێلاش دوای جەنگی فیدراڵی بوو بە فیدراسیۆن. ھەروەھا ئوسترالیا و کەنەدا فیدراسیۆنن.
ئەڵمانیا دەوڵەت-نەتەوەیەکیترە کە لە نێوان کۆنفیدڕاڵی و فیدراڵی و یەکگرتوودا چەندین جار گۆڕاوە، لە دوای دامەزراندنی کۆنفیدڕاڵی ئەڵمانیا لە ساڵی ١٨١٥. کۆنفیدڕاڵی ئەڵمانیای باکوور و ئیمپراتۆرییەتی ئەڵمانیای دواتر و کۆماری ڤایمار فیدراسیۆن بوون.
یەکێتی سۆڤیەت کە لە ساڵی ١٩٢٢ دامەزرا بە فەرمی فیدراسیۆنێکی کۆمارەکانی سۆڤیەت، کۆمارە ئۆتۆنۆمەکان و ڕەعییەتەکانی تری فیدراڵی بوو، ھەرچەندە لە ڕاستیدا لەژێر حکوومەتی ناوەندی یەکێتی سۆڤیەتدا بوو. فیدراسیۆنی ڕووسیاش سیستەمێکی ھاوشێوەی ھەیە.
ھیندستان، پاکستان، نەیجیریا و مالیزیا (ئەوکات فیدراسیۆنی مالایا) لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی بەریتانیا یان ماوەیەکی کەم پێش سەربەخۆبوونیان لە ئیمپراتۆرییەتی بەریتانیا بوونە فیدراسیۆن.
لە ھەندێک حاڵەتی ئەم دوایییەدا، فیدراسیۆنەکان وەک ڕێکارێک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ململانێی نەتەوەیی لەناو دەوڵەتێکدا دامەزراون، وەک بۆسنە و ھەرزەگۆڤین و عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە.
ئەمریکا کۆنترین فیدراسیۆنە کە لە ئێستاش ھەر بەردەوامە، لەکاتێکدا نوێترین فیدراسیۆن نیپاڵە، دوای ئەوەی دەستوورەکەی لە ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠١٥ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.[1]