عەلی کوڕی ئەبووتاڵیب
ئامۆزا و زاوای پێغەمبەر موحەممەد و خەلیفەی چوارەمی موسڵمانان / From Wikipedia, the free encyclopedia
عەلی کوڕی ئەبووتاڵیب کوڕی عبدولموتەڵیب هەروەها ناسراویشە بە باوکی حەسەن ( ١٣ ڕەجەب ٢٣ کۆچی / ١٧ی ئازاری ٥٩٩ی زایینی - ٢١ی ڕەمەزانی ٤٠ کۆچی / ٢٧ی کانوونی دووەم ٦٦١ی زایینی) ئامۆزا و زاوای پێغەمبەر محەممەد، لە بنەماڵەکەی, یەکێکە لە هاوەڵەکانی و چوارەم خەلیفەی ڕاشدین بەپێی سوننەت و یەکەم ئیمامە لە نێو شیعەکاندا. یەکێک لەو دە کەسانەیە مزگێنی بەهەشتی پێدراوە.
عەلی کوڕی ئەبووتاڵیب کوڕی عبدولموتەڵیب | |
---|---|
چوارەم خەلیفەی ڕاشدین | |
دەوڵەتی ئیسلامی لە سەردەمی عەلیدا، ناوچەی ڕەنگە سەوزە کاڵەکە بە تەواوەتی لەژێر دەسەڵاتی عەلیدا نەبووە. | |
ماوەی حوکم | (٣٥–٤٠ کۆچی) بەرامبەر (٦٥٦–٦٦١ زایینی)[1] |
لە دایکبوون | ٥۹۹زایینی |
شوێنی لە دایکبوون | مەککە، عەرەبستانی سعوودی |
وەفات | ٦٦١زایینی |
شوێنی وەفات | کووفە، عێراق |
شوێنی نێژران | نەجەف، عێراق |
جێگر | حەسەن کوڕی عەلی |
باوک | ئەبووتالیب کوڕی عەبدول موتەلیب |
دایک | فاتیمەی کچی ئەسەد |
ئایین | ئیسلام |
لە شاری مەککە لەدایکبووە و هەندێک سەرچاوەی مێژوویی ئاماژە بەوە دەکەن کە لەدایکبوونی لە ناو کەعبە بووە، [2] و دایکی فاتیمەی کچی ئەسەدە هاشمی بووە. پێش کۆچی پێغەمبەر موسڵمان بووە کەسی دووەم یان سێیەمە کە ئیسلامی لە باوەش گرتووە، و یەکەم کەسە لە کوڕەکان کە موسڵمان بووە. سێ ڕۆژ دوای پێغەمبەر کۆچی کرد بۆ مەدینە، پێغەمبەر محەممەدیش برایەتی لەگەڵ خۆیدا کرد کاتێک برایەتی لە نێوان موسڵماناندا کرد، لە ساڵی دووەمی کۆچەکەدا لەگەڵ فاتیمە هاوسەرگیری کرد.
عەلی بەشداری لە هەموو فەتحەکانی پێغەمبەردا کردووە، جگە لە شەڕی تەبوک کە تێیدا پێغەمبەر محەممەد شوێنی گرتەوە و بەرپرسی مەدینە بوو.[3] بە لێهاتوویی لە شەڕکردندا ناسرابوو، هەروەها هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ سەرکەوتنی موسڵمانان لە شەڕە جیاوازەکاندا، دیارترینیان شەڕی خەندەق و شەڕی خەیبەر بوو. عەلی لەلایەن پێغەمبەر محەممەدەوە متمانەی پێکرابوو.
پێگەی عەلی و پەیوەندییەکەی لەگەڵ هاوەڵانی پێغەمبەر، ناکۆکی مێژوویی و ئایدیۆلۆژی لە نێوان مەزهەبە ئیسلامییە جیاوازەکاندا دروستکردووە، هەندێکیان پێیان وایە کە خودا ئەوی وەک پارێزەر و ئیمام و خەلیفە بۆ موسڵمانان هەڵبژاردووە ئەوەش بەبەڵگەی ئەوەی پێغەمبەر لە وتاری غەدیردا ئەمەی ڕاگەیاند بۆیە هەڵبژاردنی ئەبووبەکر وەک خەلیفە بە پێچەوانەی ووتەکانی پێغەمبەر محەممەد دەزانن هەروەها پێیان وایە پەیوەندی هەندێک لە هاوەڵان لەگەڵیدا گرژ بووە. بە پێچەوانەوە هەندێکیان ڕەتیدەکەنەوە کە ڕووداوێکی لەو شێوەیە ڕوویدابێت و پێیان وایە پەیوەندی هاوەڵانی پێغەمبەر لەگەڵ عەلی باش و جێگیر بووە. جیاوازی بیروباوەڕ سەبارەت بە عەلی هۆکاری ڕەسەنی ململانێی نێوان سوننە و شیعەیە بە درێژایی سەدەکان.
لە ساڵی ٣٥ی کۆچی (٦٥٦ی زایینی) لە مەدینە وەکو خەلیفە هەڵبژێردرا و بۆ ماوەی پێنج ساڵ و سێ مانگ حوکمڕانی کردووە، سەردەمەکەی بە ناسەقامگیری سیاسی و ملاملانێی نێوان موسڵمانان وەسف کراوە، بەڵام بە پێشکەوتنی شارستانی بەرجەستە تایبەتمەند بووە، بە تایبەت لە پایتەختی خەلافەتی نوێ، کووفە. زۆر شەڕ ڕوویدا بەهۆی ئەو ململانێیەی کە بە درێژکراوەی ململانێی کوشتنی عوسمان دادەنرا، کە بووە هۆی تێکچوونی ڕیزەکانی موسڵمانان و دابەشبوونیان بەسەر شیعەکانی عەلی، خەلیفەی شەرعی، و شیعەکانی عوسمان کە داوای تۆڵەیان دةكرد، بە سەرۆکایەتی موعاویە بن ئەبی سوفیان کە لە سیفین شەڕی لەگەڵ کرد، و عائیشە کچی ئەبووبەکر، لەگەڵ تەلحە کوڕی عوبەیدوڵڵا و زوبەیر کوڕی عەوام. لە تەمەنی ٦٤ ساڵیدا، لە ٢١ ڕەمەزانی، ٤٠ کۆچی، ٦٦١ی زایینی شەهید بووە.
عەلی لە نێو موسڵماناندا بەهۆی قسەخۆشی و حیکمەتییەوە ناوبانگێکی زۆری هەبووە. بەپێی ئەو گێڕانەوەی کە لە کتێبەکانی فەرموودە و مێژوودا هاتووە بە هێمای بوێری و هێز و دادپەروەری و هەروەها یەکێک لە گەورەترین زانایانی سەردەمی خۆی دادەنرێت.