بۆشایی
From Wikipedia, the free encyclopedia
بۆشایی یان فەزا ئەو بەرفرەیییە بێسنوور و سێ ڕەھەندییەیە کە شتەکان و پێشھاتەکان تێیدا ڕوو دەدەن و ئاراستە و شوێنیان بەگوێرەیییە.
- ئەم وتارە لەبارەی چوارچێوەی گشتیی ئاراستە و دوورییەوە نووسراوە. بۆ بۆشاییی ئەوپەڕی کەشی زەوی، بۆشاییی دەرەکی ببینە. بۆ گشت بەکارچوونەکانی تر، بۆشایی (ڕوونکردنەوە) ببینە.
لە فیزیکدا، زۆرتر بۆشایی لە سێ ڕەھەنددا (پانی و درێژی و بەرزی) لە بەرچاو دەگیردرێ. ھەرچەند کە فیزیکزانەکانی ئەم سەردەمە بۆشایی وێڕای کات، بە بەشێک لە تێکتەنراوییەکی چوار ڕەھەندیی بێسنوور ناسراو بە کاتجێ دەزانن.
لە ماتماتیکدا، ژمارەی ڕەھەندەکانی بۆشایی دەتوانێ ھەر چییەک بێ.
دەوترێت کە چەمکی بۆشایی گرنگی و بایەخی بنەڕەتیی ھەیە بۆ تێگەیشتن لە گەردوونی فیزیکی. ئەمە لەگەڵ ئەوەدایە کە نایەکدەنگیی نێوان فەیلەسووفەکان لەسەر ئەوەی کە ئاخۆ بۆشایی خۆی بوونێکە، یان پێوەندییەکە لە نێوان بوونەکاندا، یان بەشێکە لە چوارچێوەیەکی تێگەیشتەیی، ھەر بەردەوامە.
زۆرێک لە پرسە فەلسەفییەکان لە سەدەی حەڤدەھەم و لە سەرەتای گەشەی میکانیکی کلاسیکدا سەریان ھەڵدا. لە ڕوانگەی ئیساک نیوتنەوە، بۆشایی ڕەھا (absolute) بوو - بە واتای ئەوە کە ئازاد و سەربەخۆ لە بوونی ماددە تێیدا، ھەردەم ھەبووە. دیکەی فەیلەسووفە سروشتییەکان، وەکوو گۆتفرید لایبنیتز، وا بیریان دەکردەوە کە بۆشایی کۆمەڵێک پێوەندی لە نێوان شتەکان بێت کە ئاراستە و دوورییان لە یەکتر، داویەتی بە دەستەوە. لە سەدەی ١٨ھەمدا، ئیمانوێل کانت بۆشایی و کاتی وەکوو ھێمانەکانی چوارچێوەیەکی ڕێکخراو وەسف کرد کە مرۆڤەکان بۆ شێوەدان بە ئەزموونەکانیان کەڵکی لێ وەردەگرن.
لە سەدەکانی نۆزدەھەم و بیستەمدا، ماتماتیکزانان دەستیان کرد بە تاوتوێکردنی ئەندازەی نائیقلیدسی کە تێیدا بۆشایی بۆی ھەیە چەماوە بێت، نەک تەخت.