نەتەوەی بێدەوڵەت
From Wikipedia, the free encyclopedia
نەتەوەی بێ دەوڵەت ئاماژەیە بۆ گرووپێکی ئەتنیکی یان نەتەوەیەک کە خاوەنی وڵاتی تایبەتی خۆی نییە و لە هیچ وڵاتێکیشدا زۆرینەی ئاپوورەی ئەو وڵاتە پێک ناهێنێت. دەستەواژەی بێ دەوڵەت پیشاندەری ئەوەیە کە ئەو گرووپە "پێویستە وەها وڵاتێکیان هەبێت". ئەندامانی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان ڕەنگە شارومەندی ئەو وڵاتەی بن کە تیایدا دەژین و هەروەها ڕەنگە لە لایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە مافی شارومەندییان لێ زەوت بکرێ. زۆرینەی نەتەوە بێ دەوڵەتەکان لە وەرزشە نێودەوڵەتییەکان و یان ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا وەک ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ نوێنەرێکیان نییە. نەتەوە بێ دەوڵەتەکان وەک وڵاتانی جیهانی چوارەم پۆلێنبەندییان بۆ کراوە. هەندێ لە نەتەوە بێ دەوڵەتەکان لە درێژەی مێژوودا سەردەمێک حکومەتیان هەبووە و هەندێکی دیکەش هەمیشە لە لایەن وڵاتاتان و نەتەوەکانی دیکەوە داگیر کراون و حکومەتی خۆیانیان نەبووە.
ئەم دەستەواژەیە ساڵی 1983 و لەلایەن زانایەکی زانستە سیاسییەکان بە ناوی ژاکووئێز لیروێز داهێنراوە و یەکەم جار لە کتێبی L'Écosse, une nation sans État لەسەر هەلومەرجی سەیر و سەمەرەی سکۆتلەند لە حکومەتی بەریتانیا، ئاماژەی پێدراوە. دواتر لە لایەن زانا سکۆتلەندییەکان وەک داڤید مەککرۆن، میشائیل کیتینگ و تی ئێم دیڤاین، قبووڵ کرا و لە نووسیندا بوو بە باو.
نەتەوە بێ دەوڵەتەکان یان بە چەند وڵاتدا بڵاو بوونەتەوە (بۆ نموونە خەڵکی یاکسانگ لیمبۆ کە دەکەونە ڕۆژهەڵاتی نیپال، سیکیم و دارجیلینگی هیندستان و باکووری ڕۆژئاوای بەنگلادێش کە هەموویان بەشێکن لە نەتەوەی یاکسانگ لیمبۆ؛ و خەڵکی یۆروبا کە دەکەونە وڵاتانی ئەفریقی نێجریا، بێنین و توگۆ) و یان بەشێکن لە ئاپوورەی وڵاتێک یان پارێزگایەک کە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتێکی گەورەتر (وەکوو ئۆیغوورەکانی چین کە نیشتەجێی ناوچەی خودموختاری شینجیانگی ئۆیغوورن). هەندێ لە نەتەوە بێ دەوڵەتەکان لە ڕابردوودا وڵاتێکی سەربەخۆیان هەبووە و دواتر لە لایەن حکومەت یان وڵاتێکی دیکەوە داگیر کراون؛ بۆ نموونە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی تبت لە ساڵی 1913ەدا بە فەرمی قبووڵ نەکرا و ساڵی 1951 جارێکی دیکە کۆماری چین ئەو ناوچەیەی داگیر کردەوە و داوای ئەوە دەکات کە تبت بەشێکی جودانەکراوە و حاشاهەڵنەگرە لە وڵاتی چین، لەحاڵێکدا کە حکومەتی تبت لە تاراوگە لەسەر ئەو باوەڕەیە کە تبت وڵاتێکی سەربەخۆیە و ئێستا بە شێوەی نایاسایی داگیر کراوە. [1] [2] کۆمەڵێک لە گرووپە ئەتنیکییەکان سەردەمێک بێ دەوڵەت بوونە و دواتر بوونەتە دەوڵەت (بۆ نموونە نەتەوەکانی بالکان وەک کرۆڤاتەکان، سیربەکان، بۆسنیاییەکان، سلۆڤێنیەکان، مۆنتەنەگرۆییەکان و مەقدوونییەکان سەردەمێک هەموویان بەشێک بوون لە وڵاتی فرەنەتەوەی یۆگۆسلاڤیا؛ پاش دابەشبوونی یۆگۆسلاڤیا ژمارەیەکی زۆر دەوڵەت-نەتەوەی نوێ دامەزران).
نەتەوە بێ دەوڵەتەکان ڕەنگە ئاپوورەیەکی ئێجگار زۆر و گەورەیان هەبێ، بۆ نموونە کوردەکان کە ئاپوورەیان بۆ پتر لە 30 ملیۆن کەس مەزندە دەکرێ و وەک گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت پێناسە دەکرێن. [3] چەندین نەتەوەی بێ دەوڵەت دەتوانن لە یەک ناوچەی جوگرافیایی یان یەک وڵاتدا بژین؛ بۆ نموونە تواریگ، تۆبۆ، ڕفیانز و کابیلە لە باکووری ئەفریقا؛ چاین، کاچاین، کارێن، مۆن، ڕەخینە، ڕۆهینگیا و شان لە میانمار؛ یان گالیکیانز، کانتابریانز، ئەستوریانز، ئارگۆنیز، باسکی، کەتەلانز، ڤالنسیەنز و ئەندەلۆسیەنز لە ئیسپانیا. [4]