کێوی پیرەمەگروون
From Wikipedia, the free encyclopedia
Remove ads
کێوی پیرەمەگروون (بە عەرەبی: جبل بیرة مکرون، بە ئینگلیزی: Piramagrun Mountains) ھەروەھا کێوە ئەفسووناوییەکەشی پێ دەوترێت. دەکەوێتە باکووری ڕۆژاوای شاری سلێمانی. ئەم کێوە، لەلایەن کورد بەگشتی و خەڵکی ناوچەکە بەتایبەتی، بە پیرۆز سەیر دەکرێت.
چەماوەی قۆقزی پیرەمەگروون، لەباکووری رۆژئاواوە درێژدەبێتەوە بەرەو باشووری رۆژھەڵات رێژەی لێژی زۆر زۆرە بەتایبەتی بەرووکاری سەرووی کە دەڕوانێت بەسەر مێرگەپاندا، درێژی ئەم چەماوە قۆقزە دەگاتە (٢٥کم) ئەمە سێیەمین بەرزترین شاخە لەسنووری پارێزگای سلێمانی دوای کێوی قەندیل و کێوی کونەکۆتر.[٢][٣] ھەروەھا دەیەم کێوی بەرزی کوردستانە. کێوەکە، لە زنجیرەیەک لووتکە و دۆڵ پێک دێت، لای خوارووی بە دۆڵێکی شێوە سێگۆشەیی کۆتایی دێت کە پێی دەوترێت دۆڵی زێوێ. ئەم دۆڵە لە رووی رۆژئاواوە بەھۆی دەربەندی زێوێوە دەبەسترێتەوە بە رێگەی دووکانەوە و لە خواروویەوە دەبەسترێتەوە بە گوندی یاڵانقۆزەوە. لە باکوور و رۆژھەڵاتیشەوە سنووری کێوەکە بریتییە لە دۆڵی قزلەر و مێرگەپان و تێکەڵ دەبێتەوە لەگەڵ کێوی سورداش. .[٤][٥]
Remove ads
ناو
پیر، لە کوردەواریدا بە کەسێک وتراوە کە وەکوو دەمڕاست یان سەرگەورە و رابەری ئایینی دەوری بینیووە، ئیتر لەسەر ھەر بیروباوەڕێک یان ئایینێک بووبێت. دەوترێت کە (پیر عومەر گورون) پیرێکی یارسانیی بووە و مەزارەکەی لەسەر کێوەکەیە نزیک گوندی زێوێ. برای (پیر مەنسورە) کە مەزارەکەی لە گەڕەکی پیرمەسوری سلێمانییە (پیرمەسور لە پیر منصور وەرگیراوە).
کۆنترین ناوی کێوی پیرەمەگروون، (کینپە/کینیا)یە، لە بنچینەدا لۆلۆبییەکان خەڵکی رەسەنی ناوچەکە ئەو ناوەیان لێ ناوە. لە (داستانی گلگامێش)دا ئاماژە بۆ کێوەکە کراوە، کە لە کاتی لافاوە گەورەکەدا کەشتییەکەی نووح بە ھەموو سەرنشینەکانییەوە بەو کێوەوە گیرساوەتەوە. ھەرچەندە ھەندێک رایان وایە کە کەشتییەکەی نووح لەسەر کێوی جوودی گیرساوەتەوە نەک پیرەمەگروون. ئەوان بە کێوی (نیمۆش) ناویان بردووە، نیمۆش ئەو ناوەیە کە لە بابلیدا بۆ ناوە رەسەنەکەی (کینپە) دانراوە.[٦]
Remove ads
جوگرافیا

کێوی پیرەمەگروون دەکەوێتە نێوان ھەردوو بازنەی پانی (35 34) و (35 51) لەباکوور و ھەردوو ھێڵی درێژی (45 04) و ( 45 28) لە رۆژھەڵات. دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای شاری سلێمانییەوە کۆمەڵێک گوند لەدامێنی کێوی پیرەمەگروون بەدەوریدا ھەیە وەک گوندەکانی کانی بەردینە، چەقچەق، فەیاڵ، ھەنارانی خواروو و ھەنارانی سەروو و قزلەر و شەدەڵە لەدامێنی سەروو.
لە دامێنی خوارووی سۆتکە، سورگەی سەروو، سورگەی خواروو، قەمەرتلی، دارتووی نەزەر، پیسکەندی و داربەڕولە، یاڵانقۆز، گردەبۆر، زێوێ، قەرەچەتان، سوسێی ئاڵەمەرە، حاجیتانی سەروو، سابوراوا، چاڵاغ، حاجی ئاوا، کانی شۆک.
Remove ads
مێژوو
لە سەرچاوە دێرینەکانی مێزۆپۆتامیادا، ئەو بۆچوونەی ڕوونکراوەتەوە کە زیاتر لە ٢٩٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا، پاشای ئاشوور (ناسیرپاڵ) ھێرش دەکاتە سەر ناوچەی شارەزوور، ئاماژە بە کێوی پیرەمەگروون دەکات و دەڵێت "کێوی (نیمۆش) ئەو کێوەیە کە لۆلۆبییەکان پێی دەڵێن (کینپە)". بینینی کێوەکە گرنگییەکی زۆری ھەبووە بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتەکەی، لەبەرئەوەی پێگەیەکی ئایینی بەرزی ھەبووە لەو سەردەمەدا، ھەر بۆیە لە نووسینێکدا دەڵێت "من یەکەم پاشای ئاشووریم کە کێوی رزگاریی نوح بابل دەبینم کە کەشتییەکەی لێ گیرساوەتەوە".
ئەدمۆنسی حاکمی سەربازیی بەریتانیا، لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا کە بە کوردستاندا گەڕاوە، باسی لەوە کردووە کە کێوی پیرەمەگروون لەلایەن خەڵکەکەیەوە بەناوی پیرێکی یارسانییەوە ناونراوە.
لە دیوی قەرەچەتان بۆ سەر کێوی پیرەمەگروون، پەرستگایەکی ئایینی زەردەشتی لێیە، لە کێوەکەدا وێنەی زەردەشت و ھێماکەی ھەڵکەنراوە. سەرەڕای ئەوەش، ھەندێک بیروبۆچوونی تر ھەیە کە دەڵێن "ئەو پەرستگایە، پەرستگای یارسانییەکانە". مێژووی پەرستگاکە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵەکانی زایینی، کە لە راستیدا وێنەی دوو پاشای ناوچەکە (میر قوڵی، ڕەبەنە)یە و شوێنەوارەکەیان ھەتا ئێستا ماوەتەوە.
بە بەردی ناوچەکە، چەندین شورای بەردین بە پانییەکی زۆر لەسەرەوە بۆ خوارەوەی کێوەکە دروست کراون، دەوترێت لە کاتی ھێرشی فتوحاتی ئیسلامدا بۆ سەر ناوچەکە، خەڵک بۆ بەرگریکردن لە خۆیان و دینەکەیان و بەرەنگاربوونەوەی سوپای ئیسلام دروستیان کردوون.[٧]
پێکھاتەی کێوەکە
لووتکەکانی کێوی پیرەمەگروون:
- لووتکەی پیرەمەگروون١(P1): ٢٦٢٤م لە ئاستی دەریاوە و ١٤٩٤م لە ئاستی ناوچەکەوە بەرزە.
- لووتکەی پیرەمەگروون٢(P2): ٢٥٦٨م لە ئاستی دەریاوە بەرزە، ئەم لووتکەیە لە ناوچەی زێوێ پێی دەڵێن لووتکەی (گەڕی کڵاو).
- لووتکەی ڕوومار: ٢٠٧٨م لە ئاستی دەریاوە بەرزە.
- لووتکەی باوگردان: ٢٠٥٠م لە ئاستی دەریاوە بەرزە.
- لووتکەی میرکوری: ١٧٣٩م لە ئاستی دەریاوە بەرزە.
- لووتکەی رەبەنە: ١٦٣٦م لە ئاستی دەریاوە بەرزە.
کێوی پیرەمەگروون بەشێوەیەکی قۆقزیی چەماوەتەوە، ئەم قۆقزییە بە درێژایی ٢٥کم لە باشووری رۆژھەڵاتەوە بەرەو باکووری رۆژئاوا درێژ دەبێتەوە و دەڕوانێت بەسەر ناوچەی مێرگەپاندا.
پیرەمەگروون، کێوێکی گڕکانییە. بەھۆی ئەوەی کە بەردەوام پلەکانی گەرما لە کێوەکە زۆر نزمە، بەدرێژایی ساڵ بەفری لێ نابڕێت. زۆرێک لە بەردەکانی ڕزیون و لە کاتی سەرکەوتن پیایدا لەژێر قاچ دەردەچن و مەترسی دروست دەکەن.
پیرەمەگروون، بە یەکێک لە کێوە گرنگەکان دادەنرێت لە رووی جۆری ڕووەک و گژوگیاوە. بەپێی لێکۆڵینەوە و سەرچاوەکانی زانکۆی سلێمانی، نزیکەی ٥٤٣ جۆر ڕووەک لەو کێوەدا ھەیە، کە چەند جۆرێکیان تەنھا لەوێ ھەن و لە عیراق و ناوچەکەدا بۆ یەکەم جار تۆمار کراون. ھەندێکیشیان لە رووی زانستی و چارەسەری گیاییەوە گرنگیی زۆریان ھەیە.
سەبارەت بە ئاژەڵی کێوی، ژمارەیەکی زۆر کەم ئاژەڵی کێویی لێ دەژی، زۆرێکیان بەھۆی راو و گەیشتنی دەستی مرۆڤ بە ناوچەکە لەناوچوون، ئەمە جگە لە ھۆکاری تێکچوونی ژینگەی ناوچەکە بەھۆی شەڕ و بەکارھێنانی ھەندێک کەرەستەی زیانبەخش لە کاتی شەڕەکاندا.
پیرەمەگروون، کێوێکی بورکانییە، کە لە سلێمانییەوە سەیری دەکەیت؛ شێوەی دەموچاوی کەسێک نیشان دەدات کە رووی بۆ سەرەوە بێت، بەھۆی ئەوەی پلەکانی گەرما لە کێوەکەدا زۆر نزمە، بە درێژایی ساڵ بەفری لێ نابڕێت.[٨]
کێوی پیرەمەگروون، لە سەرەتای دروستبوونی شارستانییەتەوە گرنگییەکی زۆری ھەبووە بۆ خەڵکی ناوچەکە. لە دوای ھێرشەکانی فتوحاتی ئیسلام و کوژرانی ئەو کەسایەتییە (پیر عومەر گورون) و ناشتنی تەرمەکەی لەسەر کێوەکە؛ ناوەکەی گۆڕاوە بۆ پیرەمەگروون. بوونی مەزاری ئەو کەسایەتییە لەو شوێنەدا، گرنگیی زۆری بۆ خەڵکی ناوچەکە ھەیە، بە چاوێکی پیرۆز سەیری دەکەن و سەردانی دەکەن. مەزارگەکە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە خزمەت دەکرێت، ھەندێک کەلوپەل و پێداویستیی رۆژانەی تێدا دانراوە بۆ ئەوانەی سەردانی دەکەن دەتوانن بەکاریان بھێنن. سەرگوزشتەیەکی خەیاڵیی ھەیە لەوبارەیەوە؛ گوایە ھەر کەسێک ئەو کەلوپەلانە بەکار بھێنێت و نەیانگەڕێنێتەوە؛ ئەوا بەر نەفرەت دەکەوێت و کەلوپەلەکان خۆیان دەگەڕێنەوە.[٩]
Remove ads
ئەمانەش ببینە
سەرچاوەکان
Wikiwand - on
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Remove ads