دەسەڵاتخوازی
From Wikipedia, the free encyclopedia
ئۆتۆریتاریانیزم ("دەسەڵاتخوازی") یان ئۆتۆریتاریزم (Authoritarianism/Autoritarisme) سیستمێکە لە حکوومەت کە بە ھێزێکی ناوەندی بە توانا و ئازادیگەلی سیاسی سنووردار تایبەتمەند کراوە. ئازادییە تاکە کەسییەکان پاشکۆی دەوڵەتە و لەژێر سێبەری ڕژێمی پاوانخواز وەڵامدانەوەی یاسایی بوونی نییە.[1] پێناسەکردنێکی ڕوونی ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکان دژوارە، چونکە چەمکەکە کۆمەڵێکی زۆر و جۆراوجۆر لە فۆڕمەکانی دەسەڵات لە خۆ دەگرێ. ئۆتۆریتاریزم بە چەندین جۆری ڕێژیم دەگوترێ کە نە دێمۆکراتن نە تۆتالیتەر، وەکوو: ڕێژیمە نیزامییەکان، ھەندێک لە پاشایەتییەکان، ھەندێک لە کۆمارییەکان و جۆرەکانیتر، بەڵام خاڵی ھاوبەشی ھەموویان کەڵکوەرگرتنی خراپە لە دەسەڵات. لە ھەموویاندا، دەوڵەت ھەوڵ دەدا لە جێگەی سازش لەگەڵ گرووپ و چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، لە ڕێگەی ھێزەوە حکوومەت بکا، لە جێگەی ڕازیکردن فەرمان بدا و لە جێگەی مافەکان ڕێسای کردەیی جێگیر بکا. بە پێچەوانەی ڕێژیمە تۆتالیتەرەکان، ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکان بەردەوام ھەوڵ دەدەن وێنەیەکی دێمۆکراتیک لە خۆیان پێشان بدەن، تەنانەت ھەندێکیان خۆیان بە دێمۆکراتیک ناو دەبەن. بەپێی پۆلێنبەندی ھاوچەرخی ڕێژیمە سیاسییەکان، ڕێژیمە ئۆتۆریتەرەکان نە دێمۆکراتیکن نە تۆتالیتەر، بەڵکوو لە نێوان ھەردوو جەمسەر دان (دیلان هەردی).[2]