From Wikipedia, the free encyclopedia
فوئاد مەعسووم ناوی تەواوی محەممەد فوئاد مەعسووم خدر ھەورامی سیاسەتوانێکی ناسراوی کوردە. لە ساڵی ٢٠١٤ی زایینیدا لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بۆ سەرۆک کۆماری عێراق ھەڵبژێردرا و بوو بە حەوتەم سەرۆک کۆماری عێراق و دووەمین سەرۆک کۆماری کورد کە سەرۆکایەتی عێراقیان کردبێت (لە دوای جەلال تاڵەبانی). فوئاد مەعسووم لە ساڵی ١٩٣٨ لە شاری کۆیە لە بنەماڵەیەکی ئایینیدا لەدایکبووە.[1]
فوئاد مەعسووم | |
---|---|
لەدایکبوون | ١٩٣٨ |
نیشتەجێی | عێراق |
نەتەوە | کورد |
پیشە | سەرۆک کۆماری عێراق |
پێش | جەلال تاڵەبانی |
حیزبی سیاسی | یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان |
ئایین | ئیسلام |
ھاوسەر | ڕوناک |
مناڵ(ەکان) | جوان |
فوئاد مەعسووم لە شاری کۆیە لەدایکبووە. بنەماڵەی ئەو پێشتر لە ناوچەی ھەورامانەوە ھاتوون بۆ شاری کۆیە.[2] ئەو لە قوتابخانە ئایینییەکانی کوردستان دەستی بە خوێندن کرد. دواتر لە زانکۆی بەغدا شەریعەتی ئیسلامی خوێند.[3] لە ساڵی ١٩٥٨ بۆ شاری قاھیرە کۆچی کرد ھەتاکوو بتوانێت درێژە بە خوێندنەکانی لە زانکۆی ئەزھەر بدات.[4] دواتر لە ساڵی ١٩٦٨ لە زانکۆی بەسرە بە مامۆستایی وەگیرا.[3] فوئاد مەعسووم لە ساڵی ١٩٧٥ بڕوانامەی PhD لە فەلسەفەی ئیسلامی لە زانکۆی ئەزھەر وەرگرت کە تێزەکەی لەسەر ئیخوان موسلیمین بووە لەژێر ناونیشانی (إخوان الصفا فلسفتهم وأفكارهم).[3][5]
لە ساڵی ١٩٦٢دا فوئاد مەعسووم بوو بە ئەندامی حیزبی شیوعی عێراق و ھەتا ساڵی ١٩٦٤ ھەر ئەندامی ئەم حیزبە بوو. لە ئەم ساڵەدا (١٩٦٤) لە دوای سەفەر بۆ سووریا و چاوپێکەوتنێک لەگەڵ خالید بەکداش، سکرتێری ئەوکاتی حیزبی شیوعی،[2] دوای پێزانین بەوەی کە خالید بەکداش ھەرچەند کە خۆی بە ڕەچەڵەک کوردە بەڵام دژ بە کورد خەبات دەکات، لە حیزبی شیوعی ھەڵگەڕاوە و بوو بە ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان.[6]
لە ساڵی ١٩٦٨دا مەعسووم نوێنەری پارتی دیموکڕاتی کوردستان بوو لە بەسرە. ھەروەھا ئەو ھەتا ساڵی ١٩٧٥ نوێنەری شۆڕشی کورد بوو لە پایتەختی وڵاتی میسر، قاھیرە.[2] لە ساڵی ١٩٧٦دا مەعسووم یەکێک لە بناغەدانەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو.[6] ساڵی ١٩٩٢ بوو بە یەکەم سەرۆک وەزیرانی کوردستان.[6] لە ساڵی ٢٠٠٣ و دوای ڕووخانی ڕژیمی بەعس، مەعسووم یەکێک بوو لە نوێنەرانی کورد کە چوونە بەغدا و لە پڕۆسەی نووسینی پێشنوونی یاسای بنەڕەتی عێراقدا بەشداریان کرد.[2] لە خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان ئەندامی پەرلەمان بووە.[7]
لە ساڵی ٢٠١٤دا فوئاد مەعسووم بە بەدەستھێنانی ٢١١ دەنگ لە پەرلەمانی عێراق بوو بە حەوتەمین سەرۆککۆماری عێراق.[8]
فوئاد مەعسووم لەگەڵ ڕووناک عەبدولوەحید مستەفا ھاوسەرگیری کردووە و پێنج کچی ھەیە: شیرین، جوان، زۆزان، شیلان و ویان. ئەو ھەروەھا کوڕێکیشی بوو بە ناوی شوان کە بەھۆی نەخۆشییەوە گیانی لە دەست دا.[9]
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.