ڕاستی
From Wikipedia, the free encyclopedia
ڕاستی یان حەقیقەت یان دروستی زیاتر بە مانای وێکھاتنەوە لەگەڵ فاکت یان واقیعە، یان وەفاداری بە پرەنسیپ یان ستانداردێک.[1] پرسی دروستی یەکێکە لە پرسە سەرەکییەکانی فەلسەفە و، ھزرڤانان و قوتابخانە فیکرییە جۆربەجۆرەکان بە چەشنی جیاواز وەڵامیان داوەتەوە. ھێشتا زۆرینەی فەیلەسووفان و لێکۆڵەران لەسەر پێناسەیەک بۆ وشەکە ڕێک نەکەوتوون و ڕوانگە و تیۆریی ھەمەجۆرە ھەر وەک ھەبووە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.
یەکەم پرسیارێ کە سەر بەرز ئەکاتەوە ئەوەیە کە دروستی چییە؟ کاتێ باوەڕ یا وتەیەک بە دروست ئەزانین، خەریکین چ تایبەتمەندییەک ئەخەینە پاڵی؟ پێش وەڵامدانەوە، ئەبێ دوو جۆر پرسیار لە بابەت دروستییەوە لێک ھەڵاوێرین. ھەندێ جار ئەپرسین دروستی چییە و مەبەستمان ئەوەیە کە «چییەتی» ی بناسین، واتە سەرجەم ئەو خسڵەتانەی کە ئەیناسێنێ و دەری ئەخا کە چییە. ھەندێ جاریش ئەپرسین کە چ شتێ دروستە و، مەبەستمان ئەوەیە کە ئەو باوەڕانە یا ئەو وتانە کە دروستن کامانەن. فەیلەسووفان خۆیان بە پرسیاری یەکەمەوە سەرقاڵ ئەکەن و زانایان بە پرسیاری دووەمەوە. زانایان بە دوای ئەوەوەن کە بابەتە دروستەکانی بواری تایبەتیی خۆیان بدۆزنەوە، لە حاڵێکدا فەیلەسووفان ئەیانەوێ چییەتیی دروستی ئاشکرا بکەن و لەپاڵ درانی تایبەتمەندیی «دروست» بە باوەڕەکان و وتەکان ڕوون بکەنەوە.[2]