ئەلبومێکی گرووپی ڕۆکی ئەمریکی ئێڤەنێسێنس From Wikipedia, the free encyclopedia
کەوتوو (بە ئینگلیزی: Fallen) یەکەم ئەلبومی دەرکەوتنی ستودیۆی گرووپی ڕۆکی ئەمریکی ئێڤەنێسنسە. دوای ئەوەی چەند تۆمارکراوێکی درێژخایەن و سیدییەکی دێمۆیان بڵاوکردەوە، گرووپەکە لە کانوونی دووەمی ٢٠٠١ گرێبەستیان لەگەڵ کۆمپانیای تۆمارکردنی وایند-ئەپ بەست. نووسینی گۆرانییەکانی ئەلبومەکە ٨ ساڵ پێشووتر دەستیپێکردبوو؛ ھەندێک لەو گۆرانیانەی کە لە ئەلبومەکەدا ھەن پێشووتر لە تۆمارە کۆنەکانی گرووپەکەدا ھەبوون و لە ئەسڵدا بۆ ئەو تۆمارە کۆنانە نووسرابوونەوە. تۆمارکردن بۆ ئەلبومەکە لە ستودیۆ لە بەینی ئاب و کانوونی یەکەمی ٢٠٠٢ لە چەند ناوچەیەکی جیاواز دەستیپێکرد، ستودیۆی «کۆنوەی» لە ھۆلیوودی کالیفۆرنیا یەکێک بوو لەو شوێنانە. بۆماوەی دوو ھەفتە لە ستودیۆی کۆنوەی ئەلبومەکە کاری میکسی لەسەرکراوە.
کەوتوو | ||||
---|---|---|---|---|
ئەلبومی ستودیۆ لە لایەن ئێڤەنێسنس | ||||
بڵاوبوونەوە | ٤ی ئازاری ٢٠٠٣ | |||
تۆماربوون | ٢٠٠٢–٢٠٠٣ تراک ڕێکۆرد ستودیۆس و ئێن-ئاڕ-جی ڕێکۆردینگ ستودیۆس، ئۆوشن ستودیۆس، کۆنوەی ڕێکۆردینگ ستودیۆس | |||
چەشن | ||||
ماوە | ٤٨:٥٢ | |||
بڵاوکەرەوە | وایند-ئەپ، ئێپێک | |||
بەرھەمھێنەر | دەیڤ فۆرتمن | |||
کاتزانیی ئێڤەنێسنس | ||||
| ||||
تاکەگۆرانییەکانی کەوتوو | ||||
|
کەوتوو لە ٤ی ئازاری ٢٠٠٣ بڵاوکرایەوە لە ڕێگەی تۆمارەکانی وایند-ئەپ و ئێپێکەوە.[1] کەوتوو سەرکەوتووترین بەرھەمی گرووپەکەیە تاکو ئێستا، بە ٧ میلیۆن فرۆشەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بەتەنھا و زیاتر لە ١٧ میلیۆن لە جیھاندا. ئەلبومەکە لەسەر ژمارە ٧ی بیلبۆرد ٢٠٠ جێگەی بۆخۆی کردەوە دوای فرۆشتنی زیاتر لە ١٤١٫٠٠٠ دانەی لە یەکەم ھەفتەی بڵاوبوونەوەیدا، دواتر توانی بگاتە ژمارە سێ لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٣. کەوتوو توانی بەسەرکەوتووانە بگاتە ژمارە ١ لە زیاتر لە ١٠ وڵات. ئەلبومەکە ٧ بڕوانامەی پلاتینی پێبەخشرا لەلایەن کۆمەڵەی پیشەسازی تۆمارکردنی ئەمریکاوە.
ھەڵسەنگاندنی کەوتوو ڕای تێکەڵ بۆ باشی لەسەر دەربڕدرا لەلایەن ڕەخنەگرانی مۆسیقاوە. ئەلبومەکە ٤ تاکەگۆرانی لەخۆگرتبوو کە پێکھاتبوون لە: بمھێنە بۆ ژیان، نەمرەکەم، ژێرکەوتن و دەبەنگی ھەمووان. ھەردوو گۆرانی «بمھێنە بۆ ژیان» و «نەمرەکەم» لە زیاتر لە ١٠ وڵات لە چارتەکاندا بەدیکران، بە ئوسترالیا، شانشینی یەکگرتوو و ویلایەتە یەکگرتووەکانیشەوە. ئەلبومەکە بووە ھۆی ٥ جار پاڵێورانی ئێڤەنێسنس لە ٤٦ەم پێشکەشکردنی خەڵاتە گرامییەکانی: ئەلبومی ساڵ، باشترین ئەلبومی ڕۆک، باشترین گۆرانی ڕۆک، باشترین نواندنی ڕۆکی سەخت و باشترین ھونەرمەندی نوێ. گرووپەکە توانی دوو خەڵاتی گرامی بەسەرکەوتووی ببەنەوە لەم پێنج پۆلەدا.
دوای ئەوەی ئێڤەنێسنس لەلایەن ئەیمی لی و بێن موودی لە ساڵی ١٩٩٥ دامەزرا، گرووپەکە سێ تۆمارکراوی درێژخایەن و یەک سیدی دێمۆیان بڵاوکردەوە. لە کانوونی دووەمی ٢٠٠١ ئەوان گرێبەستیان لەگەڵ تۆمارەکانی وایند-ئەپ بەست، یەکەم کۆمپانیای تۆماکردنی مەزنیان.[2] نووسینی کەوتوو ھەشت ساڵی پێچوو؛ لە چاوپێکەوتنێکی سەر میوزیک تیڤیدا، موودی ڕایگەیاند کە لەماوەی ئەو ھەشت ساڵەدا تەنھا «دوو یان سێ جار» لەگەڵ لییا بەیەکەوە گۆرانیان نووسیوەتەوە.[2]
ئەلبومەکە لە کالیفۆرنیا لە تۆمارگەی تراک ڕێکۆرد، NRG، ئۆوشن و کۆنوەی تۆمارکراوە.[3] گۆرانییەکان وەک دێمۆ تۆمارکراون پێش ئەوەی بە فەرمی تۆماربکرێن، و گۆرانی «نەمرەکەم»، «ئەفسانەیی» و «چرپە» ھەرسێکیان لە بەرھەمی پێشووتری گرووپەکە دەرکەوتوون.[2] ئەلبومەکە لە کۆتایی ئاب و دەستپێکردنی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٢ تۆمارکراوە و میکس کراوە. تۆمارکردن لە تۆمارگەی ئۆوشن دەستیپێکرد لە بوربانک، کە گۆرانی «بمھێنە بۆ ژیان»ی لێ تۆمارکرا.[4] ئەم گۆرانییە دواتر لە فیلمی «دەیردێڤڵ» بەکارھاتووە.[5] بۆ ئەو گۆرانییە، جەی باومگاردنەر میکسێکی لە ستودیۆکەی خۆی NRG بەکارھێنا.[6] تراکی تەپڵەکان کە لەلایەن جۆش فریزەوە ژەنراوە ھەر لە تۆمارگەی ئۆوشن تۆمارکراوە. ھەروەھا گیتاری ستێریۆ و بەشێکی بچووکی دەنگی پشتێنەی گۆرانییەکە ھەر لەلایەن ئەوەوە تۆمارکراون.[6]
گیتارەکان لە تۆمارگەی «ماد دۆگ» لە بوربانک بۆ ئەلبومەکە بڕدراون و گیتارێکی «مێسا بووگی» کۆن بەکارھاتووە. دەنگی لی، پیانۆ و دەنگی پشتینە لە تۆمەرگەی NRG تۆمارکراون.[6] بەشە ئۆرکێستراکانی گۆرانییەکە لەلایەن دەیڤد ھاجێز و دەیڤد کامبڵەوە ڕێکخراون بێجگە لە گۆرانی نەمرەکەم، ئەوەیان گرەیم ڕێڤڵ نووسەری بووە. کەوتوو بۆ ماوەی دوو ھەفتە کاری میکسی بۆ کراوە لە تۆمەرگەی کۆنوەی لە باکووری ھۆلیوود.[6]
«نەمویست زۆر تەزویر بێت. من زۆر ئارەزووی ئامێری ئەلیکترۆنی و دەستکاریکردنی ئەلیکترۆنی دەکەم، بەڵام ویستم سەرەتا وەک گرووپێکی ڕۆکی ڕاستەقینە خۆمان دابمەزرێنین. ئێمە بەڕاستی ھەموو بەشەکان دەژەنین: ئامێرە تەلدارەکان ڕاستین، کۆرسەکان ڕاستین، پیانۆکان ڕاستین. [...] پێموایە یەکێک لە باشترین شتەکان لەبارەی ئەلبومەکەوە ئەوەیە کە وەک ئەوە وایە کە سەیری فیلمێک بکەیت لە سەرەتاوە بۆ کۆتا.» –بێن موودی[6]
بەپێی ئەیمی لی، «ژێرکەوتن» لەبارەی پەیوەندییەکی خۆشەویستی پێشووەوەیە کە لەڕووی دروونی و جەستەییەوە ئازاربەخش بووە: «کاتێک کە لە کۆتایی پەتەکەدایت، کاتێک پێی دەزانیت کە شتێک دەبێت بگۆڕدرێت، ناتوانیت بەو شێوازە بەردەوام بیت. [گۆرانییەکە] باشە، گۆرانییەکی زۆر بەھێزە.»[7] ژێرکەوتن دووەم تاکەگۆرانی ئەلبومەکە بوو.[8] گۆرانیی بمھێنە بۆ ژیان، گۆرانییەکی نیو مێتاڵ-ڕاپی ڕۆکە.[9][10] گۆرانییەکە بە کاتی گشتی نووسراوە و تێمپۆیەکی مامناوەندی ھەیە (٩٦ لێدان لە خولەکێکدا)، لەلایەن لی، بێن موودی و دەیڤد ھاجێز نووسراوەتەوە. بیرۆکەی گۆرانییەکە کاتێک دروستبووە کە ناسیاوێک لە خواردنگەیەکدا پرسیاری لە لی کردووە کە ئایا ئەو لەو پەیوەندییە خۆشەویستییەی ئەوکاتە ھەیبووە دڵخۆشبووە یاخود نا. لی ئەو کاتە پێی زانی کە ئەو دڵی خۆش نەبووە و «بە ئاگا» ھاتۆتەوە، ھەر وەک لە ھۆنراوەی گۆرانییەکەدا دەردەکەوێت «لە ناخەوە بە ئاگام بێنە.»[11] لی ڕایگەیاند کە گۆرانییەکە لەبارەی ھاوڕێی درێژخایەنی، جۆش ھارتزلەر نووسراوە، کە لە ٢٠٠٧دا ھاوسەرگیری لەگەڵ کردووە کردووە.[12]
دەبەنگی ھەمووان، ھەروەھا لەلایەن لی، موودی و ھاجێز نووسراوە، لەبارەی ھونەرمەندانی ساختەوەیە.[13] لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ VH1، لی وتی: «خوشکە بچووکەکەم بەڕاستی ئارەزووی بەم–نامەوێت ئازاری کەس بدەم–ھونەرمەندە ساختە و بێ شەرم و بەدڕەوشتانە دەکرد، کە منی زۆر تووڕەکرد. ئەو خەریک بوو وەک ئەوان پۆشاکی دەپۆشی و تەمەنیشی تەنھا ھەشت ساڵانێک دەبوو. بۆیە من لەبارەی ئەمەوە قسەم لەگەڵ کرد و گۆرانییەکەم نووسی.»[13] نەمرەکەم، گۆرانییەکی ھەڵبەستیی پیانۆ و ڕۆکە.[14] لەلایەن موودی نووسراوە و کورتەیەکیشی لی نووسیوێتی، لەبارەی چیرۆکێکی کورتەوەیە کە موودی نووسیوێتی، لە نامیلکەی ئەلبومەکەدا، گۆرانییەکە پێشکەش دەکات بە باپیرەگەورەی، بیڵ ھۆڵکۆمب.[3] گۆرانی ھانتدیش ھەمان شت لەبارەی کورتە چیرۆکێکەوەیە کە موودی نووسیوێتی، کە لەسەر فۆرمەکانی ھەوادارانی ئێڤەنێسنس بڵاوکراوەتەوە، EvBoard.com.[15] گۆرانی پەستێنەر یاخود تۆرنیکێت بە ڕەسەنی بۆ گرووپێکی کریستیان مێتاڵ نووسراوەتەوە بەناوی سۆڵ ئیمبرەیسد، لەلایەن ئەندامی پێشووی گرووپی ئێڤەنێسنسەوە، ڕاکی گرەی.[16] گۆرانی ئەفسانەیی، یەکەمینجار لە تۆمارکراوی درێژخایەنی ١٩٩٨ی گرووپەکە بیستراوە،[17] کە بە ناوی ئێڤەنێسنس بووە، کە یەکەمجار ویسترا وەک چوارەم تاکەگۆرانی ئەلبومەکە بڵاوبکرێتەوە.[18] ھۆنراوەی گۆرانیی دەستم بەسەردا دەگرێت، لەبارەی ئالوودەبوونی کەسێکی ترە بە لییەوە.[19] گۆرانیی سڵاو لەبارەی یەکێک لە خوشکەکانی لییەوەیە، کە لە ساڵی ١٩٨٧ بەھۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە.[20] ھۆنراوەکانی کۆتا ھەناسەم لەبارەی ڕزگاربوونی سۆزدارییەوەیە بەبێ خوازەی ھەوا.[19] گۆرانی چرپە کۆرسی مێلینیوم لەخۆ دەگرێت، کە بە زمانی لاتینی گۆرانی دەبێژن.[19] لەسەر نامیلکەی ئەلبومەکە ھەریەکێک لە بەشداربووان و گۆرانیبێژانی کۆرسی مێلینیوم ئاماژەیان پێکراوە.[21]
کەوتوو دەنگی تێکەڵ بۆ باشی پێدرا لەلایەن ڕەخنەگرانی مۆسیقاوە. جۆنی لۆفتەسی ئۆڵمیوزیک سێ ئەستێرە و نیوی لە پێنج پێدا و وتی «ئەلبومەکە نویمێتاڵی تێدایە («وەک ژێرکەوتن» و «گەمژەی ھەمووان») بەڵام زیاتر سیمفۆنیک ڕۆکن وەک گرووپی تایپ ئۆ نێگەتڤ کە کاریگەری لەسەر زۆربەی کەوتوو ھەبووە.»[22] ئینتەرتەینمێنت ویکڵی لە پێداچوونەوەیەکی بە گشتی باشدا، –B بە ئەلبومەکە دا: «ئەو چەشنە مۆسیقا کۆنەی کە پێی دەوترێت نیو مێتاڵ بەڕاستی پڕ نییە لە گۆرانیبێژی دەنگ خۆش– تەنانەت ژنیشی تێدا نییە. ئەیمی لی، گۆرانیبێژی سەرەکی گرووپی تاریکی ئارکنساس، ئێڤەنێسنس، نموونەیە.»[24] لە ڕەخنەیەکی تێکەڵدا، کیرک میڵەری ڕۆڵین ستۆن سێ ئەستێرەی لە پێنج بە کوتوو دا و وتی: «کاتێک گۆرانیبێژ ئەیمی لی ھاواری ھۆنراوەکانی وەک 'لە ساحەی گوڵە وەرەقەکانمدا' یان 'پەشیمانی ئاڵم لێ دەچۆڕێت' تۆزقاڵە ھەستێکی ترسناک بە کەوتوو دەبەخشێت و ئەمەش شتێکە کە زۆربەی کوڕە مێتاڵە نوێکان لێیان کەمە.»[26]
ئێدریان بێگراندی پاپ ماتەرز ڕەخنەی لە کەوتوو گرت و وتی کە «بەقەد ھەموو ئەو شتانەی تری ناو چەشنەکەیدا ناڕەسەن و کەمە. ھەندێک ساتی باشی ھەیە، بەڵام ناویستی گرووپەکە بۆ کەمێک سەرکێشی وای لێ کردوون کە گرووپەکە لە نیو-مێتاڵدا بگەوزێن.» بەڵام بێگراند دەستخۆشی لە دەنگە «خۆش و جوان و فریشتەیی»ەکەی لی لرد و وتی کە «ئێڤەنێسنس ھیچ نابێت بەبێ ئەو.»[25] مێلیسا مێرزی سپین ٤ ئەستێرەی لە ٥ بە ئەلبومەکە دا و وتی «نیو مێتاڵ لە یاساکانی ئاندرو ڵۆید وێبەر دەردەچێت ھەر ئەو کاتەی کە لی دەست دەکات بە ژەنینی پیانۆکەی بە شێوەیەکی زۆر باش و بەشێکی ئامێرە تەلدارەکان زیاد دەکات و کێشە گەورەکان بیشان دەدات – خوا (پەستێنەر)، خۆشەویستی (ژێرکەوتن) لەگەڵ خۆشەویستی (بمھێنە بۆ ژیان)» بەپێی ڤیلج ڤۆیس، ڕەخنەدار ڕۆبێرت کرستەگۆ لەسەر ئەلبومەکە وتوویەتی «دەنگە سۆپراڵتۆکەی لی بەرھەستێکی شیرین دەبەخشێت بە مۆسیقا گۆت مێتاڵەکەیان.»[27]
ئەلبومی کەوتوو سەرکەوتنێکی مەزنی بەدەستھێنا، ١٧ میلیۆن دانە لە ئەلبومەکە فرۆشراوە لە ساڵی ٢٠٠٣وە تاوەکوو ئێستا.[29] ئەلبومەکە پلەی حەوتەمی بەدەست ھێنا لە بیلبۆرد ٢٠٠ بە زیاتر لە ١٤١٬٠٠٠ فرۆشەوە لە حەفتەی یەکەمی دەرچوونی،[30] و زیاتر لە ٧٫٦ میلیۆن دانەی لێ فرۆشرا لە ساڵی ٢٠٠٣وە بۆ تشرینی یەکەمی ٢٠١١ لە ویلایەتە یەکگرتووەکان.[31] کەوتوو پلەی ٨ی باشترین فرۆشی ئەلبومی ساڵی ٢٠٠٤ی بەرکەوتووە[32] و پلەی ١٩ی باشترین فرۆشی ئەلبومی دەیەی ٢٠٠٠ی بەرکەوتووە.[33] لە تشرینی یەکەمی ٢٠١١دا، ئەلبومەکە بۆ ماوەی ١٠٦ ھەفتە لە بیلبۆرد ٢٠٠ جێگەی خۆی کردەوە،[31] ٥٧ حەفتەی ئەو ماوەیە لە «باشترین ٢٠» ئەلبومی بیلبۆرد ٢٠٠ مایەوە. ئەلبومەکە لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٠٣ ژمارە ٣ی بیلبۆردەکەی داگیر کرد،[34] دواتر دووبارە لە بیلبۆردەکەدا خۆی بینییەوە لە ژمارە ١٩٢دا لە ١٣ی ئازاری ٢٠١٠. ئەلبومەکە بۆ ماوەی ٢٢٣ حەفتە لە بۆردی باشترین کەتەلۆکی پاپ مایەوە دوای ئەوەی لە بیلبۆرد ٢٠٠ دەرچوو.[35] کۆمەڵەی پیشەسازی تۆمارکردنی ئەمریکا (RIAA) بڕوانامەی پلاتینی بە ئەلبومەکە بەخشی لە ساڵی ٢٠٠٣، ھەتاکوو حوزەیرانی ٢٠٠٨، ٧ جار بڕوانامەی پلاتینی پێ بەخشراوە.[36]
لە چارتی ئەلبومەکانی شانشینی یەکگرتوودا، ئەلبومەکە ژمارە ١٨ی بەدەستھێنا بە ١٥٬٥٨٩ فرۆشەوە.[37] دوای ٧ حەفتە، ئەلبومەکە گەیشتە ژمارە ١ بە ٣٨٬٥٧٠ فرۆشەوە، دوای ئەوەی تاکەگۆرانیی «بمھێنە بۆ ژیان» ژمارە ١ی چارتی تاکەگۆرانییەکانی شانشینی یەکگرتووی بەرکەوت.[37] کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٠٣ ئەلبومەکە زیاترین فرۆشی بە خۆیەوە بینی لە حەفتەیەکدا لە شانشینی یەکگرتوو کاتێک ٥٦٬١٩٣ دانەی لێ فرۆشرا، ھەرچەندە ئەو حەفتەیە لە ژمارە ٢٨ی چارتەکاندا بوو.[37] ئەلبومەکە دووبارە چووەوە ناو چارتەکانی شانشینی یەکگرتوو ھەر دوای بڵاوبوونەوەی دووەم ئەلبومی ستودیۆی گرووپەکە: دەرگا کراوەکە.[38][39] لە ڕێکەوتی دەرچوونی ێەلبومەکەوە ھەتاکوو تشرینی یەکەمی ٢٠١١، ئەلبومەکە ١٬٣٦٬٩٠٠ دانەی لێ فرۆشراوە لە شانشینی یەکگرتوو.[37] کەوتوو لە چەندین ناوچەی تری جیھانیش سەرکەوتنی بەدەست ھێناوە، لە زیاتر لە ١٠ وڵات لە چارتەکاندا جێگەی خۆی کردووەتەوە و لە زیاتر لە ٢٠ وڵات توانیوێتی بگاتە «باشترین ١٠ ئەلبوم»ـی چارتەکان. بەپێی ئامارەکانی نیڵسن ساوند سکان، لە کەنەدا، ئەلبومەکە زیاتر لە ٣ مانگ لەسەر چارتی ئەلبومەکانی کەنەدا ماوەتەوە و دوای ئەو ماوەیەش لە کۆتاییدا ژمارە ١ی چارتەکەی بەرکەوتووە بە ٨٬٩٠٠ فرۆشەوە لە ١٣ی ئابی ٢٠٠٣.[40]
ھەرچەندە ئێڤەنێسنس سەرەتا لە فرۆشگا مەسیحییەکان ڕێکلامیان بۆ دەکرا، گرووپەکە ڕوونیان کردەوە کە ئەوان گرووپێکی کریستیان ڕۆک نەبوون و نەشیان ویستووە بە گرووپێکی مەسیحی ناوببرێن.[41] لە نیسانی ساڵی ٢٠٠٣دا، بەڕێوەبەری تۆمارەکانی وایند-ئەپ، ئالان مێڵتزەر، پەیامێکی بۆ ڕادیۆ و فرۆشگاکان نارد کە تێیدا ڕوونی کردەوە کە ھەرچەندە مۆسیقاکەی ئێڤەنێسنس زۆر بەناوبانگ بووە و لە ناو کۆمەڵگەی مەسیحیدا دەرکەوتووە و ناودار بووە، ئێڤەنێسنس گرووپێکی سێکیولار و بێلایەنن و مۆسیقاکەشیان تەنھا بۆ کات بەسەربردنە.[42] مێڵتزەر وتیشی کە «تەنانەت کۆمپانیای تۆمارکردنەکە وا ھەست دەکات کە [ئێڤەنێسنس] چی تر لە فرۆشگا مەسیحییەکاندا [جێیان نابێتەوە].»[42] ھەر دوای وەرگرتنی ئەو پەیامە، زۆرێک لە ڕادیۆ ئایینییەکان گۆرانییەکانی کەوتوویان لە پێڕستی گۆرانییەکانی سەر ڕادیۆکەیان دەرھێنا.[42] تێری ھێمینگز کە بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردن و بڵاوکردنەوەی مەسیحی پرۆڤیدێنت بوو، سەری لە بڕیاری گرووپە سووڕما و وتی کە «ئەوان بە ئاشکرا دەیانزانی کە گۆرانییەکان لەم کەناڵە [مەسیحییانە] دەفرۆشرێن.»[43] لە ساڵی ٢٠٠٦دا، ئەیمی لی بە بیلبۆردی وت کە ئەو دژی ناساندی ئێڤەنێسنس بووە وەک گرووپێکی مەسیحی «ھەر لە سەرەتاوە»؛ بێن موودی پشتی ئەو بیرۆکەیەی گرتووە، لەکاتێکدا لی دژی بووە.[44]
ھەموو ئاوازەکان لەلایەن ئێڤەنێسنسەوە دانراون.
ژمارە | ناو | نووسەر(ەکان) | ناوی گۆرانی بە ئینگلیزی | ماوە |
---|---|---|---|---|
١. | «ژێرکەوتن» | Going Under | ٣:٣٥ | |
٢. | «بمھێنە بۆ ژیان» (پۆل مەککۆی گۆرانیبێژی میوانە) |
| Bring Me To Life | ٣:٥٦ |
٣. | «دەبەنگی ھەمووان» |
| Everybody's Fool | ٣:١٦ |
٤. | «نەمرەکەم» |
| My Immortal | ٤:٢٣ |
٥. | «ھانتد» |
| Haunted | ٣:٠٥ |
٦. | «پەستێنەر» (کەڤەری گرووپی «سۆڵ ئیمبرەیسد») |
| Tourniquet | ٤:٣٨ |
٧. | «ئەفسانەیی» |
| Imaginary | ٤:١٦ |
٨. | «دەست بەسەرمدا دەگرێت» |
| Taking Over Me | ٣:٤٩ |
٩. | «سڵاو» (ھەرگیز ڕاستەوخۆ پەخش نەکراوە) |
| Hello | ٣:٤٠ |
١٠. | «دوا ھەناسەم» |
| My Last Breath | ٤:٠٧ |
١١. | «چرپە» |
| Whisper | ٥:٢٧ |
١٢. | «نەمرەکەم» (وەشانی گرووپەکە) |
| My Immortal | ٤:٣٣ |
ماوەی گشتی: | ٤٦:٠٩ |
ئاماژەپێکردنەکان لەسەر ماڵپەڕی ئۆڵمیوزیک[21] و تێبینییەکانی سەر ئەلبومەکە وەرگیراوە.
ناوچە | ڕێکەوت | کۆمپانیای تۆمارکردن | شێواز | پۆل |
---|---|---|---|---|
ویلایەتە یەکگرتووەکان[45] | ٤ی نیسانی ٢٠٠٣ | تۆمارەکانی وایند-ئەپ | سیدی، داونلۆدی دیجیتاڵی | ٦٠١٥٠-١٣٠٦٣-٢ |
کەنەدا[46] | ١ی نیسانی ٢٠٠٣ | تۆمارەکانی وایند-ئەپ، ئێپیک ڕێکۆردس | EK 91746 | |
نەمسا[47] | ٢٨ی نیسانی ٢٠٠٣ | WIN 510879 2 | ||
ئەڵمانیا[47] | ||||
شانشینی یەکگرتوو[47] | WIN 687043 2 | |||
ئوسترالیا[48] | ١٩ی ئایاری ٢٠٠٣ | ٥١٠٨٧٩٢٠٠ | ||
فەڕەنسا[47] | ٢٠ی ئایاری ٢٠٠٣ | WIN 510879 2 | ||
یابان[49] | ٧ی تەموزی ٢٠٠٣ | ئێپیک/سۆنی ڕێکۆرس | EICP-253 | |
٩ی ئەیلولی ٢٠٠٣ | دەستکاریکردنێکی کاتی سیدی و دیڤیدی | EICP-242 | ||
ئوسترالیا | ٢٦ی کانونی دووەمی ٢٠٠٤ | تۆمارەکانی وایند-ئەپ، ئێپیک ڕێکۆردس | CD reissue | WIN 510879 9 |
ئەڵمانیا | ||||
فەڕەنسا | ٤ی شوباتی ٢٠٠٤ | |||
شانشینی یەکگرتوو | ٢٣ی شوباتی ٢٠٠٤ | |||
ئۆستریا | ٢٥ی ئەیلولی ٢٠٠٩ | تۆمارەکانی وایند-ئەپ، EMI | WIN 687043 2 | |
ئەڵمانیا | ||||
شانشینی یەکگرتوو | ٢٥ی ئەیلولی ٢٠٠٩ | |||
فەڕەنسا | ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٩ | |||
یابان | ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١ | EMI میوزیک جەپان | دەستکاریکردنێکی کاتی سیدی | TOCP-54276 |
ویلایەتە یەکگرتووەکان | ٢١ی ئایاری ٢٠١٣ | تۆمارەکانی وایند-ئەپ | دووبارە دروستکردنەوە (دەستکاری کردن و ڕیماستەر) | ٦٠١٥٠-١٣٣٥٩-١ |
شوێنی ئەلبوم
چارتەکانی کۆتایی دەیە
|
چارتەکانی کۆتایی ساڵ
|
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.