گرتە
From Wikipedia, the free encyclopedia
گرتە [1] یان داتاشراو[2] (بە ئینگلیزی: Derivative) یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی ھەژماری جیاکاری و بابەتێکی ھەرە گرینگی لقی شیکاریی بیرکارییە و لەگەڵ چەمکی تەواوکاری دوو ژێربابەتی سەرەکی بیرکاری پێکدێنن. چەمکی گرتە، وەکوو تەواوکاری، لە بابەتێکی ئەندازەیی، واتە دۆزینەوەی ھێڵی لێکەوتی چەماوەیەک لە خاڵێکدا بەرھەم دێت و تا سەرەتاکانی سەدەی ١٧ زایینی، بەر لەوەی ماتماتیکزانی فەڕانسەوی، فێرما بەھایەکانی ئەوپەڕی (ئێکستێرمۆمەکانی) ھەندێک فانکشنی دیاریکراو بدۆزیتەوە، پێناسە نەکرابوو. فێرما بەو ئەنجامە گەیشت ھێڵەکانی لێکەوت لەو خاڵانە کە فانکشنەکان، گەورەترین (ماکسیمۆم) یان بچووکترین (مینیمۆم) بەھایان ھەیە، دەبێت ئاسۆیی بن. لەبەر ئەوە ئەو بیرۆکە لەلای دروست بوو پەیوەندییەک بدۆزیتەوە لە نێوان بابەتی دیاریکردنی بەھایەکانی ئەوپەڕی فانکشن و بابەتی لێکەوتە ئاسۆیییەکان. لە ئەنجامی ھەوڵەکانی فێرما بۆ شیکاریکردنی ئەو بابەتە چەمکی گرتە ھاتە ئاراوە.
لە سەرەتادا زانایان لەو باوەڕەدابوون کە لە نێوان بابەتی ڕووبەری سنووردراوی ناوچەیەک و دۆزینەوەی ھێڵی لێکەوتی چەماوەیەک، پەیوەندییەک نادۆزرێتەوە، یەکەم کەس ئیساک بارۆ مامۆستای ئیساک نیوتۆن بوو کە بەو ئەنجامە گەیشت لە نێوان ئەو دوو چەمکەی بە ڕواڵەت دوور لەیەک، پەیوەندییەکی نزیک ھەیە. پێناسەی گرتە بەم شێوەی ئەمڕۆکە دەبینرێت، یەکەم جار لە ساڵی ١٦٦٦ زایینی بە تێکۆشانی نیوتۆن و چەند ساڵ پاش ئەو، لایبنیتس بەجیا داھێنرا. ئەم دوو زانایە لە درێژەی چالاکییەکانیاندا دیسانیش ھەر بەجیا بەشی دووھەمی شیکاریی بیرکاری، واتە ھەژماری تەواوکارییان پێناسە کرد. گەشەکردنی جیاکاری و تەواوکاری بۆ ھەوڵی زاناکانی بیرکاری ئۆگوستین-لوی کۆشی، بێرنارد ڕیمان و براکانی بێرنۆلی ژاکوب و یوھان، دەگەڕێتەوە. گیوم لۆپیتاڵ (بە فەڕەنسی: Guillaume de l'Hôpital)، زانای فەڕەنسەوی، لە ساڵی ١٦٩٦ یەکەمین کتێبی وانەی شیکاریی بیرکاری بڵاو کردەوە، کە کورتەباسێک بوو لە وانەکانی مامۆستاکەی یوھان بێرنۆلی، لەم کتێبەدا باس لە ڕێسای لۆپیتاڵ، کراوە کە ڕێسایەکە بۆ لابردنی نادیاری لە ڕادەکاندا، ئەم ڕێسایە بە ناوی لۆپیتاڵ ناسراوە، بەڵام لە ڕاستیدا یوھان بێرنۆلی داھێنەری ئەم ڕێسایە.