ھەڵبژاردنی سروشتی
From Wikipedia, the free encyclopedia
ھەڵبژاردەی سروشتی بریتییە لە توانا و غەریزەی بەردەوام بوون لە ژیان و زازوێ کردنی تاکەکان بەھۆی جیاوازیان لە ھەڵسوکەوت دا. ھەڵبژاردەی سروشتی ڕێکارێکی سەرەکی پەرەسەندن پێکدەھێنێت و چارلز داروین ھەستا بە ناساندن و بڵاوکردنەوەی دەستەواژەکە و بەراوردکردنی بە ھەڵبژاردەی دەستکرد کە ھەڵبژاردەی دەستکرد کردەیەکی خۆویستانەیە بەڵام ھەڵبژاردەی سروشتی خۆویستانە نییە.
گۆرانکاری لە ھەموو کۆمەڵە زیندەوەرەکان دا بوونی ھەیە. ئەم گۆرانکارییە ڕوودەدات بەھۆی سەرھەڵدانی بازدانی ھەڕەمەکی لە جینۆمی تاکە زیندەوەرێک دا کە دواتر ئەو بازدانانە دەکرێت بگوازرێتەوە بۆ وەچەکانیان. بەدرێژای ژیانی تاکەکان، جینۆمەکان بە بەردەوامی کارلێک دەکەن لەگەڵ ژینگەکانیان دا بۆ ھێنانەدی گۆرانکاری لە خەسڵەتەکانیان دا و ژینگەی جینۆمەکە پێکدێت لەمانە (زیندەزانی خانەیی ناو خانەکە، خانەکانی دیکە، تاکەکانی دیکە، کۆمەڵەکان، جۆرەکان و ژینگە نازیندووەکان). لەبەرئەوەی ئەو تاکانەی خاوەنی چەند خەسڵەتێکی دیاریکراوی جیاوازن مەیلیان زیاترە بۆ بەردەوامی و زۆربوون بە بەراورد بەو تاکانەی خاوەنی خەسڵەتی گۆراوی کەمتر سەرکەوتوون ئەمەش دەبێتەھۆی پەرەسەندنی کۆمەڵەکان. ھەروەھا چەند ھۆکارێکی دیکەش کاردەکەنە سەر سەرکەوتوویی لە زۆربوون دا وەک ھەڵبژاردەی سێکسی و ھەڵبژاردەی بەپیتێتی.
ھەڵبژاردەی سروشتی بە بەردی بناغەی زانستی زیندەزانی نوێ دادەنرێت. وەکو بیرۆکە لەلایەن (چارلز داروین) و (ئەلفرێد ڕەسل واڵس) ەوە لە ساڵی ١٨٥٨ دا بەچاپ گەیەنراوە لە کۆکراوەی کۆمەڵە لێکۆڵینەوەک دا و دواتر داروین لە ساڵی ١٨٥٩ دا لە کتێبە بەناوبانگەکەی دا بە ناوی (دەربارەی سەرچاوەی جۆرەکان بەھۆی ھەڵبژاردەی سروشتی یان پاراستنی ڕەگەزە خوازراوەکان لە ململانێی بۆ ژیان دا) زیاتر ڕوونی دەکاتەوە کە تێیدا ھەستاوە بە ناساندنی ھەڵبژاردەی سروشتی وەک ھاوشێوەی ھەڵبژاردەی دەستکرد.
لەڕاستی دا چەمکی ھەڵبژاردەی سروشتی ھاتووەتە کایەوە لە نەبوونی بیردۆزێکی تەواو دەربارەی بۆماوەزانی و لە سەردەمی نووسینەکانی داروین دا، زانست ھێشتا مابووی ھەستێت بە دانانی بیردۆزی نوێ لەسەر بۆماوەزانی. دەستەی (پەرەسەندنی داروینی باو) لەگەڵ چەند دۆزینەوەیەک دا لە بۆماوەزانی کلاسیک دا ھەستان بە دروستکردنی (پێکھاتنی نوێ) لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم دا. ھەرچەندە جینۆمەکان دەتوانن بەشێوەیەکی ھێواش ببنە ھۆی لادانی بۆماوەیی ھەڕەمەکی بەڵام ھەڵبژاردەی سروشتی بە بیرۆکەی سەرەکەی دادەنرێت لە پەرەسەندنی خۆگونجاودا.