زرێبار
From Wikipedia, the free encyclopedia
زرێبار یان زرێوار دەریاچەیەکی گەورەی سروشتیی ئاوی شیرینە کە لە ٣ کیلۆمەتریی ڕۆژاوای شاری مەریواندایە. ئاوی زرێبار لە سەرچاوە ئاوییەکانی بنی خۆیەوە ھەڵدەقوڵێت و ھیچ ڕووبارێکی تر ناڕژێتە ناوی و ھەروەھا ساڕێژی ئاوەکەشی چەمی زرێبار پێک دێنێت کە بە دەشتی مەریواندا تێپەڕ دەبێت و دەڕژێتە سەر ڕووباری سیروان. زرێبار و سروشتی دەوروبەری کە دەشت و کێو و دارستان و گیانلەبەری جۆراوجۆری تێدایە، یەکێک لە سەیرانگا بەناوبانگە گەشتیارییەکانی کوردستان و ئێرانە. بەرزاییەکەی لە ئاستی دەریاکان ١٢۹٠ مەترە[1] و درێژییەکەی (ئاڕاستەی باشووری-باکووری) زیاتر لە ٨ کیلۆمەترە و پانییەکەشی (ئاڕاستەی ڕۆژھەڵات-ڕۆژاوا) نزیکەی ٣ کیلۆمەترە.[2] لە ھەندێک لە زستانە ساردەکاندا ڕووی زرێبار بە تەواوی سەھۆڵ دەبەستێت.