مەریوان
شارێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان / From Wikipedia, the free encyclopedia
مەریوان لە شارەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە کە ناوەندی شارستانی مەریوانی پارێزگای کوردستانی ئێرانە. مەریوان لە باکوورەوە بۆ بانه و سەقز، لە ڕۆژھەڵاتەوە بۆ سنە و لە باشوورەوە بۆ نۆدشە لە پارێزگای کرماشان ڕێگەی ھەیە. مەریوان لە ڕۆژاواوە تەنیا ١٦ کیلۆمەتر لە سنووری باشماخەوە کە لە خاڵە سنوورییە سەرەکییەکانی ھەرێمی کوردستانی عێراقە دوورە و ئەمە بووەتە ھۆی گەشەی ئابووریی دانیشتووانی ئەم شارە. ھەروەھا نزیک بوون بە گۆلی زرێبار و ناوچەی ھەورامان کە دوو ناوچەی گەشیتارین بوونەتە ھۆی بەناوبانگ بوونی ئەم شارە. بە پێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١١[2] مەریوان ١١٠٤٦٤ کەس دانیشتووی ھەبووە. دانیشتووانی مەریوان بە سێ شێوەزاری کوردی بابانی و ئەردەڵانی و زاراوەی هەورامی قسە دەکەن وە هەر وەها بە پێی شێوەی قسە کردنی گوندەکانی خودی ناوچەی مەریوان دیارە کە شێوەزاری ڕەسەنی مەریوانی بابانییە ، بەڵام چەند ساڵێکە بە هۆی هاتنی زۆرتری دانیشتووانی گوندەکانی ئەردەڵانی زمان بۆ شاری مەریوان شێوەی قسە کردنی مەریوانی تێکەڵاو کراوە و بووەتە هۆی ئەوە کە شێوەی قسە کردنی مەریوانیەکان وەک جافی دیار بێت.[3]