From Wikipedia, the free encyclopedia
ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە سەردەمی دەسەڵاتی سەرۆک کۆماری عێراق، سەددام حوسێن لە ساڵەکانی ١٩٧٩ تا ٢٠٠٣ بە سەردەمێکی ڕەش و خراپدا تێپەڕی، کە بە خراپترین دۆخی مافەکانی مرۆڤ ھەڵسەنگێنراوە.
سەددام حوسێن لەھەموو ڕوویەکەوە، دەسەڵاتەکانی بۆ سەرکوت کردن و لەناوبردنی نەیارەکانی بەکار ھێنا. ئەگەر چی عێراق لە جاڕنامەی جیھانیی مافەکانی مرۆڤی لە ساڵی ١٩٤٨ دا پەسەند کردبوو،[1] بەڵام ڕژێمی سەددام حوسێن ئەوانەی ھەموو پشتگوێ خستبوو، چاپ و بڵاوکردنەوەی سێ لاپەڕەکەی جاڕنامەی جیھانیی مافەکانی مرۆڤ قەدەغەکرابوو،[2] کە باسیان لە مافەکانی ئازادیی و سیاسی دەکرد.[3] دەنگی ناڕەزایی ھاونیشتمانیانی کورد لە باکوور و شیعە مەزھەبەکان لە باشوور بە کوشتن و ھەڵواسین وەڵام دەدرایەوە.[4] ژمارەی ئەوانەی سەددام حوسێن کوشتوونی و لەناوی بردوون لەسەردەمی دەسەڵاتیا تاکو ئەمڕۆ تەواو نەزانراوە، ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ بە ٢٥٠ ھەزار کەس خەمڵاندویەتی.[5] کە زۆرینەی ئەم خەڵکانە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ئەنفال و کیمیاوی بارانی ھەڵەبجە و ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ دا بوون.[6]
بابەتی سەرەکی: ئەنفال
ئەنفال یان جینۆسایدی ئەنفال بە کۆمەڵ کوژیی کوردانی باشووری کوردستان دەڵێن کە لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراق بە سەرۆکایەتیی سەددام حوسێن لەژێر ناوی کەمپەینی ئەنفال، ئەنجام درا. لە کۆمەڵ کوژییەکە ٥٠٬٠٠٠ بۆ ١٨٢٬٠٠٠ کەس کوژران. عەلی حەسەن ئەلمەجید سەرکردەی ئەم کەمپەینە بوو، کە لە کۆتاییی شەڕی ئێران و عێراق ئەنجام درا.[7] وڵاتانی سوێد، نەرویژ، و بریتانیا بەشێوەیەکی ڕەسمی کۆمەڵ کوژیی ئەنفالیان بە جینۆساید داناوە. لە ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٢ پەرلەمانی سوێد بڕیاری لەسەر ناساندنی ئەم جینۆسایدە دا. لە ٢٨ی شوباتی ٢٠١٣ خانەی عەوامی بەریتانیا (British House of Commons) بەشێوەیەکی یاسایی جینۆسایدی ئەنفالی ناساند. بکەری ئەم تاوانە، عەلی حەسەن ئەلمەجید لە پاش دادگاییکردنی لە سێدارە دراوە. شوێنەواری ئەم کارە ناڕەوایە تاکو ئەمڕۆ لەسەر هزر و بیری خەڵکی ئەو ناوچانەدا ماوەتەوە. بە درێژایی ئەو چەند ساڵەی کە دوای ئەم کارە سەددام حوسێن لە دەسەڵاتدا بووە، نە نەتەوە یەکگرتووەکان و نە وڵاتانی مافپەروەر هیچ کردارێک و باسێکی ئەوتۆیان لەسەری نەدرکاندوە، کە ئەمە خودی مافەکانی مرۆڤ و واژۆی جاڕنامە جیهانییەکان دەخاتە ژێر پرس.
بابەتی سەرەکی: کیمیابارانی ھەڵەبجە
کیمیابارانی ھەڵەبجە یان کۆمەڵ کوژیی ھەڵەبجە لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ ڕوویدا لە کۆتایی ڕۆژەکانی جەنگی ئێران-عێراق، لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە کە شاری ھەڵەبجەی بە گازی کیمیایی کیمیاباران کرد، زیاد لە ٥٬٠٠٠ ھاووڵاتی کوردی بێتاوانی پێکھاتوو لە ژن و مناڵ و گەنج شەھیدکران و ١٠٬٠٠٠ کەسی تریش بریندارکران ئەمە جگە لە ونبوونی چەندەھا منداڵ.[5] کیمیابارانکردنی بە گەورەترین تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دادەنرێت بە گازی کیمیایی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
سەددام حوسێن لە چەندین ڕووداوی جۆراوجۆردا کۆمەڵ کوژی ئەنجام داوە، لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ دا، دوای کۆتاییھاتنی جەنگی کەنداوی دووەم، سەدان ھاووڵاتی کورد لە ناوچە کوردنشینەکان و لە باکووری عێراق ھاووڵاتیانی ڕاپەڕیووی کۆمەڵ کوژ کرد، کە ھەندێکیان دوای لەناوبردنی ڕژێمەکی لە ساڵی ٢٠٠٣ دا لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دۆزراونەتەوە.[5]
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.