چالاکوانێکی خوێندنی منداڵانی پاکستانی و براوەی نۆبڵ From Wikipedia, the free encyclopedia
مەلالە یووسفزای (بە ئوردوو: ملالہ یوسفزئی؛ بە پەشتۆ: ملاله یوسفزۍ /məˈlaːlə jusəf ˈzəj/؛[3] لەدایکبووی ١٢ی تەممووزی ١٩٩٧)،[3][4] ناسراو بە مەلالە، کچە چالاکوانێکی بواری خوێندن و پەروەردەی ژنانە. مەلالە بەھۆی چالاکییەکانی لە بواری وەدەستھێنانی مافەکانی ژنان ناسراوە. بەھۆی ئەم چالاکییانەوە لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٢دا کەوتە بەر ھێرشی تاڵیبان و بەھۆی تەقەی تفەنگەوە بریندار بوو. ئەمەش لەبەرئەوەی چوونی کچان بۆ قوتابخانە لەلایەن تاڵیبانەوە قەدەغەکرابوو. دواتر ئەم ڕووداوە کەوتە بەرچاوی زۆرێک لە میدیاکانی جیھان و گرینگییەکی زۆر بە چالاکییەکانی مەلالە درا و کەمپینگەلێکی ئاشتیخوازانە بۆ پاراستنی مەلالە و مافەکانی ژنان لە وڵاتانێک وەکوو پاکستان بەڕێکەوت.[5]
مەلالە یووسفزای | |
---|---|
ملالھ یوسفزی | |
لەدایکبوون | |
نەتەوە | پاکستانی |
شارۆمەندێتی | |
پەروەردە | لەیدی مارگرێت ھاڵ، ئۆسکفۆرد |
پیشە | چالاکوان لە بواری خوێندنی کچان، بلۆگنووسی پێشووی بی بی سی ئوردوو و قوتابی |
ڕێکخراو | مەلالە فەند |
ناسراوە بە | چالاکوان بۆ مافی خوێندن، بەتایبەت خوێندنی کچان |
ھاوسەر | ئاسر مالیک (ھاوسەرگیری ٢٠٢١)[2] |
باوان(ەکان) |
|
خەڵاتەکان |
|
وێبگە | www |
لە ساڵی ٢٠١٣دا یەکێک لە پاڵێوراوەکانی خەڵاتی نۆبێل بۆ ئاشتی بوو، و لە ساڵی ٢٠١٤دا لەگەڵ کایلاش ساتیارتی ئەم خەڵاتەی وەرگرت. مەلالە بچووکترین وەرگری ئەم خەڵاتەیە.[6] لەدوای بەدەستھێنانی خەڵاتەکە، چالاکییەکانی مەلالە بۆ ئاستی جیھان پەلی ھاوێشت. بە قسەی سەرۆک وەزیرانی پێشووی پاکستان شاھد خاقان عەباسی، مەلالە نموونەی باڵای ھاونیشتمانیی داھاتووی پاکستان دەبێت.[7]
مەلالە لە خێزانێکی پەشتون، لە شاری مینگۆرا، ھەرێمی سوات لە پاکستان لەدایکبووە. مەلالە ھەریەکە لە محەممەد عەلی جیناح و بێنەزیر بوتۆ بە نموونەی باڵای خۆی زانیوە، و ھەروەھا لە کارە مرۆڤایەتییەکانی باوکیشی ئیلھامی وەرگرتووە.[8] لە سەرەتای ٢٠٠٩دا، کاتێک تەمەنی مەلالە ١١–١٢ ساڵان بووە، بە ناوێکی خوازراو بۆ تۆڕی بی بی سی ئوردوو لەبارەی ژیانی خۆی لەژێردەست تاڵیبان نووسیوە. ھاوینی دواتر، ڕۆژنامەنووس ئادەم ئیلیک، دۆکیومێنتارییەکی لەبارەی ژیانی مەلالە و چالاکییەکانی چەکداری پاکستانی لەناوچەکە بۆ نیویۆرک تایمز دروستکرد.[3] دواتر مەلالە بەھۆی ئەنجامدانی چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ دەزگا نووسراو و بینراوەکان دا، ھەروەھا پاڵاوتنی بۆ خەڵاتی ئاشتی منداڵانی نێونەتەوەیی زیاتر ناسرا.
لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢، کاتێک پاسێکی قوتابخانە لە ھەرێمی سوات دەبێت، لەدوای تەواوبوونی تاقیکردنەوەیەک، مەلالە و دوو کچی تر لەلایەن چەکدارێکی تاڵیبان ھەوڵی تیرۆرکردنیان دەدرێت بەھۆی ئاشکرابوونی؛ تەقەکەرەکە ڕای کرد. لەوکاتە مەلالە لەلایەن چەکدارەکە تەقەی لێکرا، کاتێک برایە نەخۆشخانەی سەربازیی نەخۆشانی دڵ ئەوا بارودۆخی ناوبراو جێگیر نەبوو. دوای تێپەڕینی چەند ڕۆژێک دۆخی مەلالە باشتر بوو، دواتر بۆ وەرگرتنی چارەسەری زیاتر گەیەندرایە نەخۆشخانەی ئیلیزابێت لە بیرمینگھام، بەریتانیا.[9] ھەوڵی کوشتنی مەلالە دەنگدانەوە و پشتگیرییەکی جیھانیی بۆ دروستکرد. ئاژانسی دی دەبلیووی ئەڵمانی لە کانوونی دووەمی ٢٠١٣، ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا باسی ئەوەی کرد «کە لەوانەیە مەلالە ببێتە بەناوبانگترین نەوجەوانی جیھان.»[10] حەفتەیەک لەدوای ھەوڵدان بۆ کوشتنی، گرووپێک لە زانای ئیسلامی لە پاکستان فەتوایەکیان لەدژی ئەو کەسانەی کە ھەوڵی کوشتنی مەلالەیان دابوو دەرکرد دەرکرد.[11] لەوکاتە تاڵیبان لەلایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەیی، حکوومەتەکان، ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و گرووپە فێمێنیستییەکان ڕەخنەباران و ئیدانەکران. لە وەڵامی ڕەخنە و ئیدانەکاندا، تاڵیبانیش ڕەخنەیان لە مەلالە گرت، و بەدووریشیان نەزانی کە ھەوڵی دووەم بدەن بۆ کوشتنی. بەیاننامەکەی تاڵیبان کاردانەوەی زیاتری نێونەتەوەیی لەمەڕ بابەتەکە دروستکرد.[ژێدەر پێویستە]
لەدوای چاکبوونەوەی، مەلالە یووسفزای بووە چالاکوانێکی دیار لە باسی مافەکانی خوێندن. لە بیرمینگھام، لەگەڵ شزا شاھید بووە ھاودامەزرێنەری ڕێکخراوەی مەلالە فەند، کە ڕێکخراوێکی قازانج نەویستە.[12] لە ساڵی ٢٠١٣دا، بەھاوبەشی کتێبێکی لەسەر ژیانی خۆی بەناوی «من مەلالەم» بڵاوکردەوە.[13] لە ساڵی ٢٠١٢دا، یەکەم خەڵاتی نەتەوەییی گەنجانی ئاشتیی پاکستانی لەگەڵ خەڵاتی ساخارۆڤی پێ درا. لە ساڵی ٢٠١٤دا، بەھاوبەشی لەگەڵ کایلاش ساتیارتی، خەڵاتی نۆبێلی لە ئاشتی وەرگرت. ئەوکاتە مەلالە ١٧ ساڵان بوو، و بووە بچووکترین وەرگری خەڵاتی نۆبێل.[14][15][16] لە ساڵی ٢٠١٥دا، دۆکیومێنتارییەک لەسەر ژیانی مەلالە بەناوی «ئەو ناوی نام بە مەلالە» بەرھەمھێنرا، کە بووە پاڵێوراوی لیستی کۆتاییی خەڵاتەکانی ئۆسکار. لە ساڵانی ٢٠١٣، ٢٠١٤ و ٢٠١٥دا، لەلایەن گۆڤاری تایم وەک یەکێک لە ١٠٠ کاریگەرترین کەسایەتیی ساڵ لە جیھان دیاریکرا. لە ساڵی ٢٠١٥دا، لەلایەن کەنەدا ھاووڵاتینامەی شانازی (فەخر) بەخشرایە مەلالە.[17] لە ساڵانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٧، مەلالە خوێندنی لە دواناوەندی ئێدگباستن لە ئینگلتەڕا تەواوکرد،[18] لە ئێستادا بۆ بەدەستھێنانی بەکالۆریۆس لە بەشی فەلسەفە، سیاسەت و ئابووری لە زانکۆی لەیدی مارگرێت ھاڵ، ئۆسکفۆرد دەخوێنێت.[19]
لە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١، لە شاری بێرمینگام مەلالە هاوسەرگیری لەگەڵ ئاسر مالیک ئەنجامدا.[20]
یووسفزای لە ١٢ی تەممووزی ١٩٩٧ لە ھەرێمی سوات لە باکووری ڕۆژاوای پاکستان لەدایکبوو، لە خێزانێکی نزمتر لە چینی ناوەڕاست.[21] مەلالە کچی زیائەدین یووسفزایە.[22] خێزانەکەی لەپەیڕەوی موسڵمانی سوننەن.[4] لە نەتەوەی پاشتون.[23] لەکاتی لەدایکبوونی ئەوا خێزانەکەی پارەی تەواویان نەبووە، بۆیە لەدایکبوونی مەلالە بەیارمەتی دراوسێکانیانەوە بووە.[24] ناویان نا مەلالە (بەمانای خەمگینی دێت)،[25] ناوەکەی لە مەلالای مایواند ھاتووە، کە ژنە شاعیر و جەنگاوەرێکی ئەفغانی بوو دژ بە ئینگلیز.[26] پاشناوی یووسفزای، دەگەڕێتەوە بۆ تیرە گەورەکەی پاشتون کەدەکەوێتە ھەرێمی سوات لە پاکستان، کە مەلالە ھەر لەوێوە گەورەدەبێت. مەلالە لەماڵەکەی لە میگۆرا، لەگەڵ دوو برا بچووکتر لەخۆی، بەناوەکانی کۆشال و ئەتال لەگەڵ دایک و باوکی، زیائەدین و توور پیکای و دوو مریشکی ماڵیش دەژیان.[3]
مەلالە زمانەکانی پاشتۆ، ئوردوو و ئینگلیزی بەباشی دەزانێت، کە بەزۆری لەلایەن باوکییەوە زیائەدین یووسفزای فێربوو، کە باوکی شاعیر و خاوەنی قوتابخانەیەکیشە،[27] ھەروەھا چالاکوانی پەروەردەیییە کە چەند قوتابخانەیەکی ناحکومی بەڕێوەدەبات لەژێرناوی قوتابخانەی کوشال.[28][29] لە چاوپێکەوتنێکیدا، مەلالە ئاشکرایکرد کە حەزی دەکرد ببێتە پزیشک بەڵام لەلایەن باوکی ھاندرا بۆئەوەی ببێتە کەسێکی سیاسیی.[3] مەلالە لەلای باوکی جێگایەکی تایبەتی ھەبوو، باوکی ڕێگای پێدەدات لە درەنگانی شەو بەخەبەربێت و لەگەڵیدا وتووێژی سیاسیی بکات بەڵام دوای خەوتنی دوو براکەی.[30]
بەوەرگرتنی ئیلھام لە ھەریەکە لە محەممەد عەلی جیناح و سەرۆکوەزیران بێنەزیر بوتۆ، مەلالە لە سەرەتای ئەیلوولی ٢٠٠٨ دەستیکرد بە قسەکردن و چالاکی لەسەر مافەکانی خوێندن، کاتێک باوکی بردی بۆ پیشاوەر بۆ ئەوەی قسەبکات بۆ یانەی ڕۆژنامەوانی پیشاوەر.[8] "چۆن تاڵیبان دەوێرێت مافە سەرەتایییەکانم لە خوێندن لێبستێنێت؟" مەلالە ئەم قسەیەی ڕووبەڕووی ئامادەبووان کردەوە، کە دواتر لە ڕۆژنامە و کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکانی ناوچەکە پەخشکرا.[31] لە ساڵی ٢٠٠٩، مەلالە وەک مەشقکار و دواتریش بە یاریدەدەری فێرکەر لە پەیمانگای ڕاپۆرتنووسینی جەنگ و ئاشتی بەشداربوو لە پڕۆگرامی بیری ئازادی لاوانی پاکستان، کە کاریان دەکرد لەناو قوتابخانەکانی ناوچەکە بۆ یارمەتیدانی لاوان و بەشداری پێکردنیان لە وتووێژەکان دەربارە کێشە کۆمەڵایەتییەکان بەبەکارھێنانی ئامرازەکانی ڕۆژنامەوانی، تووێژی کراوە و دیالۆگکردن.[32]
دوێنێ خەونێکی ناخۆشم دیت، بەبینینی ھێزێکی ھەلیکۆپتەری چەکداری و تاڵیبان. من ئەو خەونە ناخۆشانە دەبینم لەوەتەی ھێزە چەکدارییەکان لە سوات چالاکی دەکەن. دایکم نانی بەیانی پێدام، منیش دەچوومە قوتابخانە. لە چوونم بۆ قوتابخانە دەترسام چونکە تاڵیبان بڕیاری قەدەغەکردنی چوونی کچانی دابوو بۆ قوتابخانە.
لە کۆی ٢٧ فێرخواز ئەوا ١١یان ئامادەی پۆلەکە بوون، ژمارەکە کەمی دەکردەوە بەھۆی بڕیاری تاڵیبانەوە. سێ لە ھاوڕێکانم دوای ئەو بڕیارە ماڵیان بەرەو پیشاوەر، لاھور و ڕەوالپیندی باریکرد.
مەلالە یووسفزای, ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٩، یەکەم بلاگ.[25]
لە کۆتایییەکانی ٢٠٠٧، عەمار ئەحمەد خان، لەگەڵ ھاوڕێکانی لە ماڵپەڕی بی بی سی ئوردوو، بەشێوازێکی نوێ ڕووماڵی گەشەسەندن و کاریگەرییەکانی تاڵیبانیان لە سوات ئەنجامدا. ئەوان پرسیاریان لەکچانی قوتابخانە کرد کە بەناوی خوازراو لەبارەی ژیانی خۆیان بنووسن. پڕۆژەکەیان بردە پیشاوەر و عەبدولحەی کاکار، بەڵام ھیچ کەسێک لە قوتابیان ئامادەیی و ویستی نووسینی نەبوو، بەوەی بەمترسیان دەزانی لەسەر خێزانەکانیان. لە کۆتاییدا، زیائەدین کچە ١١ ساڵانەکەی خۆی پێشنیارکرد.[33] لەوکاتەدا، چەکدارانی تاڵیبان لەلایەن مەولانا فەزلوڵا ڕێبەرایەتی دەکرا و دەستیانگرتبوو بەسەر دۆڵی سوات، سەیرکردن و گوێگرتن لە تەلەڤیزیۆن و گۆرانی، خوێندنی کچان،[34] چوونی ژنان بۆ بازاڕ قەدەغەکرابوون.[35] لاشەی پۆلیسەکان لەناوەڕاستی گۆڕەپانەکان ھەڵدەواسران.[34] لە سەرەتادا، کچێک بەناوی ئایشا ڕازی بوو کە یادەوەرییەکانی بنووسێتەوە، بەڵام دواتر لەلایەن باوکییەوە پەشیمان کرایەوە لەترسی تۆڵەی تاڵیبان. تاکە بژاردە، مەلالە بوو، کە چوار ساڵ لە ئایشا بچووکترە، لەھەمان کاتدا لەپۆلی حەوتدا بوو ئەوکاتە.[36] تەواوی نووسەرانی بی بی سی بەبژاردەی مەلالە ڕازی بوون.[34]
«ئێمە بەوردی ڕووماڵی تووندووتیژی و سیاسەتەکانمان دەکرد لە سوات، بەڵام نەماندەزانی کە خەڵکی ئاسایی چۆن دەژین لەژێر دەسەڵاتی تاڵیبان.»، میرزا واحید، سەرنووسەری پێشووی بی بی سی ئوردوو وتوویەتی. لەپێناو سەلامەتی مەلالە، ئەوا سەرنووسەرانی بی بی سی ئوردوو پێداگربوون لەسەرئەوەی ناوبراو ناوێکی خوازراو بەکاربھێنێت.[34] مەلالە نووسینەکانی لەژێر ناوی گول مەکای (ناوی گوڵێک) بڵاودەکردەوە،[37] ناوەکەش لە کارەکتەرێکی فۆلکلۆری پاشتون ھاتووە.[38][39] لە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٩، یەکەم نووسینی مەلالە لە بلاگی بی بی سی ئوردوو بڵاوکرایەوە. ئەو بە دەست و خەتی خۆی دەینووسی، پاشان دەیدایە دەست ڕۆژنامەوانێک کە سکانی دەکرد و لەڕیگای ئیمەیڵەوە دەینارد.[34] لە یەکەم بلاگیدا، مەلالە باسی یەکەم جەنگی سواتی کردبوو کە بووە ھۆی ئامادەنەبوونی ژمارەیەک کچ لە قوتابخانە، ھەروەھا دواتر قوتابخانەکەشی دابخرێت.
لە مینگۆرا، تاڵیبان بڕیارێکی دەرکردبوو کە ھیچ کچێک بۆی نییە بچێتە قوتابخانە لەدوای ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٩. تاڵیبان سەدان قوتابخانەی کچانیشی ڕووخاند.[34] ئەو شەوەی کە بڕیاری قەدەغەکردنی خوێندنی کچان درا، چەندین تەقە بەرەو ئاسمان کرا، ئەمەش وایکرد کە مەلالە چەندجارێک لەخەو خەبەری ببێتەوە. ڕۆژی دواتر، مەلالە یەکەم پارچە نووسینی خۆی بینی کە بڵاوکراوەتەوە لە ڕۆژنامە ناوخۆیییەکان.[25]
واپیدەچێت تەنیا لەکاتێک بڕیاری وابدەن کە دەیان قوتابخانە ڕووخێندراون، و سەدانیش داخرابن، کە ھێزە چەکدارەکان وایدادەنێن کە قوتابخانەکان دەپارێزن. ئەگەر کارەکانیان لێرە بەڕێکی کردایە، ئەم باروودۆخە قەت بەمشێوەیە نەدەبوو.
مەلالە, لە بلۆگەکەی بی بی سی ئوردوو، ٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٩.[40]
دوابەدوای ڕاگەیاندراوەکە، تاڵیبان چەندین قوتابخانەی وێرانکرد. لە ٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٩، مەلالە نووسی «تاقیکردنەوەی ساڵانەمان لەدوای پشوو دەبێت بەڵام ئەوە تەنھا ئەوکاتە ڕێی تێدەچێت ئەگەر تاڵیبان ڕێگە بە کچەکان بدات بچنە قوتابخانە. لە قوتابخانە پێیان گوتووین کە چەند بەشێک بخوێنێن، بەلام من حەزم ناچێتە خوێندن.»[40]
لە شوباتی ٢٠٠٩، قوتابخانەکان ھێشتا داخرابوون. لەژێر ھەڕەشەی چەکداریدا، قوتابخانە تایبەتەکانی کوڕان بڕیاریاندبوو کە خوێندن دەستپێنەکەنەوە تاکوو ٩ی شوبات.[40] لە ٧ی شوبات، مەلالە و براکەی گەڕانەوە بۆ شارۆچکەکەیان لە مینگۆرا، بینیان کە شەقامەکان چۆڵبوون، «دەنگێکی نامۆ دەھات، ئێمە چووین بۆ لای سووپەرمارکێتەکە بۆئەوەی دیارییەک بۆ دایکمان بکڕین، بەڵام داخرابوو، لەکاتێک پێشتر تا درەنگانی شەو کراوەبوو. چەندین دوکانی دیکەش داخرابوون.» - مەلالە ئەوەی لە بلۆگەکەی نووسی. ماڵەکەشیان دزی لێکرابوو، تەلەڤیزیۆنەکەشیان بردرابوو.[40]
لە دوای کرانەوەی قوتابخانەی کوڕان، تاڵیبان بڕیارەکەی دەستکاری کرد بۆئەوەی کچانیش لە قۆناغی سەرەتایی بخوێنن، لەو قوتابخانەی کە تێکەڵاوبوون، کوڕ و کچ بەیەکەوە دەیانخوێند. بەڵام قوتابخانەی کچان ھێشتا داخرابوو، مەلالە لە نووسینەکانی ئاماژەی بەوەی کرد کە ٧٠ قوتابی لەکۆی ٧٠٠ قوتابی ئامادەی خوێندن بوون.[40]
لە ١٥ی شوبات، تەنیا دەنگی گولە لە شەقامەکانی مینگۆرا دەبیسترا، بەڵام باوکی مەلالە دڵی دەدایەوە و پێی دەگوت «مەترسە - تەقەکان بۆ ئاشتین.» باوکی لە ڕۆژنامەکان خوێندبوویەوە کە حکوومەت و چەکداران بۆ ڕۆژی دواتر ڕێکدەکەون. لە درەنگانی شەو، کاتێک تاڵیبان ڕێککەوتنی ئاشتی لەڕێگای ئێف ئێم ڕادیۆوە ڕاگەیاند، دووبارە دەنگی گەڕێکی دیکە لە تەقەکان گەڕایەوە.[40] مەلالە لەدژی تاڵیبان قسەی بۆ بەرنامەی کاپیتاڵ تاڵک کرد لەڕۆژی ١٨ی شوبات.[41] سێ ڕۆژ دواتر، سەرکردەیەکی ناوچەکەی تاڵیبان، مەولانا فەزلولڵا لەڕێگای ئێف ئێم ڕادیۆیەوە بڕیاری قەدەغەکردنی خوێندنی کچانی ھەڵوەشاندەوە بەمەرجی پۆشینی نیقاب.[40]
لە ٢٥ی شوبات، مەلالە لە بلۆگەکەی نووسی «من و ھاوپۆلەکانم، وەک جاران لە پۆلەکەماندا یاری زۆر و خۆشی زۆرمان بینی.»[40] لە ١ی ئازار ١٩ قوتابی لەکۆی ٢٧، ئامادەی پۆلەکە بوون. بەڵام تاڵیبان ھێشتا لە ناوچەکە چالاکبوون، ھێرش و تەقینەوەکان بەردەوامبوون، داوای پارە دەکرا لەبەرامبەر کەسە ونبووەکان.[40] دوای دوو ڕۆژ لەوە، مەلالە نووسی، بۆ جارێکی دیکە شەڕ کەوتە نێوان سوپا و تاڵیبان، دەنگی شەڕەکە دەبیسترا، "خەڵکی لەوە دەترسان کە ئاشتی ماوەیەکی زۆر خۆی نەگرێت. خەڵکی دەیانگووت ڕێککەوتنی ئاشتی ھەمیشەیی نییە، ئەوە تەنیا پشوویێکە بۆ شەڕ."[40] لە ٩ی ئازار، مەلالە لەبارەی پڕۆژە زانستییەکەی قوتابخانە نووسی، ھەروەھا باسی ئەوەشی کرد کە تاڵیبان چیتر لەناو پاسی قوتابخانە پشکنین ناکات، کە پێشتر دەیکرد. نووسینەکانی مەلالە لە بلۆگەکەی بی بی سی ئوردوو، لە ١٢ی ئازار تەواوبوون.[42]
لە دوای تەوابوونی نووسینەکانی لە بی بی سی، مەلالە و باوکی لەلایەن پەیامنێرێکی نیویۆرک تایمز ئادەم ئیلیک ھەڵبژێردران بۆ دروستکردنی فیلمێکی بەڵگەنامەیی.[36] لە مانگی ئایار، سوپای پاکستانی جووڵەیان بەرەو ناوچەکە کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی لەکاتی شەڕی دووەمی سوات. مینگۆرا چۆڵکرا و خێزانی مەلالە بێ ماڵ مانەوە و لەیەکتریش جیابوونەوە. باوکی چووە پیشاوەر بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و بەدەستھێنانی پشتگیری، لەوکاتەی مەلالە لەگەڵ خێزانەکەی مایەوە بۆ شوێنێکی ئارامتر لەگەڵ خزمەکانی. «زۆر بێزاربووم، چونکە ھیچ کتێبێکم لا نەبوو تا بیخوێنمەوە»، مەلالە لە دۆکیومێنتارییەکە وتی.[3]
لەو مانگەدا، لەدوای ڕەخنەگرتن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئەوا باوکی مەلالە ھەڕەشەی کووشتنی لێکرا لەلایەن فەرماندەیەکی تاڵیبانەوە لەڕێی ڕادیۆ.[3] بەھۆی ئەمەوە، مەلالە ئیلھامی لە باوکی وەرگرت بۆئەوەی ببێتە کەسێکی سیاسیی نەوەک پزیشک.[3]
خەونێکی نوێم ھەیە… دەمەوێت ببمە سیاسیی بۆ پاراستنی ئەم وڵاتە. قەیرانی زۆر لە وڵاتەکەمان ھەیە. دەمەوێت ئەو قەیرانانە نەھێڵم.
مەلالە یووسفزای, (لە فیلمە بەڵگەنامەیییەکەی)[4]
لە سەرەتاکانی تەممووز، کەمپی پەنابەرەکان پڕببوون. سەرۆکوەزیرانی پاکستان، لەڕاگەیەندراوێکیدا کە خەڵکێکی زۆر چاوەڕێی بوون، ڕایگەیاند کە ئێستا خەڵکەکە دەتوانن بگەڕێنەوە دۆڵی سوات و ئەوێ سەلامەتە. سوپای پاکستان، لە جەنگەکە توانی چەکدارانی تاڵیبان لەناوچەکە دووربخاتەوە. ڕۆژی ٢٤ی تەممووزی ٢٠٠٩، خێزانی مەلالە لە ماڵەکەیان بەیەک شادبوونەوە. بەڵام بەرلەوەش لەگەڵ کۆمەڵێک چالاکوان چاویان بە نوێنەری باراک ئۆباما سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ کارووباری پاکستان و ئەفغانستان، ڕیچارد ھۆلبرووک کەوت. مەلالە لە دیداری نوێنەرەکە وتی، «بەڕێز باڵیۆز، ئەگەر دەتوانیت یارمەتیمان بدە لە کەرتی خوێندنمان، ئەوا تکایە یارمەتیمان بدە.» دواتر کە خێزانەکەی گەڕانەوە ماڵەوە، ئەوا بینیان زیانێکی ئەوتۆ بەماڵەکەیان نەگەیشتووە، ھەروەھا قوتابخانەکەش تەنیا گلۆپەکانی زیانی پێگەیشتبوو.[3]
لەدوای فیلمە بەڵگەنامەیییەکەی، ئەوا مەلالە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کرا لەلایەن کەناڵی ناوخۆیی خیبر بەزمانی پەشتۆیی، بەزمانی ئوردوو لەلایەن کەناڵی دەیلی ئاج ھەروەھا لەگەڵ کەناڵێکی کەنەدی کەپیتال تالک لە ٩ی ئابی ٢٠٠٩.[43] نووسینەکانی لە بلۆگەی، بوونە ھۆی نووسینی وتارێکی نوێ لە کانوونی یەکەمی ٢٠٠٩.[44][45] ھەروەھا لە تەلەڤیزیۆن دەرکەوت، وەک چالاکوانێکی مافەکانی ژنان.[35] لە ساڵی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٠، سەرۆکی بەشی منداڵانی ڕێکخراوی کپال کۆر بوو.[46][47] لە ساڵی ٢٠١١، مەلالە مەشقی بە کچەکانی ناوچەکەی دەکرد بەھاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی «کچانی ئاوارە»، کە ڕێکخراوێکە بۆ بەھێزکردنی ژنان و بەشێوەی ئاشتیانە دژی ڕادیکالیزمە لە پڕۆسەی خوێندن.[48]
لە تشرینی یەکەمی ٢٠١١، دیزمۆند توتو، چالاکوانی ئەفریقای باشوور، مەلالەی بۆ خەڵاتی ئاشتی منداڵانی نێونەتەوەیی پاڵاوت. مەلالە بووە یەکەم پاکستانی کە بۆ ئەم خەڵات پاڵێوراو بکرێت. لە ڕاگەیەندراوەکە نووسرابوو «مەلالە ئازایە وەستایەوە بۆخۆی و کچانی وڵاتەکەی لەبەردەم میدیا ناوخۆیی و نێونەتەوەیییەکان، تا جیھان بزانێت کە کچانیش مافی ئەوەیان ھەیە بچنە قوتابخانە.»[49] دواتر میشێلا ماکرۆت لە ئەفریقای باشوور، خەڵاتەکەی بردەوە.[50]
ناوبانگی مەلالە زیاتربوو کاتێک، دوای مانگێک لە کانووی یەکەم، خەڵاتی ئاشتی لاوانی نەتەوەیی لە پاکستان وەرگرت.[34][51] لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١١، سەرۆکوەزیران یووسف ڕەزا گیلانی خەڵاتی ئاشتی لاوانی نەتەوەیی بە مەلالە بەخشی، وتیشی کە مەلالە ئەندامی ھیچ حیزبێک نییە، ھیوادارە کە حیزبێکی نیشتمانی بۆخۆی دابمەزرێنێت بۆ گەیاندنی پەیامی گرنگی خوێندن.[52] لەسەر داوای مەلالە، سەرۆکوەزیران کەمپێکی خوێندنی ئایتی لە کۆلێژی ژنانی سوات کردەوە ھەروەھا دواتر قوتابخانە ئامادەیییەکەش بەناوی ئەوەوە کرا.[53] لە ساڵی ٢٠١٢، مەلالە پلانی دامەزراندنی ڕێکخراوی پەروەردەیی مەلالای دانا، بۆ یارمەتیدانی ئەو کچە ھەژارانەی کە دەچنە قوتابخانە.[54] ھەر لەو ساڵە، مەلالە لە قوتابخانەی مارکسی نەتەوەیی دەیخوێند.[55][56]
وابیردەکەمەوە کە دەتوانم بەڕوونی خەیاڵی ئەو دیمەنە بکەم. تەنانەت ئەگەر ئەوان بێن بشمکووژن، ئەوا پێیان دەڵێم کە ئەوکارەی ئەوان دەیکەن ھەڵەیە، خوێندن مافێکی سەرەتایی ئێمەیە.
خەیاڵی مەلالە یووسفزای بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاڵیبان.[34]
لەو کاتەوەی کە مەلالە ناوبانگی دەرکرد، ئەوا مەترسییەکان لەسەر ژیانی ئەو زیادی کرد. ھەڕەشەی کوشتنی ئەو لەسەر ڕۆژنامەکان بڵاوکرایەوە، ھەروەھا ڕۆژنامەکە فڕێ درایە نێو ماڵەکەی.[57] لە فەیسبووک، کاتێک ئەندامێکی چالاک بوو، ئەوا ھەڕەشەی کووشتنی لێ دەکرا.[34] لەو کاتەدا وتەبێژی تاڵیبان، ڕایگەیاند کە ئەوان ناچار بوون شتێک بکەن، لە کۆبوونەوەی ھاوینی ٢٠١٢، سەرکردایەتیی نادیاری تاڵیبان ڕازی بوون کە مەلالە بکوژن.[57] لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢، چەکدارێکی تاڵیبان، تەقە لە مەلالە دەکات، کە ئەو کاتە ناوبراو تەمەنی ١٥ ساڵان بوو و بەڕێگاوە بوو بۆ ناو پاسەکەی بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی قوتابخانە. بەپێی ڕاپۆرتەکان، تەقەکەرە بەماسکێکەوە ھاواری کردووە «کامەتان مەلالەن؟ قسەبکەن ئەگەرنا تەقە لە ھەمووتان دەکەم.»[29] لەکاتی ناسینەوە مەلالە، ئەوا گولەیەکی بەرکەوت کە ١٨ ئینج بەلای چاوی چەپی تێپەڕیی.[58][59] دوو کچە ھاوڕێکەی دیکەشی بە گولـلە برینداربوون: کاینات ڕیاز و شازیە ڕەمەزان،[60] ھەردووکیان سەلامەتبوون و توانییان ڕاپۆرتی خۆیان لەبارەی ھێرشەکە بدەن.
لەدوای تەقەلێکرانی، ئەوا مەلالە دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەربازیی پیشاوەر، پزیشکەکان ناچار بوون ڕاستەوخۆ نەشتەرگەریی بۆ بکەن بەھۆی درێژبوونەوەی برینەکەی بۆ لای مێشکی.[61] دوای پێنج کاتژمێر لە نەشتەرگەری، پزیشکەکان سەرکەوتووانە توانیان گولـلەکە دەربھێنن کە گەیشتبووە نزیک شانی.[62] لە ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢، دەستەی پزیشکانی پاکستانی و بەریتانی بڕیاریان دا کە مەلالە بگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی سەربازیی تایبەت بە نەخۆشانی دڵ لە ڕاوالپیندی.[62] مومتاز خان، پزیشکێکی مەلالە ئەوەی ئاشکراکرد کە ئەو ٧٠٪ ھەلی ژیانی ماوە.[63] ڕەحمان مالیک، وەزیری ناوخۆ ئەوەی ڕاگەیاند کە ھەرکاتێک تەندرووستییەکەی ڕێگا بدات کە گەشت بکات، ئەوا مەلالە دەگوازنەوە بۆ ئەڵمانیا، بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری باشتر، گرووپی دکتۆرەکانیشی لەگەڵی گەشتەکە دەکەن. ھەروەھا، حکوومەت تێچووی چارەسەرییەکەی دەگرێتە ئەستۆی خۆی.[64][65] دواتر پزیشکەکان ئامێری ھەناسەدانیان لە مەلالە کردەوە، ڕۆژی ١٣ی تشرینی یەکەم، مەلالە توانیی دەست و قاچەکانی بجووڵێنێت.[66]
ئۆفەری چارەسەرکردنی مەلالە، لە چەندین وڵاتی جیھانی گەیشت. لە ١٥ی تشرینی یەکەم، مەلالە گەشتی کرد بۆ بەریتانیا بۆ وەرگرتنی چارەسەری زیاتر، ئەمەش دوای قبووڵکردنی لەلایەن پزیشک و خێزانەکەی. فڕۆکەکەی لە بیرمینگھام نیشتەوە، دواتر لە نەخۆشخانەی شاژنە ئیلیزابێت چارەسەری پێویستی بۆ کرا، یەکێک لە پزیشکەکانی پسپۆڕ بوو لە بواری بریندارانی جەنگ.[67] بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکان، کە حکوومەتی بەریتانی ڕایگەیاندووە کە «سەرجەم تێچووی گواستنەوە، ڤیزە، تەندرووستی، شوێنی مانەوە و، خەرجییەکانی دیکەی مەلالە و یاوەرەکانی لەلایەن حکوومەتی پاکستانییەوە دراوە.»[68]
لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢، مەلالە لە کۆما ھاتە دەرەوە، کە دواتر وتی ئەو چانسێکی باشی ھەبووە کە برینەکەی زیانی بە مێشکی نەگەیاندووە.[69] دواتر لە ھەواڵەکانی ٢٠ و ٢١ی تشرینی یەکەم، ڕاگەیەندرا کە مەلالە تەندرووستی جێگیرە بەڵام ھێشتا لەژێر کاریگەرییەکانی ڕووداوەکە ماوەتەوە.[70] لە ٨ی تشرینی دووەم، وێنەی مەلالە لەسەر جێگاکەی بڵاوکرایەوە.[71] لە ١١ی تشرینی دووەم، مەلالە نەشتەرگەرییەکی ھەشت کاتژمێر و نیوی بۆکرا، بۆئەوەی دەماری ڕوخساری چاکببێتەوە.[58]
لە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣، مەلالە لە نەخۆشخانە دەرچوو و بەردەوامبوو لە وەرگرتنی چارەسەر لەماڵەکەی لە وێست میدلاندس لە ئینگلتەڕا.[72][73] لەوێ حەفتانە چارەسەری جەستەیی بۆ ئەنجامدەدرا.[58] دوای ئەوەی ھەواڵی جێگیربوونی ڕاگەیەندرا، ئەمجارەیان نەشتەرگەرییەکی پێنج کاتژمێری بۆکرا لە ٢ی شوبات بۆ چاککردنەوەی سیستمی بیستن.[74][75] لە حوزەیرانی ٢٠١٥، کە دەمارەکانی ڕوخساری بەڕێژەی ٩٦٪ چاکبوونەتەوە.[58]
ھەوڵدانی کووشتنی مەلالە لەئاستی جیھان دەنگدانەوەی گەورەی بەلای خۆیدا ھێنا، کاردانەوەکان تووڕەیی و ھەستی بەزەییان لەخۆگرتبوو. لە چەند شارێکی پاکستان، ناڕەزایی و گردبوونەوە سەری ھەڵدا، ھەروەھا ٢ ملیۆن واژوو کۆکرایەوە بۆ داواکردنی کەمپەینی مافی خوێندن، کە دواتر دەنگەکان کۆکرانەوە و بوون بە یەکەم ماف لە پاکستان.[76][77][78] دەسەڵاتی پاکستان ١٠ ملیۆن ڕووپییە (١٠٥ ھەزار دۆلار) ی کردە خەڵات بۆ ئەو کەسەی کە زانیاری لەبارەی دەستگیرکردنی چەکدارەکەیان پێڕادەگەیەنێت. دواتر لەبارەی ھێرشکردنە سەر کچەکەی، باوکی مەلالە وتی «ئێمە وڵاتەکەمان جێنەدەھێشت، ئەگەر کچەم زیندوو بمابایەوە یان نا. ئێمە ئایدۆلۆژیای پاراستنی ئاشتیمان ھەیە. تاڵیبان ناتوانێت ھەموو دەنگێکی ئازادی لەڕێگای ھێزی فیشەک کپ بکات.»[65]
سەرۆکی پاکستان ئاسفعەلی زەرداری وەسفی ھێرشەکەی بە ھێرشکردنە سەر مەدەنی وەسفکرد.[79] سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان، بان کی موون وتی «ئەوە کردەوەیەتی گەمژە و شەیتانانەیە.» باراک ئۆباما، سەرۆککۆماری ئەمریکا، ھێرشەکەی بە «قێزەوەن و تراژیدی» وەسفکرد.[80] ھیلاری کلینتۆن، سکرتێری حکوومەتی ئەمریکا وتی «مەلالە زۆر بوێرە کە بۆ مافەکانی کچان وەستاوەتەوە» و چەکدارەکان «ھەڕشەیان لەسەرە بەھۆی ئەم ئازایەتییەوە».[81] سکرتێری کارووباری دەرەوەی بەریتانیا، ویلیام ھاگویی ھێرشەکەی بە «نامرۆڤایەتی» وەسفکرد و بەشۆکی زانی بۆ پاکستان و جیھان.[82]
لە ڕۆژی ھێرشەکە، گۆرانیبێژی ئەمریکی مادۆنا، گۆرانی سرووستی مرۆڤ «ھیومەن نەیچە» لە کۆنسێرتێکی لۆس ئەنجەلۆس پێشکەس بە مەلالە کرد،[83] ھەروەھا تاتۆیەکی مەلالەی لەپشتەوەی کردبوو بەشێوەیەکی کاتی.[84] ئەکتەری ئەمریکی ئەنجەلینا جۆلی وتارێکی نووسی بۆ ڕوونکردنەوەی ڕووداوەکە بۆ منداڵەکانی و وەڵامدانەوەی پرسیاری "بۆچی ئەو پیاوانە وابیردەکەنەوە کە پێویستە مەلالە بکووژن؟"[85] دواتر جۆلی بڕی ٢٠٠ ھەزار دۆلاری بەخشییە ڕێکخراوی مەلالە فەند،[86] بۆ خوێندنی کچان.[87] خانمی یەکەمی پێشووی ئەمریکا، لاورا بۆش، بۆچوونێکی بڵاوکردەوە لە واشینتۆن پۆست، کە تێیدا بەراوردی مەلالەی کردبوو بە قوربانییەکی ھۆلۆکۆست ئان فڕانک.[88] دەرھێنەری ھیندی، ئەمجەد خان، ڕایگەیاند کە فیلمێکی ژیاننامەیی لەسەر ژیانی مەلالە دروست دەکات.[89]
ئیحسانولڵا ئیحسان، سەرۆکی وتەبێژی تاڵیبانی پاکستان، بەرپرسیارییەتی ھێرشەکەیان خستەئەستۆی خۆیان، و وتیشی «مەلالە سیمبوڵی بێباوەڕی و بەدڕەوشتییە»، ھەروەھا وتیشی کەئەگەر ئەو ڕزگاری ببێت، ئەوا ھێرشێکی دیکەی دەکرێتە سەر.[90] ڕۆژی دوای ڕووداوەکە، تاڵیبان وتی کە مەلالە لەلایەن باوکییەوە مێشکی شووراوەتەوە «چەند جارێکی ئەومان ئاگادارکردەوە، کە کچەکەی بووەستێنێت لە گوتنی قسەی ناشرین بەئێمە، بەڵام ئەو گوێی بە قسەکانی ئێمە نەدا و ئێمەی ناچارکرد کە ئەو ھەنگاوە بگرینەبەر.»[60] تاڵیبان ھێرشەکەی بە جێبەجێکردنی دەقە ئاینییەکان لێکدایەوە، کە بەپێی قورئان و شەریعەت دەکرێت منداڵێکیش بکووژرێت ئەگەر قسە لەدژی ئیسلام بکات.[91] لە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢، گرووپێک لە پەنجا مەلای ئایینی لە پاکستان، فەتوایەکیان دەرکرد لەدژی ئەو چەکدارەی کە ھێرشی کردە سەر مەلالە. مەلا ئاینییەکانی سەر بە مەزھەبی سوننە، ئاینی ئیسلامیان بێبەری کرد لەسەر ھێرشکردنە سەر مەلالە و دوو ھاوپۆلەکەی.[92]
وێڕای ئەوەی لە پاکستان ھێرشەکە ئیدانەکرا،[93] بەڵام چەند لایەنێک ھێرشەکەیان بە بیردۆزی پلانگێڕی وەسفکرد، کە ھێرشەکە لەلایەن دەزگای ھەواڵگری ناوەندیی ئەمریکا ئەنجامدرابێت بۆ ئەوەی لەداھاتوو بیکەن بەبیانوو و لەڕێگای فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە ھێرشبکەن.[94] لەلایەکی دیکەشەوە، تاڵیبان مەلالەی بە «سیخوڕی ئەمریکی» وەسفکرد.[95]
لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢، نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ خوێندنی جیھانی، گۆردن براون، کە سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیاش بووە، سەردانی مەلالەی کرد لە نەخۆشخانە،[96] دواتر داوانامەیەکی بەناوی ئەوەوە بڵاوکردەوە بەناونیشانی «پشتگیرکردن لەوشتەی کە مەلالە بۆی جەنگا».[97] لە داوانامەکە، درووشمی «من مەلالەم» بەکارھێنا، مەبەستی سەرەکی داوانامەکەی ئەوەبوو کە تا ٢٠١٥، ھیچ کچێک جێنەمێنێت بۆ چوونە قوتابخانە، بە ئومێدی ئەوەی «کچانی وەک مەلالە لە ھەرشوێنێک بەزووترین کات بچنە قوتابخانە». بڕۆون وتی کە داواکەی مەلالە دەگەیەنێتە سەرۆکی پاکستان ئاسفعەلی زەرداری لە مانگی داھاتوو.[97]
داوانامەکە سی خاڵی لە خۆ گرتبوو.
ڕۆژی دوای تەقەکە، وەزیری ناوخۆی پاکستان، ڕەحمان مالیک وتی ئەو کەسەی کە تەقەی لە مەلالە کردووە ئەوا ناسنامەکەی ئاشکرابووە. پۆلیس ناوی پیاوێکی ٢٣ ساڵانەی بەناوی عەتائولڵا خان ڕاگەیاند، کە دەرچووی بەشی کیمیایە و ئەو ھێرشەکەی ئەنجامداوە.[99] تا ٢٠١٥، دەگوترا ئەو لە ئەفغانستانە.[100][101]
پۆلیس شەش پیاوی دیکەی گومانلێکراوی دەستگیرکرد، بەلام دواتر ئازادکران بەھۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست لەسەریان.[100] لە تشرینی دووەمی ٢٠١٢، سەرچاوە ئەمریکییەکان ئەوەیان ڕاگەیاند کە مەلا فەیزولڵا، ئەو کەسەی کە فەرمانی کووشتنی مەلالەی دابوو لە ڕۆژھەڵاتی ئەفغانستان خۆی شاردووەتەوە.[102] دواتر لە حوزەیرانی ٢٠١٨، لە ھێرشێکی ئاسمانی ئەمریکی-ئەفغانی کووژرا.[103]
لە ١٢ی ئەیلوولی ٢٠١٤، بەپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی ناوخۆ، ئەسیم باجوا بە میدیاکانی ڕاگەیاند کە لە شاری ئیسلامئاباد، ١٠ چەکداری لە گرووپی «شورا» کەوتوونەتە ژێر چاودێری ئەوانەوە و بەو ھۆیە توانیان ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە دەستگیربکەن، کە بەشێکیان پەیوەندیداربوون بە ھێرشەکەی سەر مەلالە. ئەم کردەیەش بەھاوکاری لەگەڵ دەزگای ھەواڵگیری پاکستانی و سوپا بووە.[104][105]
لە نیسانی ٢٠١٥، دە چەکدارەکە لەلایەن دادوەر محەممەد ئەمین کوندی، سزای زیندانی ھەتاھەتایەیان بۆ دەرچوو، و ھەلی لێخۆشبوونیان تەنیا دوای ٢٥ ساڵ بۆ دەکرێتەوە. تا ئیستا نازانرێت، کە ھێرشکەرە سەرەکییەکە لەنێو سزادراوەکانە یان نا.[101] بەڵام دواتر، ھەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە کە ھەشت لەو گومانلێکراوانە بە نھێنی ئازادکراون و چوونەتە ئەفغانستان، کە دواتر بەقسەی ئەفسەری باڵا، سەلیم خان ئەو ھەشت کەسە ئازادکراون چونکە بەڵگەی پێویست لەدژیان نەبووە.[106][107]
لە تەممووزی ٢٠١٣، مەلالە لەبەردەم نەتەوە یەکگرتووەکان قسەی کرد، ھەروەھا لەگەڵ شاژنە ئێلیزابێتی دووەم دیدارێکی سازکرد لە کۆشکی بەکینگھام.[108] لە ئەیلوولی ٢٠١٣، قسەیکرد لە زانکۆی ھارڤارد،[108] لە تشرینی یەکەم، چاوی کەوت بە باراک ئۆباما، سەرۆککۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و خێزانەکەی، لەکاتی کۆبوونەوەکەشدا، مەلالە کەوتە وتووێژ و بەرامبەر لەگەڵ ئۆباما لەسەر بەکارھێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە پاکستان.[109] لە کانوونی یەکەم، سەردانی یەکێتیی ئۆکسفۆردی کرد.[110] لە تەممووزی ٢٠١٤، مەلالە لە کۆڕبەندی کچان لە لەندەن قسەی کرد.[111] لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٤، بڕی ٥٠ ھەزار دۆلاری بەخشییە ڕێکخراوی یوئێن ئاردەبلیووئەی کە تایبەتە بە پەنابەرانی فەلەستین، بەمەبەستی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی کەرتی غەززە.[112]
مەلالە ھاوشانی جەنگان بۆ منداڵان ئەوا بۆ مافەکانی ژنانیش دەجەنگا، مەلالە خۆی وەک فێمێنیست نەناساند کاتێک لەلایەن دەزگای فۆربیسەوە لەپرسیاری لێکرا لەکاتی کۆڕبەندی ٣٠ لە ساڵی ٢٠١٤.[113][114] دواتر لە ٢٠١٥، مەلالە خۆی بە فێمێنیست ناساند، دوای گوێگرتن لە وتارەکەی ئێما واتسن لە نەتەوە یەکگرتووەکان.[115]
لە ١٢ی تەممووزی ٢٠١٥، لە یادی ڕۆژی لەدایکبوونیدا، مەلالە قوتابخانەیەکی لە دۆڵی بەقا لە لوبنان، نزیک سنووری سووریا کردەوە بۆ خوێندنی منداڵە سوورییەکان. قوتابخانەکە پشتگیری دەکرا لەلایەن ڕێکخراوی قازانج نەویستی مەلالە فەند، کە مەلالە سەبارەت بەڕێکخراوەکەی داوای لەسەرکردە جیھانییەکان کرد کە «سەرمایەداری بکەن لە کتێب نەوەک گولە».[116][117]
لە حوزەیرانی ٢٠١٥، ڕێکخراوی مەلالە فەند ئیدانەی ڕاگواستن و کووشتنی خەڵکی ڕۆنگیایان کرد لە میانمار، مەلالە لەم بارەیەوە وتی «خەڵکی ڕۆھینگیا مافی ھاووڵاتینامەیان ھەیە لەھەر وڵاتێک کە لێی لەدایکبوون و لێی ژیاون»، ھەروەھا مەلالە داوای لە سەرکردەکانی جیھان بەتایبەت میانمار کرد کە ئەو پڕۆسە نامرۆڤینییە کۆتایی پێبھێنن لەبەرامبەر خەڵکی ڕۆھینگیا، کە زۆرینەی موسڵمانن.[118][119]
لە ساڵی ٢٠١٤، مەلالە ڕایگەیاند کە ھیوادەخوازێت بگەڕێتەوە پاکستان لەدوای تەواوکردنی خوێندنی لە بەریتانیا، ھەروەھا بە ئیلھام وەرگرتن لە بێنەزیر بوتۆ ئەوا حەزدەکات خۆی ھەڵبژێرێت بۆ سەرۆکوەزیرانی پاکستان: «ئەگەر بتوانم یارمەتی وڵاتەکەم بدەم بە چوونم بۆ ناو حکوومەت وەک سەرۆکوەزیران، ئەوا بێگوومان ئەو ئەرکە وەردەگرم.»[120] لە ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ ھەمان ئامانجی دووپاتکردەوە.[121][122] بەڵام دواتر لە ساڵی ٢٠١٨، گۆڕانکاری لەئامانجەکانی دیاربوون کاتێک وتی «ئێستا کە من سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی گەلێ وڵاتی جیھانم دیوە، وەک ئەوەی دەردەکەوێت شتەکان وا ئاسان نین و ڕێگای زۆری دیکە ھەن کە من دەتوانم ئەو گۆڕانکارییانە بھێنمەدی کە دەمەوێت بیانبینم.»[123] لە چاوپێکەوتنێکی بەرنامەیەکی نێتفلێکس، لەگەڵ دەیڤد لیتەرمان لە بەرنامەی 'میوانەکەم ناساندنی ناوێ'، مەلالە لەپرسیاری "ئایا دەتەوێت پۆستێکی سیاسیی وەربگریت؟" وتی "من؟ نەخێر."[124]
لە تەممووزی ٢٠١٣، گۆردن براون، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا بانگێشتکردنێکی بۆ مەلالە ڕێکخست بەمەبەستی ئامادەبوونی لە نەتەوە یەکگرتووەکان.[96] ھەروەھا براون شزا شاھید، ھاوڕێی خێزانیی مەلالە و بەڕێوبەری ڕێکخراوی مەلالە فەند بانگێشت بکرێت.[96] جێگری سەرۆکی گووگڵ، مێگان سمیت ئەویش وەک دەستەی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوەکە بەشداربوو.[125]
لە ١٢ی تەممووزی ٢٠١٣، لە شانزدەمین ساڵیادی لەدایکبوونی، مەلالە لە نەتەوە یەکگرتووەکان قسەیکرد و داوای دەستگەیشتن بەخوێندنی کرد لەئاستی جیھان. نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو ڕۆژەی بە «ڕۆژی مەلالە» ناساندووە.[126] مەلالە شاڵێکی بێنەزیر بوتۆی پۆشیبوو، ئەمەش یەکەم قسەکردنی مەلالە بوو لەدوای ھێرشکردنە سەری.[127] ئەمە یەکەمجاربوو، لە نەتەوەیەکگرتووەکان گەنجێک قسەبکات، کە بەئامادەبوونی زیاتر لە ٥٠٠ پارێزەر و چالاکوانی بواری خوێندن بێت لە گشت جیھان.[128]
تیرۆریستەکان وایانزانی دەتوانن ئامانج و ھیواکانم بووەستێنن، بەڵام ھیچ شتێک لەژیانم نەگۆڕاوە جگە لە: لاوازی، ترس و مردنێکی بێ ئومێدانە. بەھێزی، توانا و ئازایەتی ئێستا لەدایکبوو… من لەدژی ھیچ کەسێک نیم، و لێرەش نیم بۆ تۆڵەکردنەوە لە تاڵیبان و یان ھەر گرووپێکی تیرۆریستی دیکە. من لێرەم بۆ مافی خوێندنی ھەر منداڵێک. خوێندنم دەوێت بۆ منداڵە کوڕ و کچەکانی تاڵیبان و ھەموو تیرۆریستەکان و تووندڕەوەکان.[127]
مەلالە چەندینجار چەپڵەڕێزان کرا. بان کی موون، کە قسەکەری دانیشتنەکەش بوو، لە وەسفی مەلالە وتی «پاڵەوانەکەمان».[126] لە دانیشتنەکە، مەلالە پڕۆژەی کۆمەڵەی «ئەو خوێندنەی ئێمە دەمانەوێت» ڕاگەیاند،[129] دواتر لەبەرامبەر ئامادەبووەکان وتی:
ڕۆژی مەلالە، ڕۆژی من نییە. ئەمڕۆ ڕۆژی ھەر ژنێک، ھەر کوڕێک و کچێکە کە دەنگیان بەرزدەکەننەوە بۆ مافەکانیان.[130]
حکوومەتی پاکستان، ھیچ بۆچوونێکی لەسەر دەرکەوتنی مەلالە دەرنەبڕی، لەبەرامبەردا میدیای پاکستانی بەتووندی لەدژی ئەو وەستانەوە.[131][132]
مەلالە لە ڕۆژی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبێل |
لە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤، ڕاگەیەندرا کە مەلالە بەھاوبەشی خەڵاتی نۆبێل لە ئاشتی وەردەگرێت، لەبەرامبەر ئەو زەحمەت و ئازارانەی چەشتی بۆ بەرگریکردن و وەرگرتنی مافی منداڵان و لاوان ھەروەھا مافی خوێندن بۆ منداڵان. بەوەرگرتنی خەڵاتی نۆبێل، لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا بووە بچووکترین وەرگری خەڵاتەکەیە.[14][15][16] مەلالە خەڵاتەکەی بەھاوبەشی لەگەڵ کایلاش ساتیارتی، چالاکوانی مافەکانی منداڵان لە ھیندستان وەرگرت.[133] ئەو بووە دووەم پاکستانی کە ببێتە براوەی خەڵاتی نۆبێل، لەدوای فیزیکزانی پاکستانی، محەممەد عەبدولسەلام لە ساڵی ١٩٧٩.[134]
لەدوای وەرگرتنی خەڵاتەکە، مەلالە لەلایەن کەسانێکەوە ستایش کرا، لەبەرامبەریشدا ھەندێ کەس ڕازینەبوون بەو بڕیارە.[135][136] دادوەری نەرویژی فرێدریک ھیفەرمیل، لەمبارەیەوە وتی «ئەو خەڵاتە بۆ ئەو کەسانە نییە کە باشن، و کاری باشە دەکەن و دڵخۆشن بەوەرگرتنی. ئەوەی نۆبڵ دەیەوێت پەیامی دانانی چەکە.»[137]
لەکاتی وەرگرتنی خەڵاتەکە، ئەدان کۆرتس، قوتابییەک لە مەکسیکۆ ستی، ڕێوەڕەسمەکەی ڕاگرت، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لەسەر کردەی بەکۆمەڵفراندنی خەڵک لە مەکسیکۆ، بەڵام دواتر لەلایەن پاسەوانانی ھۆڵەکە دۆخەکە ئاسایی کرایەوە. دواتر مەلالە ئەو کێشەیەشی خستە نێو قسەکانی و وتی «کێشە لە مەسکیک ھەیە، کێشەی دیکە لە ئەمریکا ھەیە، تەنانەت لێرە لە نەرویژ و بەڵام ئەوەی گرنگە لێرە کە منداڵان دەنگی خۆیان بەرزبکەنەوە.»[138]
لە ئازاری ٢٠١٨، مەلالە لەبەرنامەکەی دەیڤد لیتەرمان لە تۆڕی نێتفلێکس بەناوی 'میوانەکەم ناساندنی ناوێ' بەشداربوو. لەبەرنامەکە، مەلالە باسی تاڵیبانی کرد، ئاماژەی بەوەدا کە ئەو گرێ دەروونییەی تاڵیبان بەرامبەر ژنان ھەیانە بەھۆی بەھەڵە فێرکردنیانە لە ئیسلام.[139] لەبەرامبەر باسی ھێرشکردنە سەری، ئەوا مەلالە وتی «من ئەوانم بەخشیوە، چونکە ئەوە باشترین چەکی تۆڵەکردنەوەی منە.» لەبارەی ئەو کەسەی کە ھێرشی کردە سەری ئەوا وتی «ئەو وایدەزانی کە کارە ڕاستەکە دەکات.»[140]
دواتر لەبارەی سەرۆککۆماری ئەمریکا، دۆنالد تڕەمپ وتی «ھەندێ لەشتەکان بۆمن زۆر بێ ئومێدانەبوون، وەک بابەتی ھەراسانکردنی سێکسی و قەدەغەکردنی ھاتنی موسڵمانان بۆ ئەمریکا و ڕەگەزپەرستی.» ھەروەھا ڕەخنەی لە حکوومەتی تڕەمپ گرت کە بودجەی خوێندنی کەم کردووەتەوە، لەمبارەیەوە وتی کە خوێندن یەکەم ھەنگاوە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی و ھەژاری.
لە ئازاری ٢٠١٣ بۆ تەممووزی ٢٠١٧، قوتابی بووە لە ئامادەیی ئێدگباستن لە بێرمینگھام.[18] لە ئابی ٢٠١٥، نمورەی ٦ئەی ھێنا لە تاقیکردنەوەی ئاستی گی سی ئێس ئی.[141] لە ئاستی ئەی، مەلالە لە وانەکانی جوگرافیا، مێژوو، ماتماتیک و زانستە ئاینییەکان خوێندی.[142] ھەروەھا داواکاری پێشکەشکرد بۆ خوێندن لە کۆلێژی ئابووری لەندەن، مەلالە لە (لەیدی مارگرێت ھال، ئۆکسفۆرد) چاوپێکەوتنی لەگەڵ کرا، لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٦، داواکارییەکەی بەمەرج قبووڵکرا بەھۆی خوێندنی لە ئاستی ئەی؛ کە یابی ٢٠١٧، لە بەشی فەلسەفە سیاسەت و ئابووری وەرگیرا.[142][143]
پێشوازییەکان لە مەلالە، لە پاکستان بەگشتی نەرێنی بوون. قسەکانی مەلالە لەدژی تاڵیبان، ئەوا نەیاری بۆ ئەو دروست کرد لە ناوچەکانی تاڵیبان.[144][145] ستوونووسێک لە دەزگای داون، نووسی کە مەلالە لەلایەن حکوومەتە شکستخواردووەکەی پاکستان بەکاردێت،[144] ھەروەھا ڕۆژنامەنووسێک لە زە نەیشن نووسی، کەسە «بەناو نیشتمانپەروەرەکان» ڕقیان لە مەلالەیە بەتایبەت لەھەر سەرھەڵدانێکی ژنانە لە پاکستانەوە بێت.[145] بۆچوونەکانی مەلالە ناکۆکبوون لەگەڵ ڕوانینی ھێزەکانی پاکستان لەمەڕ دەستێوەردانەکانی ڕۆژاوا، ھەروەھا کۆنەپارێزەکان و ئیسلامییەکان پێیان وابە ئایدۆلۆژیای مەلالە دژە لەگەڵ پاکستان و ئیسلام.[146][147]
لە ساڵی ٢٠١٥، کتێبی من مەلالەم لەھەموو قوتابخانە تایبەتەکانی پاکستان قەدەغەکرا، ھەروەھا کتێبێکیش بەناوی «من مەلالە نیم» لەلایەن میرزا خاشیف عەلی بڵاوکرایەوە، سەرۆکی فدریاسیۆنی قوتابخانە تایبەتەکان.[148] کتێبەکە، مەلالەی تۆمەتباردەکرد بە ھێرشکردنە سەر سوپای پاکستانی لەژێر ناوی خوێندنی کچان، ھەروەھا باوکی مەلالەشی بە خۆفرۆش و ھەواڵگری بیانی ناساند، ڕێکخراوەکەی مەلالەشی وەک پرۆسەی خوێندنی سێکولاریزم لە قەڵەمدا. دواتر عەلی وتی «ئێمە لەدژی ئەو نین، بەڵکوو دژی ئەو ئایدۆلۆژیایەن کەبەسەر ئێمە دەسەپێندرێت.»[149]
دواتر بیردۆزی پلانگێری لە ڕۆژنامە و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەربارەی مەلالە بڵاودەکرایەوە، لەوانەش ھەوڵی کووشتنی تەنیا سیناریۆیەکە، ھەروەھا ناوبراو ھەواڵگری دەزگای ھەواڵگری ناوەندیی ئەمریکایە.[94] زۆرێک لە خەڵکی پاکستان، مەلالەیان وەک کەسێکی ھەواڵگری ڕۆژاوا دەبینی،[150] بەھۆی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبێل، خوێندن لە ئۆکسفۆرد و مانەوەی لە ئینگلتەڕا.[151] یەکێکی دیکە لەو بیردۆزانەی کە باس دەکرا، مەلالە ھەواڵگری جوولەکەیە.[146][151] مەلالە بەگشتی لەلایەن میدیای پاکستانییەوە پشتگیری نەکراوە؛ فەرمان نەواز پێی وایە کە مەلالە لەناوخۆی پاکستان خۆشەویستییەکی زیاتری دەبوو ئەگەر پەنجابی بووایە. ئەم بۆچوونە ھیچ گرنگییەکی میدیایی نەبوو لە پاکستان، بەڵام لە ڕۆژنامەی دەیلی ئاوتلووکی ئەفغانستان بڵاوکرایەوە.[152] سەرباری ئەوانەش، لای ھەندێ خەڵکی پاکستانی ئەوا مەلالە سیمبوڵی ئازایەتییە.[146]
لە ٢٩ی ئازاری ٢٠١٨، مەلالە بۆیەکەمینجار گەڕایەوە پاکستان لەدوای بریندارکردنی. لەسەردانەیەکدا، چاوی بە شاھید خاقەن عەباسی، سەرۆکوەزیرانی پاکستان کەوت.[153] مەلالە وتی ئەوە خەونی من بووە کە «بەبێ ترس بگەڕێمەوە».[154] ھەر لەسەردانەکەیدا، مەلالە سەردانی زێدی خۆی لە مینگۆرا، لە دۆڵی سوات کرد.[155] فیدراسیۆنی قوتابخانە تایبەتەکان، لە ٣٠ی ئازار ناڕەزاییان دەربڕی بەدرووشمی «من مەلالە نیم».[148] لەوەڵامی ناڕەزایییەکان مەلالە وتی «من شانازی بە ئایینی خۆم دەکەم، ھەروەھا شانازی بەوڵاتەکەشم دەکەم.»[147]
لە ٧ی ئابی ٢٠١٩، دوای ئەوەی حکوومەتی ھیند قەوارەی جام و کەشمیری وەک ویلایەتیک ھەڵوەشاندەوە، ئەوا مەلالە نیگەرانی خۆی دەربڕی لەبارەی ئەم باروودۆخە، ھەروەھا داوای لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کرد، ئاشتی لە کەشمیر بەرپا بکەن.[156] لە ١٤ی ئەیلوولی ٢٠١٩، مەلالە توویتێکی کرد کە قسەی زۆری بەدوای خۆیدا ھێنا، لە توویتەکە مەلالە باسی ئەوەیکرد کە کچێکی کەشمیری پێ گوتووە «من ھەست بەبێ ئومێدی دەکەم و دڵتەنگم چونکە ناتوانم بچمە قوتابخانە. من تاقیکردنەوەکانی ڕۆژی ١٢ی ئابم لە کیس چووە و ھەستدەکەم داھاتووم ناڕوونە.»[157][158] لە توویتەر، خەڵک وەڵامیان دایەوە کە ١٢ی ئاب، ڕۆژی جەژنی قوربان بووە لە ھیند، بۆیە لەو ڕۆژە تاقیکردنەوە نەکراوە.[159] ئەندام پەرلەمانێکی حیزبی بی جی جی، سۆبھا کارندایی وەڵامی مەلالەی دایەوە، ھەروەھا پێشنیاری بۆ مەلالە کرد کە بچێتەوە پاکستان، بۆئەوەی چەند کاتێک لەگەڵ کەمایەتییەکان بەسەربەرێت.[160] مەلالە تۆمەتبارکرا کە دەیەوێت ئەجێندای پاکستانی بەسەر کەشمیر بسەپێنێت.[161]
نووسەری پاکستانی-کەنەدی تاھیر ئەسلام، ڕەخنەی لە مەلالە گرت و پرسی: "ئایا ھەرگیز قسەت لەگەڵ پارێزەر و چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ کردووە کە ئاگاداری ڕەوشی بەلۆچ، پاشتون، موھاجیر و سیندن؟ ئەجێندای تۆ چییە لە کەشمیر؟"[162] ستوونووسی بەریتانی کەیتی ھۆپکینز، ڕەخنەی لەبێدەنگی مەلالە گرت لەسەر کووژرانی نەمریتا چاندنی، کچە خوێندکارێکی پزیشکی لە پاکستان، کە کەسێکی ھیندووی-سیندی بوو. کەیتی نووسی: "کچێکی دیکەی ھیندوو کووژرا لە پاکستان. لەپڕدا ھەموو جیھان کەڕ و لاڵ بوون. مەلالە تۆ لەکوێیت؟ پشیلە زمانی خواردوویت؟."[163]
یادەورییەکانی مەلالە لە کتێبی «من مەلالەم: چیڕۆکی کچێک کە وەستا بۆ خوێندنی و لەلایەن تاڵیبانەوە تەقەی لێکرا» کە لە نووسینی ھاوبەشی مەلالە لەگەڵ نووسەر و ڕۆژنامەنووسی بەریتانی، کریستینا لامب، لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ لەلایەن (لیتڵ، برۆون ئەند کۆمپەنی) لە ئەمریکا بڵاوکرایەوە.[164] فاتیمە بوتۆ، لە پێداچوونەوەی کتێبەکەدا وتی «چاونەترسە» ھەروەھا نووسیشی «نەیاران و ئەو کەسانەی کە بەدوای بیردۆزی پلانگێڕین، گرنگە ئەم کتێبە بخوێننەوە.»[165] ماری ئارانا بۆ واشینگتن پۆست نووسی «قورسە خەیاڵی مێژووی جەنگ بکەیت، کە تا چ ئاستێکی وا گەیشتووە، ئەمەش دوور لەبەرچاوگرتنی چیڕۆکەکانی ئان فڕانک.»[166]
دواتر لە ساڵی ٢٠١٤، چاپێکی تایبەت بۆ منداڵان لەبارەی یادەوەرییەکانی مەلالە بڵاوکرایەوە لەژێر ناونیشانی «من مەلالەم: چیڕۆکی کچێک کە وەستا بۆ خوێندن و گۆڕینی جیھان».[167] بەپێی پەبلیشەر ویکلی بێت، کتێبەکە ٢ ملیۆن چاپی فرۆشرا، کە ٧٥٠ ھەزاریان چاپی منداڵییەکە بوو.[168]
لە ساڵی ٢٠١٥، فیلمێکی بەڵگەنامەیی، لەسەر ژیانی مەلالە بەرھەمھات بەناوی «ناوی نام مەلالە»، دواتر بووە پاڵێوراوی خەڵاتەکانی ئۆسکار لە پۆلینی فیلمی بەڵگەنامەیی.[169] لە ساڵی ٢٠١٧، فیلمێکی ھیندی لەسەر ژیانی مەلالە بەرھەمھێنرا، ڕیم سەمیر شێخ ڕۆڵی مەلالەی گێڕا.[170]
لە ئازاری ٢٠١٨، کتێبێکی دیکەی مەلالە ڕاگەیەندرا لەژێر ناونیشانی «ئێمە بێ ماڵکراین: چیڕۆکە ڕاستەقینەکانی ژیانی پەنابەران»، کتێبەکە لەلایەن (لیتڵ، برۆون ئەند کۆمپەنی) بڵاوکرایەوە. کتێبەکە لەسەر پەنابەرانە، ھەروەھا ھەندێک لە چیڕۆکەکانی لەسەر ژیانی خودی مەلالە و ئەو کەسانەی لەژیانیدا بینیویەتی وەرگیراون.[171] دواتر ڕاگەیەندرا، قازانجی کتێبەکە دەدرێتە ڕێکخراوی خێرخوازی مەلالە فەند.[172] کتێبەکە لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ بڵاوکرایەوە.
مەلالە لەئاستی ناوخۆ و جیھان چەند خەڵاتێکی پێدراوە لەبەرامبەر چالاکییەکانیز
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.