ئیسکیمیا
بریتیە لە ئاڵنگاری لە ڕۆیشتنی خوێن بۆ شانەکان، کە دەبێتە هۆی کەمی ئۆکسجین و گلوکۆز / From Wikipedia, the free encyclopedia
ئیسکیمیا (بە ئینگلیزی: Ischemia یان Ischaemia) بریتییە لە نەتوانینی دابینکردنی بڕی پێویستی خوێن بۆ ھەر شانەیەک، گروپێکی ماسولکەیی، یان ئەندامێکی جەستە، ئەمەش دەبێتە ھۆی کەمی ئۆکسجین کە پێویستە بۆ میتابۆلیزمی خانەیی (بۆ ئەوەی شانەکان بە زیندووی بھێڵنەوە).[1][2] ئیسکیمیا بەگشتی بەھۆی کێشەی خوێنبەرەکانەوە دروست دەبێت، سەرەڕای زیان بەرکەوتن یان تێکچوونی فرمانی شانەکان وەک کەمی ئۆکسجین و تێکچوونی کارکردنی وردە خوێنبەرەکان.[3][4] ھەروەھا ئاماژەیە بۆ کەمی ئۆکسجینی ناوچەیی لە بەشێکی جەستەدا کە لە ئەنجامی تەسکبوونەوە (وەک تەسکبوونەوەی خوێنبەرەکان، ترۆمبۆزیس، یان ئیمبۆلیزم) دروست دەبێت. ئیسکیمیا نەک تەنھا دەبێتە ھۆی کەمی ئۆکسجین، بەڵکو کەمبوونەوەی بەردەستبوونی ماددە خۆراکییەکان و ناتەواوی لە لابردنی پاشماوەی زیندە چاڵاکییەکان. ئیسکیمیا لەوانەیە کەمێک بێت (خوێن دانی خراپ)یان گیرانی تەواوی لولەخوێنەکە. گەیاندنی ناتەواوی خوێنی پڕئۆکسجین بۆ ئەندامەکان دەبێت چارەسەر بکرێت، جا بە چارەسەرکردنی ھۆکاری گەیاندنی ناتەواو یان کەمکردنەوەی پێویستی ئۆکسجینی ئەو کۆئەندامەی کە پێویستی پێیەتی. بۆ نموونە ئەو نەخۆشانەی کە تووشی ئیسکیمیای ماسوولکەکانی دڵ بوون، ڕۆیشتنی خوێنیان بۆ دڵ کەمدەبێتەوە و دەرمانیان بۆ دەنووسرێت کە خێرایی و گرژبوونی ماسوولکە کەمدەکەنەوە بۆ گونجاندن لەگەڵ ئەو ئاستە نوێیەی گەیاندنی خوێن کە لەلایەن خوێنبەرە تەسکبووەکانەوە دابیندەکرێت.