جیاکردنەوەی نەژادیی شێوە جیاکردنەوەیەکی سیستماتیکی دانیشتوانە لەسەر بنەمای نەژادیی یان کۆمڵە ڕەگەزە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگە. دەکرێت ئەم جیاکردنەوەیە بسەپێنرێت لە بوار و چالاکییە جیاوازەکانی ژیانی رۆژانەدا وەک نانخواردن لە چێشتخانەیەک، ئاو خواردنەوە لە حەوزی ئاوخواردنەوەیەک، بەکارھێنانی ئاودەست، چوون بۆ قوتابخانە، تەماشاکردنی فیلم، سواربوونی پاس یان کڕین و بەکرێ گرتنی خانوبەرە.[1] (ئەنجومەنی ئەوروپی دژی جیاکردنەوە و دەمارگیری) پێناسەی جیاکردنەوە دەکات بە «ئەو کردەیەی یەکێک (یاسایی یان ئاسایی) ھەڵدەستێت بە جیاکردنەوەی کۆمەڵە کەسێک لەسەر چەند بنەمایەک بەبێ بوونی ھیچ ئامانج و پشت ڕاستکردنەوە و ھۆکارێکی ژیربێژییانە» و ئەم پێناسەیەش دەگونجێت لەگەڵ پێناسەی جیاکاری کردن دا.
بۆیە کردەی جیاکردنەوەی یەکێک لە کۆمەڵە کەسێکی دی لەسەر چەند بنەمایەک بە شێوازێکی خۆویستانە ھیچ ماف و یاسایی بوونێک نابەخشێت بە کردەکە.[2] بەشێوەیەکی گشتنی جیاکردنەوەی نەژادی نایاساییە و قەدەغەکراوە و سەرەڕای نەبووی ھیچ ویستێکی تاکەکەسی بەھێز بۆی بەڵام ھێشتا دەکرێت بوونی ھەبێت و ڕووبدات لەڕێی دابونەریتی بەدی کۆمەڵایەتییەوە وەک تۆماس شێڵینگ باسی دەکات لە کارەکانی دا دەربارەی بابەتەکە.
جیاکردنەوەی نەژادیی دەکرێت جیاکردنەوەی نەتەوەیی و ڕەگەزە جیاوازەکان لەخۆبگرێت لە شوێن و دامەزراوە جیاوازەکان دا و ھاونیشتمانیان ناچاربکات بە بەکارھێنانی ناوەندەکانی وەک خوێندنگە و نەخۆشخانە و شوێنە گشتییەکان بەپێی شوێنی تایبەتی نیشتەجێ بوونیان.
ئەڵمانیا
لە سەدەی پانزدەھەم دا لە باکووری رۆژھەڵاتی ئەڵمانیا، کەسە بەڕەسەن سلاڤ و سلاڤیە کۆچبەرەکانی نزیک ئەڵمانیا ڕێگەیان پێ نەدەدرا ببنە ئەندام لە ھەندێک لە یەکێتی و کۆمەڵەکان دا.[3] بەپێی ویڵھەم ڕابیی لە سەدەی ھەژدەھەم تەنانەت یەک یەکێتی و کۆمەڵە بوونیان نەبوو کە ڕێگە بە ئەندامبوونی سلاڤیە کۆچبەرەکانی نزیک ئەڵمانیا بدەن.[4]
ئەڵمانییەکان ڕەگەزپەرستییە دەستوورییەکەی ئەمریکایان بە پەسەند دەزانی ھەر وەک چۆن لە کتێبەکەی ھیتلەردا بە ناونیشانی (تێکۆشانی من – جەنگی من - Mein Kampf) دەردەکەوێت و پارێزەرە نازییە توندڕەوەکان لایەنگری بەکارھێنانی ئەو نموونە ئەمریکییە بوون لەسەر ڕەگەزپەرستی و جیاکاریی و لەسەرەتای ساڵانی ١٩٣٠ کان دا دەستیان کرد بە جێبەجێ کردنی ڕێکارە ھاوشێوەکان.[5] دواتر بەمەبەستی پاراستن و ھێشتنەوەی نەژادی ئاری بە پاکی و ڕەسەنی یاسای قەدەغەکردنی ھاوسەرگیری و پەیوەندی سۆزداری ھاتەکایەوە لە نێوان ئەو کەسانەی بە «ئاری» و «نا ئاری» ناسێنرابوون و ھەر پەیوەندییەک لەو جۆرە بە «پیسکردنی ڕەگەز» ھەژماردەکرا و سزاکەی بۆ کەسی ئاری بەندکردن بوو لە کۆمەڵگە زۆرەملێیەکان و بۆ کەسی نا ئاری لە سێدارەدان بوو. لە سەرەتادا ئەم یاسایە تەنھا جولەکە و کۆچبەرە رۆمەکان و ڕەش پێستەکانی دەگرتەوە[6] بەڵام دوای ھەڵگیرسانی جەنگ نازییەکان فراوانیان کرد دژی ھەموو ڕەگەزە بیانییەکان (نا ئەڵمانییەکان).[7]
لە ساڵی ١٩٤٠ لەژێر فەرمانی (حوکمەتی گشتی) وڵاتی پۆلۆنیای داگیرکراودا، نازییەکان دانیشتوانەکەیان دابەشکرد بەسەر چەند کۆمەڵەیەکی جیاوازدا و پۆلێنیان دەکردن لەسەر بنەمای رێژەی ھەبوونی «پێکھاتەی ئەڵمانی» تێیاندا. ھەر کۆمەڵەیەک مافی جیاوازی ھەبوو لە بەشە خۆراک، مافی نیشتەجێ بوون و خانووبەرە و بەکارھێنانی ئامرازەکانی گواستنەوە دا.
ئەو جوولەکانەی لە ناوچەی نازییەکان دا دەژیان ناچاردەکران بە لەبەرکردنی پارچە قردێڵەیەکی زەرد، پزیشکە بەڕەگەز جولەکەکان نەیاندەتوانی نەخۆشە ئارییەکان چارەسەر بکەن و مامۆستا جولەکەکانیش مافیان نەبوو خوێندکارە ئارییەکان فێربکەن و ھەروەھا تەنھا مافیان ھەبوو بازاربکەن لە نێوان کاتژمێرەکانی ٣ بۆ ٥ ی ئێوارە دا.
لە ھۆلۆکۆست دا، جوولەکە و رۆمە کۆچبەرەکان دووچاری کۆمەڵکوژی و لەناوبردنی بەکۆمەڵ دەبوونەوە بەھۆی ناساندنیان وەک کۆمەڵە نەژادییە نەخوازراو و ناپەسەندەکان. نازییەکان ھەڵدەستان بە بنیادنانی کۆمەڵگە ھەژارەکان بۆ لەچوارچێوەدانی جولەکە و رۆمە کۆچبەرەکان لە ناوچە قەرەباڵغ و بچووکەکان دا لە شارەکانی رۆژھەڵاتی ئەوروپادا و دواتر گۆرینیان بۆ کۆمەڵگە زۆرەملێکان. گەورەترین کۆمەڵگەی ھەژاری کۆمەڵگەی وارشۆ بوو کە ٤٠٠ ھەزار کەسی لەخۆدەگرت و دواتر بە پلەی دووەم کۆمەڵگەی ئوچ کە ١٦٠ ھەزار کەسی لەخۆدەگرت.[8]
ئەڵمانیای نازی خەڵکانی رۆژئاوای ئەورووپا، پۆلۆنیا و رۆژھەڵاتی ئەوروپایان وەک کرێکارە زۆرەملێکان بەکاردەھێنا بەھۆی دانانیان بە نەژادیی نەخوازراو و ناپەسەند. لە نێوان ساڵانی ١٩٣٩ بۆ ١٩٤٥ دا، بەشێوەیەکی گشتی نزیکەی ١٢ میلیۆن کەس کاری زۆرەملێیان پێ کراوە لە ئەڵمانیان نازی دا و نزیکەی ١. ٥ میلیۆن لە دانیشتوانە پۆلەندییەکان گوێزراونەتەوە بۆ ڕایخ (دەوڵەتی ئەو کاتەی ئەڵمانیا) بەمەبەستی کارکردنی زۆرەملێیانە پێیان.[9] پۆڵۆنییەکان تەنانەت ناچار دەکران بە لەبەرکردنی نیشانەیەکی پیتی "پ - P" لەسەر پۆشاکەکانیان بەمەبەستی جیاکردنەوە و ھێمایەک بۆ نەبوونی توانای بەکارھێنانی ئامرازەکانی گواستنەی گشتی.
سەرچاوەکان
Wikiwand in your browser!
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.