From Wikipedia, the free encyclopedia
منداڵانی کار ئاماژە بە کارپێکردنی زۆرەملی بە منداڵانی ژێر تەمەنی ١٨ ساڵ دەوترێ کەببێتە ھۆی ئەوەی منداڵ لە سیستمی پەروەردە وخوێندن و قوتابخانە دووربکەوێتەوە و جگە لەمەش تەمەنی منداڵی بە فیڕۆ بڕوات و مافەکانی منداڵ بوون لەدەست بدات. ھەروەھا بە ھۆی کارکردنیەوە لە باری جەستەیی، دەروونی، ئەخلاقی و کۆمەڵگایی ئازاری پێبگات و تووشی خەسار ببێت.[1]
ئیشکردن بە منداڵان لە لایەن زۆربەی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانەوە قەدەغە کراوە و وەک تاوان ئەژمار ئەکرێت.[2]
ھەموو جۆرە کارێک بە کاری زۆرەملی بۆ منداڵانئەژمار نەکرێت، بۆ نموونە کارگەلێک وەک: ئیشی ھونەری و فێرکاری لە پۆلە تایبەتەکاندا، کارکردن لەبەردەست باوکدا لە ڕۆژانی پشوودا.[3][4][5]
منداڵانی کار لە کاتە جیاوازەکانی مێژوودا کاریان لێکێشراوەتەوە. پێش ساڵەکانی ١٩٤٠ منداڵانێکی زۆر لە تەمەنکانی ٥ بۆ ١٤ ساڵلە ئەورووپا، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئامریکا و وڵاتە داگیرکراوەکانی دەستی ھێزە ئەورووپییەکان دا لە مەزرا کشتوکاڵیەکان و بیناسازی، کارگە و کارخانەکان، کانەکان (وەک کانی بەرد و خەڵوز و زێر و ھتد)، فڕۆشتنی ڕۆژنامە. کارکردنی شەوانە بە شێوەی ١٢ کاتژمێری لە کارگەکاندا تا کازیوە، کاریان پێکراوە.[6][7]
لە وڵاتانی لە حاڵی پێشکەوتندا کە ڕیژەی نەداری و نەبوونی ھەڵی خوێندن بەڕچاوە، دیاردەی منداڵانی کار بەربڵاوترە. لە لە ساڵی ٢٠١٠ دا وڵاتانی ئەفریقای ڕەش زۆرترین ڕێژەی منداڵانی کاری تیا تۆمار کراوە، لەم وڵاتانە لەگەڵ چەندین وڵاتی تری ئەفریقایی رێژەی لە سەدا ٥٠ی منداڵانی ٥ بۆ ١٤ ساڵ خەریکی ئیش کردنن.[9]
بە پێی ئامارەکانی بانکی جیھانی ڕێژەی دیاردەی منداڵانی کار لە دنیادا لە نێوان ساڵەکانی ١٩٦٠ بۆ ٢٠٠٣ دا ١٠ بۆ ٢٥ لەسەد نزم بوونەوەی بوخۆیەوە بینیوە.[10] بەم پێیەش ھێشتا کۆی گشتی منداڵانی کار لە دنیادا لە ئاستێکی بەرزدایە. بە وتەی یونیسێف و ڕێکخراوەی نێونەتەوەیی کار لە ساڵی ٣٠١٣ دا، ١٦٨ ملوێن منداڵی تەمەن ٥ بۆ ١٧ ساڵ لە سەرانسەری دنیادا گیرۆدەی دیاردەی منداڵانی کار بوون.[11]
لە درێژایی شۆڕشی پیشەسازیدا منداڵانی تەمەن ٤ و تەنانەت منداڵتریش لە کارگەو کارخانەکاندا لە ھەلومەرجێکی نالەبار و مەترسیدار و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کوشندە کاریان دەکرد.[12] بە پێی ئەم تێگەیشتنە بەکارھێنانی منداڵان وەک کرێکار لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان وەک پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دێتە ئەژمار و قەدەغە کراوە، لەحاڵێکدا ھەندێک لە وڵاتە فەقیرەکان لەوانەیە رێگە بدەن یان بێدەنگ بن بەرانبەر بە کاری منداڵان. دیاردەی منداڵانی کار دەتواندرێت پێناسە بکرێت بۆ ئەو منداڵانەی کەمترین تەمەنی یاساییان ھەیە و بە شێوەی تەواو-کاتی[13] کار دەکەن.
بەپێی ئامارەکان زیاتر لە 250 ملیۆن کەس لەو منداڵانەی (5 بۆ 14 ساڵ) کە تەمەنیان نەگەیشتۆتە تەمەنی یاسایی بۆ کار کردن و کار دەکەن لە وڵاتانی پەرەئەستێندان. ئەگەر کۆتایی تەمەنی منداڵی بەپێی جاڕنامەی مافەکانی منداڵ ژێر 18 ساڵان بەرچاو بگرین، ساڵی 2002 زیاتر لە 350 ملیۆن منداڵ و تازەلاو لەباتی خوێندن کاریان کردووە.
لە ئێرانیشدا هەژماری منداڵانی کار لەبەر هۆکاری جۆراوجۆر ڕوو لە زیادبوونە بەڵام ئامارێکی تەواو لەسەر ئەو منداڵانە بەردەست نییە. لە تاران ئاماری زیاتر لە 20 هەزار منداڵی کار پشتڕاست کراوەتەوە. بەپێی خەمڵاندنی ڕێکخراوەی جیهانیی کار ساڵی 1995 زیاتر لە سەتا 71.4ی منداڵانی نێوان 10 بۆ 14 ساڵی ئێرانی لە باری ئابوورییەوە چالاکن.
بەپێی سەرژمێری ساڵی 1375ی کۆچیی هەتاوی سەتا 4ی ئاپوورەی ئیشکەری ئێران تەمەنیان 10 بۆ 14 ساڵە. بەپێی هەمان ئامار ئاپوورەی ئیشکەری ئێران 5.14 ملیۆن کەس بووە کە سەتا چواری دەبێتە نزیکەی 300 هەزار کەس. ساڵی 1375ی کۆچیی هەتاوی نزیکەی 380 هەزار منداڵی تەمەن 10 بۆ 14 ساڵ لە ئێراندا ئیشی بەردەوامیان هەبووە.
لە ئێران ئامارێکی تەواو لە ژمارەی منداڵانی کار بوونی نییە چونکە پێناسەیەکی دیاریکراو بۆ منداڵانی کار دیاری نەکراوە و ئامارەکان جۆراوجۆرن و زۆر جار یەک ناگرنەوە. بەپێی سەرژمێری ساڵی 1385ی کۆچیی هەتاوی نزیکەی یەک ملیۆن و حەوتسەد هەزار منداڵ بەشێوەی ڕاستەوخۆ کار دەکەن. لە ئێرانیشدا وەک زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی ژمارەی منداڵانی کار ڕووی لە زیادبوونە و فاکتەری وەک گەشەکردنی هەژاری، بەرزبوونەوەی ئاستی هەڵاوسانی ئابووری، جودابوونەوەی دایک و باوک، بەرزبوونەوەی خەرجی خوێندن، قەیرانە سروشتییەکانی ئەم دواییانە (وەک لافاو، بوومەلەرزە و هتد)، پەنابەرانی وڵاتانی دەوروبەر و شارە بێبەشەکان بۆ ئەو شارانەی دۆخیان باشترە وەک گرنگترین فاکتەرەکانی کارکردنی منداڵان لە ئێران ئاماژەیان پێدراوە.
بەپێی دوایین ئامارێک کە بەرپرسانی ئێرانی لە مانگی جۆزەردانی ساڵی 1398ی کۆچیی هەتاوی ڕایانگەیاندووە، تەنیا لە تاراندا نزیکەی 14 هەزار کەس بەناو زبڵەکاندا دەگەڕێن کە سێ یەکیان واتە 4 هەزار و حەوتسەد کەسیان منداڵن.
جۆزەردانی ساڵی 1398 بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ناوەندی ئامار و زانیارییە ستراتیژیکەکانی وەزارەتی تەعاون، کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتی بۆ ساڵی 1396ی کۆچیی هەتاوی زیاتر لە 336 هەزار کوڕ و 74 هەزار کچی تەمەن 10 بۆ 17 ساڵ خەریکی کارکردن بوونە و 89 هەزار منداڵیش بەدوای هەلی کاردا گەڕاون؛ واتە لەچاو ساڵی 95 سەتا 6 و سەتا 9.6 زیادبوونی بەخۆوە بینیوە. هەروەها بەپێی ئەم ئامارە ژمارەی منداڵانی نەخوێندەوار 251 هەزار کەس و ژمارەی ئەو منداڵانەی دەستیان لە خوێندن هەڵگرتووە 1.68 ملوێن کەسە.
تاران
شارەداری تاران دەڵێت نزیکەی نیو ملیۆن منداڵی کار لە تاران کار دەکەن و بەرەنگاری هەژاری دەبنەوە. هەژمارێکی بەرچاویان شارومەندی یاسایی ئێران نین. بەشێکیان لەسەر شەقامەکان خەریکی دەستفرۆشی یان گەڕان بەنێو زبڵەکاندان و یان فاڵ دەفرۆشن. بەرامبەر بە هەر 500 تارانی منداڵێک لەسەر شەقامەکاندا هەیە. ئەم ئامارە بۆ تەورێز یەک منداڵ بەرامبەر بە 16 هەزار کەسە.
شیکردنەوەی ئاماری تاران
هەژماری منداڵانی کار لە تاران بەشێوەیەکی بەرچاو لە شوێنەکانی دیکە زیاترە. لەو پلانە کورتخایەنانەی کە بۆ ئەم پرسە داڕێژراون، بەڕێوەبەرانی وەک شارەوانی، ڕێکخراوەی بێهزیستی و هێزە ئینتیزامییەکان زۆربەی ئەو منداڵانەیان کۆ کردۆتەوە و چاودێریان دەکەن. ڕاپۆرتەکان دەڵێن ئاپوورەی ئەو منداڵانە ڕوو لە زیادبوونە و کۆکردنەوە کاتییەکان ناتوانێ ڕێچارێکی تەواو بۆ ئەو پرسە بێت. ئەم تاقمە بەهۆی ئامادەبوونی بەردەوام لە شوێنە قەرەباڵغەکان و یان چالاکیکردن لە بواری دووبارەبەکارهێنانەوەی زبڵەکان مەترسییان لەسەرە و تووشی نەخۆشینی جۆراوجۆر دەبن.
کامیل ئەحمەدی توێژەر و مرۆڤناسی کورد کە لەسەر ئەم بابەتە واتە منداڵانی کار لە شاری تاران توێژینەوەی کردووە و دوو بەرهەمی لەسەر ئەم مژارە بە ناوەکانی "ئاسەواری چەوساندنەوە لە جیهانی منداڵی" و "تاڵانی منداڵی" هەیە، لەمبارەوە دەڵێت:
یەکێک لە گرنگترین شوێنهاتە نەرێنییەکانی ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە ئەوەیە کە دوابەدوای کۆکردنەوەی منداڵان لەسەر شەقامەکان و هەڕەشەلێکردنیان بۆ دەرکران (منداڵانی ئەفغانی)، خێرا دەچنە شوێن کارگە نهێنییەکان بە مووچە و پارەی زۆر کەمتر؛ واتە هەر هەڕەشەیەک کە لە منداڵانی سەرشەقام دەکرێت دەبێتە هۆی ئەوەیکە زۆرینەیان بەرەو کارگە نهێنییەکان بچن و ئەو شوێنانەش چاوەدێرییان لەسەر نییە. ئەم بابەتە بۆتە هۆی گەشەکردن و پتەوبوونەوەی پێگەی کارگە نهێنییەکان لە حاڵێکدا کە بازاڕ و کۆسیستەمی سەرمایەیش بەگشتی ئەم هێزە هەرزانەی پێ بەسوودترە و پێشوازی لە وەرگرتنیان دەکات.
کرماشان: بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوەی بێهزیستیی پارێزگای کرماشان 800 بۆ 1000 منداڵی کار ساڵی 2021 لەو پارێزگایە کاریان کردووە.
سنە: بەپێی ئامارەکانی ساڵی 2018 ژمارەی منداڵانی کار لە شاری سنە 183 کەس خەمڵێندراوە کە ئەڵبەت ئامارە فەرمییەکان ئەم ژمارەیان تا 500 کەسیش خەمڵاندووە چونکە بەشێک لەو منداڵانە لە ژێر چاوەدێری ڕێکخراوەی دیکە بێجگە بێهزیستین. ئازاد هاشمی بەڕێوەبەری ڕێکخراوەی خێرخوازی شەمیم لەوبارەوە دەڵێت وێڕای ئەمانەش ژمارەیەکی دیکەی منداڵان لە کارگەکان کار دەکەن و کۆی گشتی تا 2000 کەس بەرز دەبێتەوە.
ئیلام: ئامارەکانی ڕێکخراوەی بێهزیستی لە ساڵی 2022 ژمارەی منداڵانی کار لە پارێزگای ئیلام وەک 210 کەس دەخەمڵێنن.
ئازربایجانی ڕۆژئاوا: بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوەی بێهزیستی پارێزگای ئازربایجانی ڕۆژئاوا ساڵی 2022 و لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت لە مەودایەکی دوو ساڵەدا و لە دوو دەرفەتی جیاوازدا جارێک 50 منداڵی کار و جارێکی دیکەش 299 منداڵی کار کەوتوونەتە ژێر چاوەدێری ئەو ڕێکخراوەیە.
بەگوێرەی دوایین ئاماری منداڵپارێزی کوردستان، لە هەرێمی کوردستان هەزار و 248 منداڵ لە بازاڕ و شەقامەکاندا "کار دەکەن".
دهۆک 560 منداڵ
هەولێر 508 منداڵ
سلێمانی 180 منداڵ
هەڵەبجە 0 منداڵ
لەبارەی ناسنامەی منداڵانی "کارکەرەوە"، ئەندامێکیی دەستەی بەڕێوەبەری رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان دەڵێت، "زۆرینەیان ئاوارە یان پەنابەرن، بەشێکیشیان لە کۆچەرییەکانن؛ بەگشتی 92%یان خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن."
Seamless Wikipedia browsing. On steroids.
Every time you click a link to Wikipedia, Wiktionary or Wikiquote in your browser's search results, it will show the modern Wikiwand interface.
Wikiwand extension is a five stars, simple, with minimum permission required to keep your browsing private, safe and transparent.