پیرەمێرد
شاعیر و نووسەری کورد (١٨٦٧–١٩٥٠) / From Wikipedia, the free encyclopedia
پیرەمێرد یان حاجی تۆفیق بەگ بە ناوی تەواوی تۆفیق کوڕی مەحموود ئاغا کوڕی ھەمزاغای مەسرەفە (١٨٦٧ – ١٩ی حوزەیرانی ١٩٥٠)[1] شاعیر، نووسەر و ڕۆژنامەوانێکی کورد بوو. لە سلێمانی لەدایک بووە و لە لاویدا زانستی ئایینیی لەوێ خوێندووە. پیرەمێردیش بەو دەستوورە ھەر وەکو حاجی قادری کۆیی و نالی و مەحوی و مەولەوی و زێوەر، مزگەوت بە مزگەوت و شار بە شار گەڕاوە و لە ھەر شوێنێک ماوەیەک ماوەتەوە، پاش ئەوەی زۆربەی مزگەوتەکانی سلێمانی گەڕاوە و ئەوسا ڕووی کردووەتە مزگەوتەکانی شاری بانە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان.[2] شێخ مستەفای نەقیب و شێخ سەعیدی حەفید لە ١٨٩٨دا دەیبەن بۆ ئەستەمبوڵ. لەوێ لە کۆلێژی یاسا دەخوێنێت و لە حکوومەتی دەوڵەتی عوسمانیدا لە چەند پلەی میری و سیاسیدا دادەمەزرێت. لەدوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ١٩٢٥ و تێکچوونی بارودۆخ، دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و تا دوا ساتی ژیانی ھەر لەوێ خەریکی کاری وێژەیی و ڕۆژنامەوانی دەبێت. پیرەمێرد بەرھەمی وێژەییی زۆری ھەیە و زۆر خزمەتی ڕۆژنامەگەریی کوردیی کردووە. لە بواری ڕۆژنامەوانیی کوردیدا خزمەتێکی بەرچاوی کردووە، ھەندێک لەو خزمەتانە بریتیین لە دامەزراندنی ڕۆژنامەی ڕەسملی کاتب، ڕۆژنامەی کورد تەعاون و ترقی غزەتەسی، ڕۆژنامەی ژین و گۆڤاری ژین.
پیرەمێرد Pîremêrd | |
---|---|
ناوی خۆماڵی | حاجی تۆفیق بەگ |
لەدایکبوون | تۆفیق مەحموود ھەمزە ١٨٦٧ سلێمانی |
مردن | ١٩ی حوزەیرانی ١٩٥٠(١٩٥٠-٠٦-١٩) (٨٢–٨٣ ساڵ ژیاوە) سلێمانی |
پیشە | ڕۆژنامەنووس، شاعیر، نووسەر، قائیمقام و پارێزگار |
زمان | کوردی، تورکی و عەرەبی |
نەتەوە | کورد |
ڕەگەزنامە | عێراقی |
خوێندن | کۆلێژی یاسا |
شوێنی بڕوانامە | تورکیا |
بواری کارکردن | وێژە، یاسا، ڕۆژنامەوانی، ھۆنراوە |
کارە دیارەکان | ڕۆژنامەی ڕەسملی کاتب، ڕۆژنامەی کورد تەعاون و ترقی غزەتەسی، گۆڤاری ژین و ڕۆژنامەی ژین |
ھاوسەر | غەزالە خان |
منداڵەکان | نەژاد وەداد |