ڕەگەزپەرستی
ڕەگەزپەرستی یان جیاکاری لەسەر بنەمای نەژادی / From Wikipedia, the free encyclopedia
ڕەگەزپەرستی، نەتەوەپەرستی یان نەژادپەرستی (بە ئینگلیزی: Racism، ڕێیسیزم) بریتییە لە بیرۆکەی خۆبەزلزانی بەسەر ڕەگەز و نەژادێکی تردا کە زۆرجار دەبێتە ھۆی جیاکاری و ڕای پێشینەیی بەرامبەر بە خەڵکی بەھۆی ڕەگەز و نەژادیان. دەستەواژەی "ڕەگەزپەرستی" ناتوانرێت بەتەنھا پێناسەیەک شی بکرێتەوە.[1]
بیرۆکەی ڕەگەزپەرستی لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە پێی وایە دەتوانرێت مرۆڤەکان دابەش و پۆلێن بکرێن بەسەر چەند کۆمەڵەیەک دا بەھۆی جیاوازی لە ھەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتی و توانا خۆڕسکی و بیرۆکەی ڕیزبەندی کردنیان بەپێی پلە و پایەکانیان.[2] نموونە مێژووییەکانی ڕەگەزپەرستی ئاراستەکراو و رێکخراو، وەک: ھۆلۆکۆست، رێژمی ڕەگەزپەرستانەی باشوری ئەفریقا، کۆیلایەتی، جیاکاری کردن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی "ئەمریکا" و کۆیلایەتی لە ئەمریکای لاتین. ڕەگەزپەرستی بەھەمان شێوە بەشێک و بنچینەیەک بوو لە شێوازی کۆمەڵگەیی بۆ چەندەھا وڵات و ئیمپراتۆری داگیرکەر.
بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر جیاکاری ڕەگەزی، ھیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان دەستەواژەی "جیاکاری ڕەگەزی" و "جیاکاری نەژادی". پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر ڕوونی دەکاتەوە کە خۆ بەزل زانیین کە بەند بێت بە جیاوازی ڕەگەزیی لەڕووی زانستەییەوە ھەڵەیە، جێی ڕەخنەییە، نادادپەروەرانەیە لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە و ترسناکە. ھەروەھا ڕاگەیەنراوە کە ھیچ ھۆکار و پاساوێک نییە بۆ جیاکاری ڕەگەزی نە لە بیردۆزدا و نە لە کرداردا.[3]