ئێکستسی
دەرمانێکی کاریگەریی دەروونی / From Wikipedia, the free encyclopedia
ئێکستسی (بە ئینگلیزی: 3,4-Methylenedioxymethamphetamine؛ بە کورتکراوەیی بە MDMA ناودەبرێت) دەرمانێکە لە فۆرمی ئیمپاتۆجن–ئینتاکتۆجن، پۆلێک لە دەرمانە دەروونییەکان کە کاریگەری لەسەر کراوەیی کەسەکان دروست دەکات. دوو شێوەی ھەیە، حەبەکان لەناو خەڵکیدا بە ئێکستسی ناسراوە و کریستاڵەکە بە مۆلی یان ماندی ناسراوە.[1][2] دەرمانەکە بۆ مەبەستی کاتبەسەربردن و ڕابواردن بەکاردێت.[3] ھەندێک لە کاریگەرییەکانی ئەم دەرمانە پێکھاتوون لە گۆڕانی ھۆش، زیادبوونی وزە، لەگەڵ زیادبوون ھاوسۆزی و چێژ.[3][4] کاتێک لە ڕێگەی دەمەوە بەکاردێت، کاریگەرییەکان لە ماوەی ٣٠ بۆ ٤٥ خولەک دەست پێ دەکەن و تاکوو ٣ بۆ ٦ سەعات بەردەوام دەبن.[5][6]
ئێکستسی بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩١٢ لەلایەن کۆمپانیای مێرک، کۆمپانیایەکی زانست و تەکنۆلۆژیای ئەڵمانی، گەشەی پێدرا.[7] لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکان بۆ باشترکردنی چارەسەری دەروونی بەکاردەھێنرا و لە ساڵانی ھەشتاکاندەرمانێکی بەناوبانگی سەرشەقامەکان بوو.[8][9]ئێکستسیA ب ەگشتیلەو ئاھەنگانەدا بەکاردێت کەو مۆسیقای سەماکردنی ئەلیکترۆن لێدەدەنی.[10] لەوانەیە لەگەڵ ماددەی تر، وەک ئیفێدریان، ئەمفێتامین، و مێتامفێتامین تێکەڵ بکرێت.[8] لە ساڵی ٢٠١٦، نزیکەی ٢١ ملیۆن کەس لە نێوان تەمەنی ١٥ بۆ ٦٤ ساڵیدا ئێکستسیان بەکارھێناوە (٠٫٣٪ دانیشتووانی جیھان).[11] ئەمە بە شێوەیەکی بەربڵاو ھاوشێوەی ڕێژەی ئەو کەسانەیە کە کۆکاین یان ئەنفێتامین بەکاردەھێنن، بەڵام ڕێژەیەکی کەمترە بەراورد بە ماریوانا یان ئۆپیۆیدەکان.[11] لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ساڵی ٢٠١٧، نزیکەی ٧٪ی خەڵکی وتیان کە لایەنی کەم جارێک ئێکستسیان بەکارھێناوە لە ژیانیاندا، و ٠٫٩٪یان لە ساڵی ڕابردوودا (٢٠١٦) بەکاریان ھێناوە.[12]
کاریگەرییە نەرێنییە کورتخایەنەکان بریتین لە پێکدادانی ددانەکان، بینینێکی نادیار، ئارەق دەرکردن و خێرالێدانی دڵ، و بەکارھێنانی درێژخایەن لەوانەیە ببێتە ھۆی ئالوودەبوون، کێشەی بیرەوەری، پارانۆیا و دروستبوونی زەحمەتی لە خەو.[8] ھەندێک کەس بەھۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جەستەیان و وشکبوونەوەی جەستەیان گیانیان لەدەستداوە لەدوای بەکارھێنانی ئێکستسی. دوای بەکارھێنان، خەڵک زۆرجار ھەست بە خەمۆکی و ماندووبوون دەکەن.[8] ئێکستسی بەشێوەیەکی سەرەکی لەڕێگەی زیادکردنی چالاکییەکانی ڕاگوێزەرەدەمارەکانی سێرۆتۆنین، دۆپامین و نۆرادرینالین لە بەشەکانی مێشک کار دەکات.[8][9] دەرمانەکە سەر بە پۆلی دەرمانەکانی ئامفێتامینە.[13]
ئێکستسی لە زۆربەی وڵاتەکانی جیھان نایاسایییە و بەکارھێنانی پزیشکی لە تەنیا چەند وڵاتێکی کەم ھەیە.[14][15] بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ئێستادا ھەڵسەنگاندن بۆ دەرمانەکە دەکات بۆ بەکارھێنانی کلینیکی.[16] کەنەدا بە شێوەیەکی سنووردار ڕێگەی بە دابەشکردنی ئێکستسی و ماددەی تری وەژ سایلۆسیبین داوە.[17][18]